Erbil 15°C یەکشەممە 16 حوزەیران 08:05

لە ماوەی چوار مانگدا 580 کەس لە هەرێمی كوردستان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش ڕایدەگەیەنێت کە دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بڕی 20 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لەلا بووە و، ئاشکرایشی دەکات کە لەمیانی چوار مانگی ئەمساڵدا، 580کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و ڕادەستی دادگا کراون.

 نەقیب ئەرکان عومەر ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: دوێنێ چوارشەممە، دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون بە بڕی 20 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کڕیستاڵ لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەستگیرکران کە کاری بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد".

نەقیب ئەرکان عومەر گوتیشی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 30ی نیسان، لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، توانراوە 580تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکرێن کە لەو ژمارەیە 328 کەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوونە، سەرجەم دۆسیەکانیش لە دادگاکانن بۆ یەکلاییکردنەوە".

بەپێی ئامارەکان سەدا 80ی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێم تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵییدایە و سەدا 10ی بەکارھێنەرانیش ئافرەتن.

بە پێی ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن سزاکەیان زیندانیکردنە بۆ ھەتا ھەتایە، ھەروەھا پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.

ھەروەھا بۆ بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکانیش، سزاکەیان بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک بەرەو سەرەوە دەست پێدەکات بەپێی جۆر و شێوازی بەکارھێنانەکەی ھەروەھا بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.