Erbil 15°C سێشەممە 18 حوزەیران 15:22

پایسکلسواریی لە ھۆڵەندا بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتە

کوردستان TV
100%


پایسکلسواری، بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانی ھۆڵەندا، بەو پێیەی ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ھەر لە منداڵییەوە خۆیان فێر پایسکلسواری دەکەن و تا کۆتایی ژیانیان بەکاری دەھێنن.

ھۆڵەندا، یەکێکە لەو وڵاتانەی جیھان کە زۆرترین کەس لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، پایسکل بەکار دەھێن.

لەئێستادا لە ھۆڵەندا، کەسانی تەمەن حەوت ساڵ تا تەمەن 70 ساڵ پایسکل لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، بەکار دەھێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018دا، 3ی حوەزیرانی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیھانی پایسکلسواری ناساند، چونکە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بەکارھێنانی پایسکل لە ژیانی ڕۆژانەدا، سوودێکی زۆر بۆ جەستە ھەیە، ھەروەھا ئامرازێکی سادە، گونجاو و پاک و ژینگەدۆستە بۆ گواستنەوەی بەردەوام.

بەپێی توێژینەوەکان، بەکارھێنانی پایسکل لە ھۆڵەندا، بە ڕێژەی لەسەدا 42 بۆ کات بەسەربردن، لەسەدا 16 بۆ چوونە سەر کار، لەسەدا13 بۆ قوتابخانە، لەسەدا 23 بۆ بازاڕکردن، لەسەدا شەش بۆ مەبەستی دیکە، بەکار دەھێندرێت.

ھاوکات ھۆڵەندا ژێرخانی تایبەتی ھەیە بۆ پایسکلسواری، درێژی ڕێڕەوی پایسکلەکانیش 37 ھەزار کیلۆمەترە، ھەروەھا جوگرافی ئەو وڵاتە، زۆر گونجاوە بۆ پایسکلسواری.

لە ھۆڵەندا، 24 ملیۆن پایسکل ھەیە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، 18 ملیۆن کەسە و بەمجۆرە ھۆڵەندا، "بە زەوی پایسکل ناسراوە کە تێکڕا ھەر خێزانێک، خاوەنی سێ پایسکلن".

لەمبارەیەوە ھاووڵاتییەکی ھۆڵەندا بە ناوی تاس پیچ ڕایگەیاند کە پایسکلسواری "ئازادی" بەو کەسە دەبەخشێت کە بەکاری دەھێنێت، ئاماژە بەوەش دا کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا، خۆی فیڕی پایسکلسواری کردووە.

تاس پیچ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە پایسکل تەنھا بە مانای ئامرازێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بینینی شوێنە جوانەکان و وەرزشکردن.

ھەر لەوبارەیەوە ھاووڵاتییەکی دیكەی ھۆڵەندا بە ناوی جێلی دی ڤریس ئاماژەی بەوەدا کە پایسکل لە کاتی وەستاندا، کێشە دروست ناکات، ھەر وەک وەک ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکاندا لە کاتی وەستاندا، دروست دەبێت.

جێلی دی ڤریس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پایسکلسواری، نایاب و ناوازەیە، چونکە بە ئاسانی و خێرایی دەگەیتە شوێنی مەبەست".

یەکێتی پایسکلسواری ھۆڵەندا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەڕێژەی 2،3 لەسەدا، خاوەنی ئەو ملیار پایسکلانەیە کە لەسەرانسەری جیھاندا ھەن.

لە ھۆڵەندا ساڵانە، یەک ملیۆن پایسکلی نوێ دەفرۆشرێن و زۆرینەی ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتەش، پایسکلی بەکارھێنراو، بەکاردەھێنن.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.