Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 03:26

بە هەوڵی مەسرور بارزانی پڕۆژەی ستراتیژی رێگای گەشەپێدان هێنرایە خاكی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە شاری هەولێر كۆنووسی دیزاینی رێگای گەشەپێدانیان واژۆ كرد كە لەسەر پێشنیازی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری رێگاكە هێنرایە خاكی هەرێمی كوردستانەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر پێشنیازی بۆ حكوومەتی فیدڕالی كردبوو هێڵی خواری پڕۆژەی ستراتیژی رێگای گەشەپێدان راست بكرێتەوە بەوەی كە بەشێكی رێگاكە بەنێو خاكی هەرێمی كوردستان تێپەڕێت و بگاتە وڵاتی توركیا و ئەوروپا و جیهان.  

بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كۆبوونەوە و دوای تاوتوێكردنی نەخشەی دیزاینی رێگاكە، پێشنیازەكەی سەرۆكی حكوومەت پەسند كرا.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی واژۆكردنی كۆنووسی دیزاینی رێگای گەشەپێدان گوتی: ئەمرۆ هەنگاوێکی گرینگمان بری لەپێناو چەسپاندنی مافی کوردستانیان لە پرۆژەی ستراتیژیی رێگای گەشەپێدان.

راشیگەیاند: بە ناوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، سوپاسی پشتگیری سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی دەکەین کە بە شێوەیەکی شەخسی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە دەکرد و قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵمان بوو.

هەروەها رایگەیاند: بە پشتگیری جەنابیان توانرا زۆر گرێ کوێرە بکرێنەوە و هێلی خواری پلان و پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان ڕاست بکرێنەوە و بەشێوەیەک کە بە باشترین شێوە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان و عێڕاق بێت.

بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت پێشكەشی كردبوو و ئەمڕۆ پەسند كرا، رێگای گەشەپێدان بە درێژایی 117 كیلۆمەتر بە ناو خاكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك و سێمێلەوە تێپەڕ دەبێت و لەوێشەوە دەگاتە خاكی توركیا.

رێگای گەشەپێدان پڕۆژەی ستراتیژییە و لەنێوان هەرسێ وڵاتی عێراق و توركیا و ئیماڕات واژۆ كراوە و لە دوو ڕێگای ئۆتۆمبێل و رێگایەكی شەمەندەفەر پێكدێت و بەهۆیانەوە ئابووری عێراق و ناوچەكە بە ئەوروپا و جیهان دەبەسترێتەوە.

وێنە: ساتی واژۆكردنی پڕۆژەی ستراتیژی رێگای گەشەپێدان لە شاری هەولێر:-

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.