Erbil 28°C شەممە 27 تەمووز 02:56

ئەمریکا: تۆمەتبارکردنمان بە کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەی سەرۆكکۆماری ئێران بێ بنەمایە

کوردستان TV
100%


ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی ڕایگەیاند کە تومەتبارکردنی ئەمریکا بە کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەی  سەرۆكکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، ھیچ بنەمایەکی نییە.

جۆن کێربی لە ڕاگەیاندراوێکدا، ھاوخەمی واشنتۆنی نیشانداوە بۆ گیانلەدەستدانی  سەرۆكکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرێکدا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، گیانیان لەدەستدا و ڕایگەیاندووە: "ئەو بانگەشانەی کە باس لەوە دەکەن، سزاکانی ئەمریکا بەرپرسن لە ھۆکاری (ڕووداوەکە)، ھیچ بنەمایەکی نییە".

باسی لەوەش کردووە: "ھێشتا ھۆکاری ڕووداوەکە بۆ ئێمە ڕوون نییە، بەرپرسانی ئێران بەرپرسن لە ئاسایش و سەلامەتی ئامێرەکانی خۆیان لەوانەش فڕۆکەوانی مەدەنی".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێران پاڵپشتی لە ئەندامانی چەند گرووپێک کردووە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە زیانی گەورەیان بە ناوچەکە گەیاندووە و ڕایگەیاندووە: "ئێران پاڵپشتی لە ھێرشەکانی ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کردووە، ئەمەش مانای ئەوەی کە ئیبراھیم ڕەئیسی دەستی بە خوێن سوور بوو".

ئاماژەی بەوەشدا کە ئێران ھەوڵدەدات، ڕێگایەک بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوە، بخاتە ئەستۆی ئەمریکا کە ئەوەش جێگای سەرسوڕمان نییە.

دوێنێ دووشەممە، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا بەرپرسیارە لە کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەی  سەرۆكکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ئەمریکا سزای بەسەر کەرتی فرۆکەوانی ئێراندا سەپاندووە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.