مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی سەبارەت بەو هێرشەی شەوی رابردوو كرایە سەر هەولێری پایتەخت، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە رایدەگەێنێ، ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانكارییە ئامانجی تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پشێوییە و، پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەری هەرێمی كوردستان و عێراقە.
دەقی ڕاگەیاندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ..
ڕاگەیاندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
بەداخێكی زۆرەوە، جارێكی دیكە كۆماری ئیسلامی ئێران بە پاساوی بێ بنەما لەڕێگای ژمارەیەك مووشەكی بالیستی و درۆنەوە هێرشی كردە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كە زیانێكی زۆری گیانی لێكەوتەوە.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە بێ پاساوە دەكەین كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێ تاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانكارییە ئامانجی تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پشێوییە و، پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەری هەرێمی كوردستان و عێراقە.
داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی جیهان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە دژی ئیرهاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەی كۆماری ئیسلامی ئێران و پەلامارە چەندبارەكانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە كردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفی هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان نەكرێنە ئامانجی مووشەك و درۆنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەكانی، هەروەها حكومەتی فیدراڵ ئەركی یاسایی و دەستووری خۆی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و سەروەری عێراق ئەنجامدات و چیتر وەكو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژیانە بی هەڵوێست نەبێت.
لەكۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەم هێرشە تاوانكارییە دەكەین و هیوای تەندروستی و زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ـی 1ـی 2024
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.