Erbil 15°C پێنجشەممە 02 ئایار 21:21

وڵاتانی گرووپی حەوت سەركۆنەی ئێران دەكەن لە هێرشەكەی بۆ سەر ئیسڕائیلدا

کوردستان TV
100%

سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت (G7) بە تێكڕای دەنگ سەركۆنەی هێرشەكەی شەوی رابردووی ئێرانیان كرد بۆ سەر ئیسڕائیل و داواشیان كرد هەموولایەك دان بەخۆدا بگرن بۆ تەشەنەنەكردنی دۆخەكە.

شارل میشال سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ یەكشەم سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت سەبارەت بە هێرشەكەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل كۆبوونەوە.

بڵاویشی كردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا بە كۆی دەنگ سەركۆنەی هێرشەكە كرا و داواش لە هەموولایەك كرا دان بەخۆدا بگرن بۆ ئەوەی دۆخەكە تەشەنە نەكات و ئاڵۆزی تری لێ نەكەوێتەوە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان و هەروەها راگرتنی شەڕ لە كەرتی غەززە لە زووترین كاتدا.

سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا جەختیشی كردەوە كە بەهەمانشێوە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی داهاتوو یەكێتی ئەوروپا كۆ دەبێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی ناسەقامگیری ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێ.

وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە حەوت وڵاتی خاوەن پێشەسازی و ئابووری گەورەی جیهان پێكهاتوون كە بریتین لە (ئەمەریكا، كەنەدا، بریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن)، هەروەها یەكێتی ئەوروپاش لەنێو گرووپەكەدا بەشدارە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.