Erbil 14°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 12:56

له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ 17 ملیار دۆلار مۆڵه‌ت به‌ پڕۆژه‌كان دراوه‌

کوردستان TV
100%

وەبەرهێنان لە كابینەی نۆیەمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی پێدانی 404 مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەكاندا، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت كه‌ گرینگی یەكەم بۆ پرۆژە كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیارییەكان بووە.

د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ڕاگەیاند "لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە تاكو ئێستا، دەستەی وەبەرهێنان 404 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكان بەخشیوە، بەوەش تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەم لە سەرووی 100 مۆڵەتەوە بۆ هەموو پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆكان بووە."

گوتیشی "103 پرۆژە تایبەت بوون بە پرۆژەی پیشەسازی و كارگەی گەورە، بە تایبەتی لە بواری شیش و چیمەنتۆ، هەروەها 17 پرۆژەی كشتوكاڵی مۆڵەتیان پێ دراوە، لە هەمان كاتدا 55 پرۆژەی گەشتیاری مۆڵەتیان پێ دراوە، جگە لە پرۆژەی پەروەردەیی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی، بەڵام سەرنج و گرینگیی سەرەكی بۆ پرۆژە پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیارییەكان بووە."

كابینەی نۆیەم بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و نوێكردنەوەی ئەو بوارە، 39 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەهۆی كەمتەرخەمیی وەبەرهێنەران و كەموكورتیی پرۆژەكان هەڵوەشاندووەتەوە و دراونەتەوە وەبەرهێنەری چالاك، جگە لەوەش چەندین پرۆژەی هەڵپەسێردراو كەوتوونەتەوە كار.

سەرۆكی دەستە ئەوەشی ڕاگەیاند كه‌ "چەندین پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان بە پشتیوانیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەونە كار و ئەو پرۆژانەشی كێشەیان ماوە چارەسەر دەكرێن."

وەبەرهێنان پرسێكی گرینگی بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و شارسازییە، لەم دیدگه‌یەوە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بایەخێكی سەرەكی بەو بوارە داوە و بەردەوامیش دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.