Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 08:40

بۆ ئاگاداری كرێكاران.. به‌ ئه‌نجامدانی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی خانه‌نشینی ده‌تانگرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پشتیوانیکردنی کرێکاران و کەرتی تایبەت، پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران گەشەی پێ دراوە و تاکو ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون.

بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987.

بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە، بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە، بەمەش تاکو ئێستا 880 کەس خانەنشینی وەردەگرن.

مەریوان بەگۆک عەزیز بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند "پێویستە هەر خاوەن پرۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاکو خۆیان دەستەبەر بکەن، لەو دەستەبەرەشدا 5٪ی مووچەی کرێکار و 12٪ی داهاتی خاوەن پرۆژە دەخرێتە سەر سندووقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی دەدرێتێ".

گوتیشی "جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کرێکارێک مووچەکەی لە 350 هەزار کەمتر بێت".

ناوبراو گوتیشی "هەندێک خاوەنکار دەیانەوێت کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، هانیان نادەن و زانیارییان لێ دەشارنەوە، لەبەر ئەوەی نایانەوێت داهاتیان کەمبێتەوە، ئەمەش سزای لەسەرە، بەپێی ماددەی 96 شاردنەوەی زانیاری سزای لەسەرە و تۆمەتبار لێپرسینەوەی لێ دەکرێت، بۆیە پێویستە کرێکاران هۆشیاربن و خۆیان تۆمار بکەن تا دواتر مافی خۆیان وەرگرنەوە."

هەر لە هەمان چوارچێوەی خزمەتدا، حکوومەتی هەرێم گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە 5500ـی بۆ کرێکاران داناوە، تا گەر کێشەیەکیان لە کاردا بۆ دروستبوو، پەیوەندی بکەن و لێپرسینەوە بکرێت و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگاکانی کار بکرێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.