ڕۆژی پێنجشەمە 6 ی حوزەیرانی 2024، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.
لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان هەشت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستا دەگاتە (3917) فەرمانبەر، کە لە نێویشیاندا (368)یان کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و ڕادەستی تیمی هەژماری من کراوە. وەک وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/6/8
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.