Erbil 13°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 15:20

ڕاپۆرتێكی ئەمریكی ڕۆشنایی دەخاتە سەر ململانێی نێوان گرووپە چەكدارەكانی عێراق

کوردستان TV
100%

ماڵپەڕی " میدیا لاین"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا ڕۆشنایی خستۆتە سەر ململانێی بەردەوامی نێوان "لیواكانی سەرایا سەلام" و "عەسائیب ئەهلی حەق"، ئاماژە بەوەش دەكات كە حكومەتی عێراق هێشتا دوو دڵە لە دەستوەردان بۆ كۆتاییهێنان بەم ململانێیە.
ئەو ماڵپەڕە ئەمریكییە لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕوونیكردووەتەوە، شەڕی ڕانەگەیەندراوی نێوان میلیشیاكانی سەر بە ئێران، لەناو چەند پارێزگایەكی عێراق، لەنێویاندا بەغدا، تا ئێستا لانیكەم كوژرانی 200 چەكداری لێكەوتووەتەوە.  
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئەم پێكدادانانە لە 25ی كانونی یەكەمەوە لە بەسرە دەستیپێكردووە ، لە نێوان لیواكانی سەریا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر و عەسائیب ئەهلی حەق سەر بە قەیس خەزعەلی كە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕەوتەكەی موقتەدا سەدر جیابوونەتەوە.
جگە لەوەش لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا پێكدادانێكی پچڕ پچڕ لەنێوان حزبوڵڵای عێراق و چەند میلیشیایەكی چەكدار ڕوویداوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، چەكدارانی سەر بە لیواكانی سەریا سەلام، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، بە ئەنقەست بارەگای عەسائیب ئەهلی حەقیان سووتاندووە.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا دەركەوتووە، تا ئێستا حكومەتی عێراق دەستوەردانی لە زۆربەی ئەو پێكدادانانەدا نەكردووە، دوایینیان لە گەڕەكی عامل لە بەغدا ڕوویداوە، كە تێیدا ژمارەیەك ئەندامی میلیشیاكان كوژراون و هاووڵاتییانی دیكەش لەو پێكدادانانەدا برینداربوون.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ڕووداوێك لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە كە تێیدا هاوەڵاتییەك پەیوەندی بە ژمارە (130)ی فریاكەوتنی وەزارەتی ناوخۆوە كردووە بۆ ئەوەی هەواڵی بیستنی تەقە لە نزیك ماڵەكەی خۆی ڕابگەیەنێت، وەرگری پەیوەندییەكەش لە وەڵامدا دەڵێت، “ئێمە توانای دەستوەردانمان نییە”. ماوەیەك جێیان بهێڵە و ئارام دەبنەوە”.
جگە لەوەش لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، دوای ئەوەی ئەندامانی عەسائیب ویستوویانە وێنەی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانهەڵواسن، پێكدادانەكە نوێبووەتەوە ،پاشان ئەندامانی لیواكانی سەرایا سەلام ڕێگرییان لێكردن لە هەڵواسینی وێنەكان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەڕ و پێكدادان ڕووبدا و بووە هۆی برینداربوونی پۆلیسێك.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، پێش ئەم پێكدادانانەش زۆرێك لە ئەندامان و سەركردەكانی میلیشیاكان تیرۆركران ، كە زۆربەیان لە پارێزگای میسان و پارێزگاكانی باشوور ڕوویانداوە.
هەروەها ڕاپۆرتەكە لە زاری محەمەد عەلی حەكیم ،توێژەری كاروباری ئەمنی و سیاسی، نووسیویەتی، “ئەو پێكدادانە چەكدارییەی كە لە نێوان گرووپەكان لە بەغدا ڕوویداوە، لەسەر بنەمای ململانێیەكی سیاسی و لەسەر ناوچەكانی نفوز بووە و یەكەمیش نییە و دواجاریش نابێت.
بە گوتەی حەكیم، ئەم ململانێیە ساڵانێكە بەردەوامە و دەكرێت لە هەر ساتێكدا نوێ بكرێتەوە، بەتایبەتی بەهۆی ململانێی سیاسیی نێوان لایەنگرانی سەدر و میلیشیا چەكدارەكانی دیكەو چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار لە عێراق. 
هەروەها حەكیم پێی وایە كە ئەم پێكدادانانە شكستی بەردەوامی حكومەت لە سنوورداركردنی چەك پشتڕاست دەكاتەوە ، كە مەترسییەكی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و مەدەنی پێكدەهێنێت و هەڕەشە بۆ سەر خودی دەوڵەتیش .
 هەر بۆ ئەم مەبەستەش موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدری رۆژی چوارشەممە، هۆشداری دایە لایەنگرانی ڕەوتەكەی لە بەرامبەر دروست بوونی فیتنەو تێكهەڵچوون لەگەڵ  كردەوەی بێشەرمی گەندەڵ و میلیشیاكان.
هۆشدارییەكەی سەدر دوای كوژرانی چالاكوانێكی رەوتەكەی و هێرشكردنە سەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە بابل و بارەگایەكی عەسائیبی ئەهلی حەق لە نەجەف هات.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.