كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كرملین) ئاشكرای كرد كە توانیویانە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر شاری مۆسكۆ دەستگیر بكەن و لەگەڵ تەواوی ئەوانەشی هاوكار و یارمەتیدەریان بوونە.
شەوی رابردوو چەند چەكدارێك هێرشیان كردە سەر هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە مۆڵ و بازاڕێكی قەرەباڵغ لە دەوروبەری مۆسكۆی پایتەختی رووسیا، چەكدارەكان چەك و نارجۆكیان لە هێرشەكەدا بەكارهێنا.
نوێترین ئامارەكان دەری دەخەن كە ژمارەی كوژراون لە هێرشەكەدا 93 كەسە لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە 150 كەسی تر كە برینی 60 لەو بریندارانە سەخت و دژوارە.
كۆشكی كرملین لەبارەی رووداوەكە دەڵێت: تا ئێستا 11 تۆمەتبار دەستگیركراون كە لەنێویاندا چوار هێرشكارەكەی سەر مۆڵی كرۆكۆس سیتی لە ناوچەی كرانسۆگۆرسك لە دەوروبەری مۆسكۆی پایتەخت هەن.
هەروەها دەڵێت: ئۆتۆمبێلێكیش لە جۆری رینۆ دەستی بەسەردا گیراوە كە چەكدارەكان ئەو شەوە بۆ گواستنەوە و ئەنجامدانی هێرشەكە بەكاریانهێناوە.
لە ساتەكانی سەرەتا هێرشە چەكدارییەكەدا، ئۆكڕاینا بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار دەكرا، بەڵام دواتر ڕێكخراوی داعشی خوراسان بەفەرمی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتی هێرشەكەی راگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.