Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:51

ئەمشەو ئیسڕائیل كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران ئەنجام دەدات

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی جەنگی ئیسڕائیل ئەمشەو سێیەم كۆبوونەوەی خۆی سەبارەت بە شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئێران ئەنجام دەدات، بەگوێرەی زانیارییەكانیش كۆبوونەوەكەی ئەمشەو یەكلاكەرەوە دەبێت و بڕیاری كۆتایی دەدرێت.

تۆڕی هەواڵی (ئەی بی سی) ئەمەریكی بڵاوی كردەوە: ئەمشەو ئەنجوومەنی جەنگی ئیسڕائیل بە سەرۆكایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل كۆ دەبێتەوە.

ئەنجوومەنەكە ئەمە سێیەمین كۆبوونەوەیەتی ئەنجامی دەدات تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی شەوی شەممەی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل.

سەرچاوە میدیاییەكە ئاماژەی بەوەش دا كە ئیسڕائیل تەواو ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئێران و لەمبارەیەوە ئەمشەو بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات.  

ئەمە لەكاتێكدایە كە هێرزی هێلیڤی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسڕائیل ئەمڕۆ سێشەممە گوتبووی كە ئێران بەمزووانە سزای هێرشەكەی وەردەگرێتەوە.

لەلایەكی تریشەوە تۆڕی هەواڵی 18 نیوزی ئەمەریكی دوێنێ دووشەم بڵاوی كردبووەوە: ئیسڕائیل بڕیاریداوە بە فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 15 ئی ئێكس (F 15 EX)ی دروستكراوی ئەمەریكی لەناو خاكی ئێران بدات.

بڵاویشی كردبووەوە: فەرماندە سەربازییەكانی ئیسڕائیل پێیانوایە فڕۆكەی ئێف 15 ئی ئێكس باشترین فڕۆكەیە بۆ بڕینی ئاسمانی ئێران و بۆردومانكردنی ئامانجە دیاریكراوەكان لەناوخۆی ئەو وڵاتەوە.

ئاماژەی بەوەش دابوو كە ئیسڕائیل هێشتا وادەی هێرشەكەی بۆ سەر ئامانجەكانی ئێران دیاری نەكردووە، بەڵام لە كاتێكی گونجاودا هێرشەكە ئەنجام دەدات.

درەنگانی شەوی شەممەی رابردوو ئێران بە نزیكەی 350 مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردە سەر ئیسڕائیل وەك وەڵامێك بۆ بۆردومانەكەی رۆژی دووشەمی هەفتەی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا كە بەهۆیەوە ژمارەیەك فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران لە سەرووی هەموویانەوە محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان بوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.