وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پشكنینی بۆ مرداربوونەوەی بەكۆمەڵی نەورەسەكان لە دەریاچەی دۆكان كرد بۆی دەركەوت كە بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندەوە مرداربوونەتەوە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەگوێرەی ئەو پكشنینانەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەنجامیداوە، دەركەوتووە كە نەورەسەكانی دۆكان بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە بەكۆمەڵ گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی: لەبەر ئەوەی پەتاكە لە دوورگەیەكی بچووكی دەریاچەی دۆكان بڵاوبووەتەوە، هیچ مەترسییەكی بۆ مرۆڤ و پەلەوەرانی دیكە نییە، چونكە دوورگەكە و نەورەسەكان هیچ بەركەوتنێكی راستەوخۆیان لەگەڵ گوند و ناوچەكانی دەوروبەریدا نییە.
هەروەها گوتی: بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەدروستی و دامودەزگاكان لە پارێزگاكان، هەموو رێكارێكی پێویست بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە گیراوەتە بەر.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا كە لە بەدواداچوونەكان، خۆشبەختانە دەركەوتووە هیچ پڕۆژەیەكی پەلەوەر لە دەوروبەر و نزیكی دوورگەی نەورەسەكان نییە و هەروەها هیچ پەلەوەرێكی گوندەكانی دەوروبەریش تووشی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە نەبوونەتەوە.
جەختیشی كردەوە كە ئێستا دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و نەورەسەكانی دەریاچەی دۆكان لە تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە پارێزراون و باشن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.