Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:26

ناوی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پرسەی ڕەئیسی بڵاو كرایەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ناوی شاندەكەی هەرێمی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بڵاو كردەوە.

سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند: بۆ به‌شداريكردن له‌ پرسه‌ى سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران خوالێخۆشبوو ئيبراهيم ڕه‌ئيسى و ياوه‌رانى، شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان  سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن.

راشیگەیاند: شاندەكە لە نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ناوخۆ پێكهاتوون.

ئێوارەی رۆژی یەكشەمی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بەشداری لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەیەك لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات كرد، لە كاتی گەڕانەوەیدا لەگەڵ چەند یاوەرێك هێلیكۆپتەرەكەیان كەوتە خوارەوە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەم هێلیكۆپتەرەكە لەنێو دارستانێكی چڕ بە تێكشكاوی دۆزرایەوە و دواتریش گیانلەدەستدانی سەرۆك كۆماری ئێران و سەرجەم سەرنشینانی هێلیكۆپتەرەكە راگەیەنرا كە لەنێویاندا حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە هەبوو.

بڕیارە سبەی چوارشەم بە بەشداری زۆرێك لە سەركردەكانی جیهان لە تارانی پایتەختی ئێران ڕێوڕەسمێكی فراون بۆ ماڵئاوایی لە سەرۆك كۆماری ئێران و یاوەرانی ئەنجام بدرێت.

دواتریش لە رۆژی پێنجشەم تەرمی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە زێدی خۆی لە شاری مەشهەد بە خاك دەسپێردرێ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.