لەمەودوا بەلجیکا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو پەنابەرە پیاوانەی سینگڵن دابین ناکات، بەهۆی ئەوەی لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران دووچاری کێشە بووەتەوە.
حکوومەتی بەلجیکا لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران و ئەو کەسانەی شوێنێکیان نییە تێیدا نیشتەجێ بن تووشی کێشە بووەتەوە، بە جۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 3 هەزار پەنابەر داوای شوێنی نیشتەجێبوونیان لە حکوومەتی بەلجیکا کردووە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە حکوومەتی بەلجیکا بڕیاری داوە کە چیتر شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو پیاوانەی کە سینگڵن و داوای پەنابەریان لە وڵاتەکە کردووە دابین نەکات، ئەمەش ڕەخنە و دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە وڵاتەکەدا بەدوای خۆیدا هێناوە.
نیکۆل دیمۆر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی بەلجیکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە هاتووە، "بەهۆی کەمی شوێنی نیشتەجێبوون و زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی داوای پەناگە دەکەن، سەرجەم شوێنەکان بۆ ئەو خێزانانە دابین دەکرێن کە منداڵیان هەیە و داوای مافی پەنابەریان کردووە."
بڕیارەکەی حکوومەتی بەلجیکا کاتییە و ئەگەری هەیە لە ماوەیەکی دیکەدا بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە "بەشێوەیەکی کاتی هیچ کام لەو شوێنانە بۆ پیاوانی سینگڵ دابین ناکرێت."
ئەم بڕیارەی حکوومەتی بەلجیکا لەدوای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی بەرچاوی پەنابەران ڕوویان لە وڵاتەکە کردووە و داوای مافی پەنابەری دەکەن، ئەمەش فشاری خستووەتەسەر سیستەمی پەنابەری بەلجیکا، نیکۆل دیمۆر لە ڕاگەیەنراوەکە پێشبینی دەکات ژمارەی پەنابەران بۆ بەلجیکا زیاتر بێت.
ئامانجی سەرەکی حکوومەت لە بڕیارەکە گرینگیدانی زیاتره به خێزان و منداڵهكان تاوهكو له وهرزی زستاندا، منداڵان ناچار نهبن له كهشێكی ساردا بمێننهوه، وەک لە ڕاگەیەنراوەکە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی بەلجیکا دەڵێت، "دەمەوێت بە تەواوی مانەوەی منداڵان لەسەر شەقامدا لە وەرزی زستان کۆتایی پێ بێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.