ئهمڕۆ سێشهم ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە هيثم الحسنى ڕاوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی تیمی ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دارایی لە عێراق.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پەرەسەندنانە کرا کە لە ئەنجامی سەردانە بەردەوامەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە ڕۆژی (27/11/2023) و سەردانی شاندی هەرێم لە ڕۆژی (10/12/2023) بۆ چارەسەری کێشەی دەروازە سنوورییەکان و یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و دواین سەردانیش لە (6/1/2024) بۆ بەغدا ئەنجامدرا، کە ئامانج لێی چارەسەری پرسی مووچە و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمیدان لە ڕێی هەمواری یاسای بودجەوە هاتۆتە ئاراوە.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا بە بایەخەوە باس لە هەنگاوەکانی تیمی هاوبەشی هەردولا کرا بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە هونەری و تەکنیکییەکان لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كه محەمەد شیاع سوودانی جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندی بە تایبەت کێشە دارایی و ئابوورییەکان، ههروهها گوتی هەماهەنگی باش لەنێوان تیمە هاوبەشەکان و فەرمانگەکانی هەردوولا هەیە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژمێریاری و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
لای خۆشییەوە ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند كه هەموو هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی خستۆتەگەڕ و وەک یەک تیم لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریان کردووە تا هەردوولا بتوانن بە یەک سیستەمی ژمێریاری کارەکانیان ئەنجام بدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.