ش+ش+ش=ش لە نمایشێكی شانۆیی سێ زاراوە كە بە پیتی شین دەستپێدەكات یەك دەگرن، شیعر و شەڕابی دوای شەڕ. ناونیشانی ئەو شانۆگەرییە بوو كە كۆلیژی هونەرە جوانەكان، خوێندنی باڵا لە هۆڵی محەمەد عارف پێشكەشی هەڵبژاردەیەك لە بینەرانی دیاری كراو كرد . كە قوتابیانی خوێندنی باڵا ئامادەسازییان بۆ كردبوو.
ئەو شانۆگەرییە لە ئامادەكردنی دكتۆر ژیلوان تاهیر بوو كە بەسوود وەرگرتن لە چامەی شیعری چەند شاعیرێكی هەڵبژاردە و دەرهێنانی هونەرمەندی بەئەزموون و قوتابی دكتۆرا دێرین حامید و نواندنی كۆمەلێك قوتابی خوێندنی باڵا بوو.
سەرتا دەمەوێت بڵێم كە شیعر وەك ژانرایەكی ئەدەبی رۆڵی خۆی لە نمایشی شانۆیی گێڕاوە. هەر لە سەرەتای دروست بوونی شانۆ لە سەردەمی گریك و چوارسەد و پەنجا ساڵ پێش زایین شانۆییەكانی سوفكلیس و یوربیدرس ئەوانی دی بە شیعر نوسراون. ئەرستۆ لە كتێبی هونەری شیعر دا باس لە چۆنیەتی و رۆڵی شیعر دەكات لە نمایشە شانۆییەكان. دواتریش لە سەردەمە جیاوازەكاندا نووسەرانی شانۆیی خۆیان لە قەرەی شیعر داوە بۆ نووسینی شانۆگەرییەكانیان وەك شكسبیر و تیسی ئەلیوت و پۆشكین و چەندانی دی.
لە شانۆی كوریدا چەندین نموونەی شانۆی شیعریمان هەیە وەك ئاسكە و كاوەی ئاسنگەری شێركۆ بێكەس و دڵدارانی بارانی مامۆستا ئەحمەد سالار و مەرگی بەختەوەری عەبدولقادر سەعید و چەندانی دیكە. بۆیە بەكاربردنی شیعر لە نمایشی شانۆییدا كارێكی هەنوكەیی نییە كە جێگای سەرسوڕمان بێت. پەنا بردنە بەر شیعر بۆ وێنا كردنی وێنەی شانۆیی جوان سەرنج ڕاكێش كارێكی پۆزەتیڤانەی خەیاڵی نووسەری شانۆییە دەكرێ سوود لە وێنا كردنە جوانەكانی خەیاڵی شاعیر وەربگرین بۆ بەرجەستە كردنی باشتری وێنە شانۆییەكانمان لە پێناو بەرژەوەندی ئێستاتێكی نمایش و پەیامی دەق و تێكست. بۆیە هونەرمەند و نووسەری ئەم نمایشە دكتۆر ژیلوان بەئاراستەكی جوان هەنگاوی ناوە و لە كۆمەلێك دەقی شیعری جوان و هەڵبژاردە تێكستێكی خاوەن پەیام و فەلسەفی بونیاد ناوە كە جێگەی قسە لەسەر كردنە.
بۆچی شەراب و شەڕ؟
ئەو دوو چەمكە كۆمەلێك دەلالەتی دژ بەیەك لە خۆ دەگرێ بۆ نموونه شەڕ كارێكی فیزیكی و پڕە لە چاڵاكی جەستەیی و دەروونی و فیكری، كە دەڵێین فیكری بەو واتایەی نەخشە داڕێژەری شەڕ دەبێ لەوپەڕی ئامادەباشی فیكری بێت بۆ نەخشەیەكی سەركەوتووی شەڕ، هەرچەندە شەڕ لە ڕوانگەی مرۆڤایەتی كارێكی قێزەونەو دەبێتە هۆی كاولكاری و لەناوبردنی بەرامبەر. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەكی دیكەوە سەیری شەڕ بكەین ئەوا ژیان خۆی لە خۆیدا شەڕ و ململانێی تاكە بۆ بەرجەستەكردنی خۆی و دابین كردنی ژیانێكی شایستە بەمرۆڤ لەڕێگەی بونیادنانی ناوەوە و دژ بە كاولكاری دەرەوە. كە پێویستە ڕەچاوی كۆمەڵێك خاڵ بكرێ. لەبەرامبەردا زاراوەی شەراب دێ هەركاتێك ئەو ووشەیە دەبیستین بیرمان بۆ مەست بوون دەچێ، كە دەكرێ بە بێئاگای و خۆ دوورخستنەوە لە ئەرك و بەرپرسیارێتی ناوزەدی بكەین. كەواتە ململانێی لە نێوان شەڕ و شەراب نەمرە و لەكۆنەوە بوونی هەیە.
كورد دەڵێ كە تووشی ڕیش هاتی دەبێ شانەی بۆ هەڵگری. مرۆڤ هەرچەندە ئاشتی خواز و بێ وەی بێت كاتێ تووشی شەڕ و گیچەڵ پێكردن بێ دەبێت خۆی بۆ ئامادە بكات ئەگینا دووچاری لە ناوچوون دەبێتەوە. بۆیە شەڕیش خەبات كردنە لە پێناو ژیان و بوون.
ئەوەی من بۆی دەچم بیرۆكەی ئەو شانۆگەرییە پێمان دەڵێت شەڕ نەزان هەڵیدەگیرسێنێ و ئازا تێیدا لەناو دەچێ و گەندەڵ سوودی لێ دەبینێ.
نمایش.
لە هۆڵێكی داخراو و شێوە لاكێشەیی نمایش كرا كەشوێنی بینەر و وەرگر بەشێوەی لاكێشەیی ئامادەكرابوو. كۆمەلێك مۆم لە گۆشەنیگای جیا جیا بەكزی دەسووتێ لە ناوەڕاستی لاكێشەكە مێزێك چوار كەس لە دەوری دانیشتون خەریكی خواردنەوە و قومار كردنن. كەسرووتێكی جوان و سەرنج ڕاكێش بوو. لەسەر ستیەجی بەرامبەر وەرگر یەكێك دەردەكەوێت كە نەفرەت لە جەنگ دەكات. دواتر ئەوانی سەر مێزەكەش بە لێدوانی جیاواز باس لە شەڕ و جەنگ و پێشهاتە مەترسیدارەكانی دەكەن. یەكێك لە گۆشەیەكی دی دەردەكەوێت كە گۆجانێكی بەدەستەوەیە بە نیگەرانییەوە باسی شەڕ دەكات كە قاچێكی لەدەست داوە و كوێر بووە دواتر یەكێكی دیكە كە ئەویش دەست بەگۆجانە. نەفرەت لە شەڕ دەكات و گۆجانەكانیان دەكەنە تفەنگ.
پاش ئەوەی هەموو كارەكتەرەكانی نمایش نەفرەت لە شەڕ دەكەن و نەهامەتی دوای شەڕ دەردەبڕن. ئافرەتێك دێتە ناوەڕاستی هۆڵە لاكێشەكە و دەست بە سەمایەكی سۆفیگەری دەكات كە دەلالەتێكی ئایینی لە خۆ دەگرێت بۆ ماوەیەكی درێژ لە سەما بەردەوام دەبێت و پێمان دەڵێت كە هەموو نەهامەتی و نیگەرانیەكانی شەڕ و ژیان بە گەڕانەوە بۆ سەما كۆتایی دێت.
ئەكتەر لە نمایشەكە.
بەپێی ئەوەی كەسایەتیەكان ناو نرابوون بەكەسی یەكەم و دووەم و سێیەم هتد. هیچ خەسڵەتێكی كەسایەتیەكی دیاری كراویان لە خۆ نەگرتبوو جگە لە ئارام محەمەد كە وەك خزمەتگوزاری بارەكە دەركەوت . بۆیە كەسانی ڕووكەش بوون. كە دەكرا بە ئاماژەیەك جۆری كەسایەتیەكان دیاری بكرێن كە لە چ چین و توێژەكانی كۆمەڵگان، ڕەنگە ئەوەیان بەمەبەست بووبێ و نووسەر گشتگیری كردبن. پەیوەندی نێوان كەسایەتیەكان بوونی نەبوو بە هۆی ئەوەی كێشەی شانۆگەریەكە كێشەیەكی گشتگیرەو تایبەت نیە بە كەسایەتیەكان. بۆیە نواندن لای ئەكتەر تەنھا دەنگ هەڵبڕین چەندو جولەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراو بوو.
سینۆگرافیا و كەرەستەكانی نمایش.
وەك لە پێشتر باسمان كرد شوێنی نمایش لاكێشەیی بوو لایەكی ستەیج بوو كە دوو بارستایی بەرامبەر یەك هەبوو. دوو چەتری بەسەرەوە بوو. كە بەهیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر نمایش نەكرد. كە دەكرا سوودی لێ وەربگرن. لە شوێنی جیا مۆم داگیرساوە هەندێ جار مومەكان بەدەست ئەكتەرانەوە بوو. بەڵام بەشێكی زۆر لە سینۆگرافیا بەكار نەهێنرا. بوون و نەبوونی وەك یەك بوو.كەدەبوایە سوود لە بچوكترین كەرستەی سینۆگرافیا وەربگرێت بۆ نمایشێكی جوانتر.
لەگەل هەموو ئەوانەی باسمان كرد نمایشێكی سەرنج راكێش، ئێمەی كۆكردەوە. بۆ چەند ساتێك جوانیمان بینی و چێژ مان بینی. و نەفرەتمان لە شەڕ كرد.
دەستخۆشی زۆرمان بۆ ستافی شانۆگەریەكە و كۆلیژی هونەرە جوانەكان...
سلێمان گەڵاڵی
خوێندنەوەیەك بۆ نمایشی شانۆیی (شیعر و شەرابی دوای شەڕ)
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.