دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، هۆشداریدا لەوەی "جەنگی جیهانی سێیەم نزیك دەبێتەوە.
مێدڤێدێڤ لە ڕێگەی "تەلەگرام"ەوە نووسیویەتی، ئەنجامە سەرەتاییەكانی لوتكەی دوێنێی "ناتۆ" هاوشێوەی چاوەڕوانییەكانی پێشووی ڕووسیا بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكە بە هەمان ئامانجەوە بەردەوام دەبێت و گرنگترینی ئەو ئامانجانەش ڕەتكردنەوەی هەوڵەكانی كیێڤە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە بكات.
مێدڤێدێڤ ، جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕووسیا وەڵامی ئەو بۆردومانە دەداتەوە كە ئۆكڕاینا بە بۆمبی هێشوویی ئەنجامیانداوە.
هەروەها مێدڤێدێڤ ڕایگەیاندووە، هەموو هاوكارییەكانی ڕۆژئاوا بۆ ڕژێمی كیێڤ بە چەكی جۆراوجۆر، كە دوایینیان بۆمبی هێشووییە، مەحكومن بە بنبەست و جەنگی جیهانی سێیەمیش نزیك دەبێتەوە.
هاوكات كۆریای باكوور بەتوندی سەركۆنەی بڕیاری ئەمریكای كرد بۆ رەوانەكردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆكراینا و رایگەیاند: ئەمە تاوانێكی دیكەیە كە مەترسیی روودانی كارەساتێكی دیكە بۆ جیهان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئاژانسی هەواڵیی ناوەندیی كۆریا (KCNA) كە ئاژانسی فەرمیی كۆریای باكوورە بڵاوی كردەوە، چۆی سۆن-هوی ،وەزیری دەرەوە، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رەخنەی لە رەوانەكردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆكراینا گرتووە لەلایەن ئەمریكاوە.
چۆی بڕیاری ئەمریكای بۆ رەوانەكردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆكراینا بە تاوانێكی دیكە كە مەترسیی روودانی كارەساتێكی دیكە بۆ جیهان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لەقەڵەم داوە.
هەروەها چۆی هۆشداری داوە كە ئەگەر ئەمریكا لە بڕیارەكەی پاشگەز نەبێتەوە ئەوا ئەنجامی دڵتەزێنی لێ دەكەوێتەوە و گوتوویەتی: بەناوی كۆریای باكوورەوە بەتوندی سەركۆنەی داواكاری ئەمریكا دەكەین بۆ چەكی بە كۆمەڵی وێرانكەر بۆ ئۆكراینا و داواكارین ئەمریكا چی زووە لەو بڕیارە پاشگەز بێتەوە.
جەنگی جیهانی سێیەم نزیك بۆتەوە؟!
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.