Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 16:20

تا ئێستا نزیكه‌ی 145 هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتی کراون

کوردستان TV
100%


لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پشتیوانیکردنی کرێکاران و کەرتی تایبەت، پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران گەشەی پێ دراوە و تاکوو ئێستاش 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون.

بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987.

بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە. بەوەش تاکوو ئێستا 880 کەس خانەنشینی وەردەگرن.

مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"پێویستە هەر خاوەن پرۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاکوو خۆیان دەستەبەر بکەن. لەو دەستەبەرەدا، 5٪ی مووچەی کرێکار و 12٪ی داهاتی خاوەنپرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی دەدرێتێ".

گوتیشی "جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کرێکارێک مووچەکەی لە 350 هەزار کەمتر بێت".

ناوبراو گوتیشی: "هەندێک خاوەنکار دەیانەوێت کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، هانیان نادەن و زانیارییان لێ دەشارنەوە، لەبەر ئەوەی نایانەوێت داهاتیان کەم بێتەوە، ئەمەش سزای لەسەرە، بەپێی ماددەی 96 شاردنەوەی زانیاری سزای لەسەرە و تۆمەتبار لێپرسینەوەی لێ دەکرێت. بۆیە پێویستە کرێکاران هۆشیار بن و خۆیان تۆمار بکەن، تا دواتر مافی خۆیان وەرگرنەوە."

هەر لە هەمان چوارچێوەی خزمەتدا، حکومەتی هەرێم گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە 5500ـی بۆ کرێکاران داناوە، تا گەر کێشەیەکیان لە کاردا بۆ دروست بوو، پەیوەندی بکەن و لێپرسینەوە بکرێت و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگاکانی کار بکرێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.