Erbil 15°C یەکشەممە 16 حوزەیران 09:15

هەولێر نەخشە پێشنیازێکی لەبارەی ڕێگای گەشەپێدان داوەتە بەغدا

کوردستان TV
100%


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق تاوتوێی نەخشەی هێڵی ئاسنین دەکەن لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە لە نێوان عێراق و تورکیا واژوو کرابوو.

پڕۆژەکە بە 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت. پێکدێت لە ڕێگای وشکانی، هێڵی ئاسنین و بەندەری ئاویی کە لە کەنداوەوە درێژدەبێتەوە بۆ عێراق و تا دەگاتە سنووری تورکیا لەوێشەوە بۆ ئەورووپا.

پڕۆژەکە لەناو عێراق لە بەندەری فاوەوە بە درێژی ھەزار و 200 کیلۆمەتر تا دەروازی ئۆڤاکۆ لەسنووری تورکیا و عێراق درێژدەبێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان نەخشە پێشنیازێکی داوەتە حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی دیراسەی بکەن و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ پێنجشەممە23ی5ی2024 شاندێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سەردانی هەرێمی کرد و لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، ئانۆ جەوهەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: "ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسنین، یونس کەعبی سەردانی هەرێمی كوردستانیان کرد، کۆبوونەوەکەمان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە هەماهەنگی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، لەم کۆبوونەوەیەدا پێشنیازی خۆمان دەربارەی هێڵی ئاسنین لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان خستەڕوو".

ئانۆ جەوهەر گوتیشی: "بەخۆشحاڵییەوە پێشنیازەکەی ئێمەیان قبوڵکرد بۆ دیراسەکردن، پێشنیازەکەمان ئەوەیە کە هێڵی ئاسنین بە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە و دەشتی نەینەوا و قەزای سێمێل (سەر بە پارێزگای دھۆک) و کۆمەڵگای دێرەبوون (سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ)دا، بڕوات بەرەو سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و تورکیا، لەم چەند ڕۆژەدا شاندێکی هەردوولا دەچن سەردانی شوێنەکە دەکەن، نەخشە پێشنیازەکەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان 32 کیلۆمەتر ڕێگاکە کورت دەکاتەوە و لە ڕووی ئەمنیشەوە لە نەخشەی دیزاینکراوی پێشتر سەقامگیرترە".

بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، ماوەیەکی دیاریکراوە ئەو کۆنووسە لەنێوان هەردوو وەزارەتدا هەیە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان تا لەگەڵ شارەزایان تاوتوێی بابەتەکە بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.