بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە بڕی 7.5 ملیار دۆلاری وەک داهاتی فرۆشی نەوت و دراوی بیانی خستووەتە سەر هەژماری فەرمی بانکەکە، کە داهاتی 4 مانگی یەکەمی ئەمساڵی ئێرانییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاب، لە بەیاننامەیەکی بانکەکەدا هاتووە: ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر هەژمارەکە، بە ڕێژەی 50% زیادیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، واتە نزیکەی یەک هێندە و نیو زیادی کردووە.
بەپێی گوتەی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئامانج لەم بڕە پارەیە پاڵپشتیکردنی خەرجییەکانی حکوومەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتە بۆ دراوی بیانی، پێشبینیش دەکرێت ئەم بڕە تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو بەشی خەرجییە حکومییەکان بە دراوی بیانی بکات.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ئێران بەهۆی سزاکان و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە لەژێر فشارێکی ئابووری تونددایە. عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی توندبوونەوەی سزاکان و فشارە سەربازییە ناوچەییەکان، هەناردەی ئێستای نەوت بۆ سفر دابەزیوە.
عەبدولناسر هیممەتی باسی لەوەش کردووە، ئەمریکا بەشێک لە یەدەگی دارایی و دراوە بیانییەکانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات بلۆک کردووە و ئامادە نییە ئازادیان بکات. هاوکات دابەزینی داهاتی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی باج و بیمەکان، فشاری زۆری خستووەتە سەر بودجەی گشتی و وای لە حکوومەت کردووە بەدوای سەرچاوەی بەدیلدا بگەڕێت بۆ دابینکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.