لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشە چەكدارییەكەی سەر هۆڵی ئاهەنگگێڕانی كرۆكۆس لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا دوایین ئاماری قوربانییانی هێرشەكەی شەوی هەینی رابردوو بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە ژمارەی كوژراوان 137 كەسە و 180 كەسی تریش بریندار بوون.
لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: تەرمی 137 كەس لە شوێنی هێرشەكە دۆزراونەتەوە كە 3 لە كوژراوەكان منداڵن، لەو ژمارەیەش تەنیا 62 كەس ناسراونەتەوە و كەسوكارەكانیان تەرمەكانیان وەرگرتۆتەوە.
لەلایەكی تریشەوە وەزارەتی تەندروستی رووسیا رایگەیاند، 142 كەس رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە لە هێرشەكەدا بریندار ببوون، هەروەها 38 برینداری تریش لە نۆرینگە دەرەكییەكان چارەسەری وەردەگرن، واتە كۆی بریندارەكان 180 كەسن.
شەوی هەینی رابردوو چەند چەكدارێك هێرشیان كردە سەر هۆڵی ئاهەنگگێڕانی كرۆكۆس سیتی لە دەوروبەری مۆسكۆ و بە تەقە و نارنجۆك هێرشیان كردە سەر ئامادەبووانی هۆڵەكە.
دوای هێرشەكەش رێكخراوی داعشی خوراسان بەرپرسیارەتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ.
دەستەی ئاسایشی فیدڕالی رووسیا رۆژێك دوای رووداوەكە، بڵاوی كردەوە كە 11 كەسیان بە تۆمەتی تێوەگڵان لە هێرشەكە دەستگیركردووە كە لەنێویاندا چوار هێرشكارەكە هەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.