Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 11:50

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی لەبارەی هێرشی ناڕەوای مووشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان، پەیامێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی...
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەموو لایەك ئاگاداران، هەر لە ساڵی 2020ـەوە  هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەكی ئاشكرایە بەرانبەر خەڵكی كوردستان.
ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەكانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاك دەزانن كە بوختان و بیانوو و ئیدعاكانیان هیچ بنەمایەكی نیە و بۆ داپۆشینی كێشە و گرفتەكانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدەن.
ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێكی بێتاوانی هەولێریان كۆمەڵكوژ كردووە كە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵكو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.
لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیمان بۆ درێژ كردوون. دەمەوێ دڵنیایان بكەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەكانیان لەدژی هەولێر و خەڵكی كوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەكەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەكان ببین و بزانن كە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەكاری دەرهەق گەلی كوردستان دەكەن و ئیدعاكانیان بێ بنەمان.
ناكرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.
پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەك و درۆنەكانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدكردنی ژن و منداڵ و خەڵكی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە.  دەتوانن بمانكوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن.
گەلی كوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەكەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێك گەورەترە.
مسعود بارزانی
16ی كانوونی دووەمی 2024
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.