Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:27

دوای 32 ساڵ.. دادگای ئەرجەنتین ئێرانی تۆمەتبار كرد بە پلانداڕێژەری تەقینەوەكانی بۆینس ئایرس

کوردستان TV
100%

دادگای ئەرجەنتین بەرپرسیارەتی هەردوو هێرشەكەی ساڵانی 1992 و 1994ی سەر بۆینس ئایرسی پایتەختی وڵاتەكەی خستە ئەستۆی ئێران كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس كوژران.

بە پشتبەستن بە بەڵگە و زانیارییەكان، دادگای ئەرجەنتین بڕیاری دەركرد كە بە فەرمانی ئێران هێرشی ساڵی 1992 بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل و هێرشی ساڵی 1994 بۆ سەر كۆمەڵەی هاوكاری ئیسڕائیلی و ئەرجەنتین (ئەمیا) ئەنجامدراون.

دادگای ئەرجەنتین هەروەها حزبوڵای لبنانی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی راستەوخۆی هەردوو هێرشەكە و جەختی كردەوە كە هەردوو هێرشەكە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین.

كارلۆس ماهیكیس دادوەری دادگای ئەرجەنتین لەبارەی دەركردنی بڕیارەكە، رایگەیاند كە بە بەڵگە و زانیارییەكان سەلمێنرا هەردوو هێرشەكە بە فەرمان و ئاماژەی ئێران ئەنجامدراون و هەروەها حزبوڵای لوبنانیش كارەكەی ئەنجامداوە.

دادوەرەكە هەروەها ئێرانی بە دەوڵەتێكی تیرۆریستی ناوبرد و داواشی كرد دادگای نێودەوڵەتی هەڵوێستی توندی لەسەر هەردوو كردەوە تیرۆریستییەكە هەبێت.

لە هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە لە ساڵی 1992 لە بۆینس ئایرس 29 كەس كوژران، دوای دوو ساڵ ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری پڕ لە تەقەمەنی لە نزیك كۆمەڵەی ئەمیا تەقییەوە و بەهۆیەوە 85 كەس كوژران و زیاتر لە 300 كەسی تر بریندار بوون.

ئەو كات هیچ وڵات و لایەنێك بەشێوەی راستەخۆ بەرپرسیارەتی هێرشەكەیان نەگرتە ئەستۆ، بەڵام هەر ئەو كات ئەرجەنتین و ئیسڕائیل تۆمەتی راستەوخۆی هێرشەكەیان خستە پاڵ حزبوڵای لبنانی و رایانگەیاند كە هەردوو هێرشەكە بە پلان و فەرمانی ئێران ئەنجامدراون.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.