دوای ئەوەی لە سوید و دانیمارك، قورئانی پیرۆز سووتێندرا و بێرێزی پێكرا، یەكێتیی زانایانی ئیسلامی جیهان، بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر رێكخراو، بیرمەند و پەرلەمانتارانی وڵاتانی عەرەبی، كۆڕبەندی نێودەوڵەتی پاراستنی پیرۆزییەكانی ئیسلامی رێكخست.
كۆڕبەندەكە لە شاری ئیستانبوڵ ساز كرا و لە راگەیەندراوی كۆتاییشدا جەخت لەوە كرایەوە كە ئەو بێڕێزییانەی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز ئەنجامدراون، هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی و بانگەوازێكیش ئاڕاستەی نەتەوەیەكگرتووەكان كرا تا بۆ رێگری كردن لە سوكایەتی كردن بە ئایینەكان بڕیارێكی گونجاو دەربكات.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەش كراوە كە پێویستە دەربارەی بەها پیرۆزەكانی موسڵمانان و رێگری كردن لەم سوكایەتییانە كۆنفڕانسێك ساز بكرێت و پلانێكی ستراتیجی دابنرێت بۆ رێگری كردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە.
رۆژی 21ی ئەم مانگە گروپی "نیشتیمانپەروەرانی دانیمارك" كە گروپێكی نەتەوەپەرستی توندئاژۆی دژ بە ئیسلامن، لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە كۆپنهاگن، قورئانی پیرۆزیان سووتاند، هەروەها ئاڵای عێراق و قورئانی پیرۆزیان فڕێدایە سەر زەوی و پێیان پیادانا.
لە سویدیش پەنابەرێكی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیكا، لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم مزگەوتی ستۆكهۆڵم، لەژێر چاودێری پۆلیستدا قورئانی پیرۆزی سووتاند.
هەروەها مۆمیكا لە رۆژی 20ی تەمووزیشدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم، لەژێر چاودێری پۆلیسدا ئاڵای عێراق و قورئانی پیرۆزی سووتاند.
یەكێتی زانایانی ئیسلامی دەربارەی سووكایەتیكردن بە ئایینەكان داوایەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.