Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 22:23

پێوەدانی مار زۆر بووە و شەوی رابردوو دوو كەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانە

کوردستان TV
100%

لە سنووری شارۆچكەی سیدەكان ماوەی چەند رۆژێكە گەزین و پێوەدانی مار زۆر بووە و بەو هۆیەوە تەنیا شەوی رابردوو دوو كەس بەهۆی پێوەدانی مار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.

لەبارەی زۆربوونی پێوەدانی مارەوە، رائید فوڕات ئەنوەر بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی سیدەكان بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: ماوەیەكە تۆماركردنی زانیارییەكانی پێوەدانی مار لە سنووری سیدەكان زیادی كردووە و بەردەوام هاووڵاتییان بەهۆی پێوەدانی مارەوە دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەكان.

راشیگەیاند: شەوی رابردوو دوو كەس بەهۆی پێوەدانی مار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، حاڵەتەی یەكەم لە گوندی هاتكای دەشتی هێرت بووە كە هاووڵاتییەك بەناوی (رزگار مەجید) لە كاتی كاركردن و دروێنەی گیا لە نزیك گوندەكەیان مار پێی وەداوە.

هەروەها رایگەیاند: حاڵەتی دووەمیش لە گوندی گۆرابوزا هەر لە دەشتی هێرت بووە كە ئافرەتێك لە نیزك ماڵەكەی خۆیان مار پێی وەداوە.

بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی سیدەكان ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوان لە بنكەكانی پۆلیس زانیارییەكان لە بریندارەكان وەردەگرن و بەدواداچوونیان بۆ دەكەن.

جەختیشی كردەوە ئێستا هەردوو هاووڵاتی كە مار پێوە دابوون، تەندروستییان باشە و لە بەشی فریاكەوتنی سیدەكان چارەسەری پێویستی پزیشكییان بۆ كراوە.

سیدەكان / مەهدی داود

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.