ئەمڕۆ یەكشەممە 31-12-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كرد لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان لە هێرشەكەی سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێبكەن.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی دەربارەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە هەولێر بڵاوكردەوەو رایگەیاند:
نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەكەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەركۆنەی هێرشی هێزەكانی دەرەوەی یاسا و هاوكارەكانیان دەكەم.
ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین كە كەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەكەمان بكەین.
پێویستە حكومەتی فیدراڵ هەر هێرشێك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە كردەوە وەڵام بداتەوە. چونكە بێ هەڵوێستیی، میلیشاكان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەكی دەوڵەت بەكاردەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و ناسەقامگیركردنی هەموو وڵات و دروستكردنی شەڕو ناكۆكی لە وڵاتێكدا كە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە.
داوا لە سەرۆك وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی دەكەم كە بە كردەوە ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەكان و كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەكار دەهێنرێن.
سوودانی داوا دەكات لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر بكرێت
کاتی خوێندنەوە
کەمتر لە خولەکێک
(179 وشە)
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.