Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 03:48

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ئاكرێ كۆچی دوایی كرد

کوردستان TV
100%


شاعیر و نووسەر كاوە زوهێر خالید، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ئاكرێ، لە تەمەنی 39 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری دەكات.
كاوە زوهێر خالید، لەدایكبووی 1985ی ئاكرێیە. یەكێك بوو لە چالاكە كاریگەرەكانی بزاڤی ڕۆشنبیری و هونەری ئاكرێ و دەوروبەری. 
لە ماوەی ژیانیدا، وێڕای ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ئاكرێ، بەرپرسی بزاڤی ڕۆشنبیری ئاكرێ بووە و پشتیوان و هاندەرێكی سەرەكی چالاكییە هونەری و ڕۆشنبیرییەكانی دەڤەرەكە بووە.
كۆچكردوو، جگە لە بواری هونەری، لە بواری ڕاگەیاندنیشدا چالاك بووە و چەندین بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی پێشكەش كردووە.
لە بواری ئەكادیمیدا، كاوە زوهێر دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی ئاكرێ و قوتابی بەشی ڕاگەیاندن بووە لە زانكۆی جیهان.
لە نووسیندا، وێڕای بڵاوكردنەوەی چەندین وتار و بابەت، دیوانێكی شیعری بە ناونیشانی "مردن" بە چاپگەیاندبوو.
وەك بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ئاكرێ، كۆچكردوو یەكێك بووە لە كەسایەتییە چالاكەكانی بواری كارگێڕی و لە چوارچێوەی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەی لە وەزارەت، هەمیشە بەو پەڕی دڵسۆزی و لێهاتووییەوە، ئەركەكانی خۆی ڕاپەڕاندووە و خەمخۆرانە و دڵسۆزانە كاری بۆ پێشخستنی ڕەوتی هونەریی و وەزرش و ڕۆشنبیری لە دەڤەرەكە كردووە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ مەرگی ناوەختی شاعیر و نووسەر، كاوە زوهێر، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكار و هاوڕێ و دۆستانی كۆچكردوو دەكات. ڕاشیدەگەیەنێت، كۆچی ناوەختی ئەو نووسەر و شاعیرە كەلێنێكی گەورەی لە كایەی هونەر و ڕۆشنبیری ئاكرێ بەجێهێشت. یاد و ئادگاری هەمیشە زیندووبن و كارو خزمەتەكانی بۆ هەمیشە لە مێژووی بزاڤی ڕۆشنبیری و هونەری ئاكرێدا بە نەمری دەمێننەوە.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.