Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 08:37

سبه‌ی شه‌پۆڵێكی به‌فر و باران ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

پسپۆڕێكی كه‌شوهه‌وا پێشبینی كرد سبه‌ی هه‌ینی شه‌پۆڵێكی به‌فر و باران روو له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات و بۆ دووسبه‌ی شه‌ممه‌ش ته‌مومژێكی چڕ‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان بگرێته‌وه‌.

ئاراس جه‌بار پسپۆڕی كه‌شوهه‌وا ڕایگه‌یاند: سبەی ھەینی ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە درێژایی کات ھەوری تەواو دەبێت و لە سنووری پارێزگه‌ی دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین زۆربەی کاتەکان کەش باراناویی دەبێت و هه‌روه‌ها لە چیا بەرزەکانیش بەفربارین دەبێت.

ڕاشیگه‌یاند: لە سەنتەری شاری ھەولێر و سنووری پارێزگه‌ی کەرکووک لە کاتەکانی رۆژدا ھەندێک کات نمەباران دەبێت و لە شەودا بۆ ماوەیەکی کورت بارانی مامناوەند و پچڕپچر دەبێت، لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و ھەڵەبجەش لە کاتەکانی رۆژدا نمەباران دەبێت، هه‌روه‌ها  بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیشدا ده‌بێت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە کاتەکانی رۆژدا ئاسمان نیمچەھەور دەبێت و ئەگەری باران نابێت لە کاتەکانی شەودا بۆ ماوەیەکی کورت لە ھەندێ ناوچەدا نمەباران بۆ بارانێکی مامناوەند دەبێت.

ئاراس جه‌بار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌: پلەکانی گەرما بە راورد بە ئەمڕۆ پێنجشه‌م 1 تا 2 پلە نزم دەبێتەوە، خێرایی باش لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ تا شەو مامناوەند چالاک دەبێت بە خێرایی 10-25 کم لە کاتژمێرێکدا .

پسپۆره‌كه‌ی كه‌شوهوا جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌: کاریگەری ئەم شەپۆلە درەنگانی سبەی شەو کۆتایی دێت و لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە تا کاتەکانی نیوەرۆ لە زۆربەی ناوچەکان ئەگەری تەمومژ دەبێت، هه‌روه‌ها چری تەمه‌كه‌ زیاتر دەبێت لەسەر ناوچەکانی سەنتەری پارێزگه‌ی هه‌ولێر و باشووری سلێمانی و کەرکووک.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.