Erbil 1°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 01:39

گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر: بە جێبەجێكردنی رێكارەكانی بانكی ناوەندی بەهای دینار بەرزدەبێتەوە 

کوردستان TV
100%

هەرچەندە زیاتر لە ساڵێكە بانكی فیدڕالی ئەمریكا سیستەمێكی نوێی بەسەر عێراقدا سەپاندووە كە نابێت لە دەرەوەی ئەم سیستەمە مامەڵە بە دۆلارەوە بكات و ئەمەش بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە و رۆژانە نرخی دراوەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەڵام ڕێكارەكانی ئەم دواییەی بانكی ناوەندی عێراق، جارێكی دیكە بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار بەرزكردووەتەوە. و ناسەقامگیری لەبازار دروست كردووە.
بانكی ناوەندی عێراق لەمیانی دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێك بە مەبەستی ڕێگریكردن لە سپیكردنەوە و بە قاچاغبردنە دەرەوەی پارە، ڕێكاری نوێ دەگرێتە بەر، بەڵام هیچكام لە ڕێكارەكان نەیانتوانی بەهای دینار بگەڕێننەوە بۆ پێش ئەم دۆخەی ئێستا، هەر بۆیەش لە نوێترین ڕێكاردا بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو كە عێراق و توركیا ڕێككەتوون بۆ ئەوەی مامەڵە بازرگانییەكانییان لە ساڵی داھاتووەوە بە دراوی جۆری یۆرۆ، لیرەی توركی و دیناری عێراقی ئەنجام بدەن بەجۆرێك ھاوردەكردن بۆ عێراق بە جۆری لیرە یان یۆرۆ بێت و لە ناوخۆی عێراقیش بە دینار مامەڵەكان ئەنجام بدرێت و، ئەمەش بەهای دیناری بەرزكردووەتەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە بەشێوەیەك دوو هەفتە لەمەوبەر بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 158 هەزار دیناری عێراقی بوو بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەری ساڵ و هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی دوێنێ بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 148 هەزار و 500 دینار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا مامەڵەی پێوەكرا و ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێ و سستی لەلای بازرگانان دروستكردووە. بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی دیكە بەهای دیناری عێراقی دابەزی و بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 151 هەزار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

لەوبارەیەوە كەیفی خۆشناو گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر گوتی: حكوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەك پشتیگیری دیناری عێراقی دەكات، بەڵام لە ماوەكانی ڕابردوودا چەند كەسێكی دیاریكراو هەبووە كە یارییان بە بەهای دینار كردووە و ئەمەش یەكێك بووە لە هۆكارەكانی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێكارانەی بانكی ناوەندی بە دڵنیاییەوە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە.
هەروەها گوتی: لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا زیاتر خستنەڕووی دۆلار هەبووە، ئەم پڕۆسەیە خەڵكی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە و چاوەڕێ دەكرێت بزانین جێبەجێكردنی ڕێكارەكان بە كوێ دەگات بۆ ئەوەی چارەنووسی بەهای دینار یەكلایی ببێتەوە.
بەرزی و نزمی بەهای دینار بە رامبەر بە دۆلار، ترس و دڵەڕاوكێی لەلای خەڵك و بازرگانانیش دروستكردووە و، ئەمەش بازاڕی دۆلارفرۆشانی كەمتر كردووەتەوە.
 

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.