Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 02:56

بۆ چێشت لێنان ڕۆنی ئاژەڵ باشترە یان زەیتی ڕووەكی؟ 

کوردستان TV
100%

لەو پرسیارانەی ڕۆژانە دەكرێن و وەڵامەكەیان زۆر قورسە بریتین لەوەی : ئایا بۆ چێشت لێنان چی بەكارێت ڕۆنی ئاژەڵ یان كەرەی ڕووەكی یان زەیتی ڕووەكی، كامیان دەمان پارێزێت لە نەخۆشی، كام جۆری زەیتی ڕووەكی باشترە لە وانی تر ؟
لەسەر ئەم بابەتە "د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی – پسپۆڕی زانستی خۆراك " لە نووسینێكیدا دەڵێت" ناڕوونی ئەم پرسیارە لەوەوە دێت كە سەرچاوەو شوێن و شێوازی دروستكردن و پێكهاتووەكانی ناو ڕۆن و زەیت بە هەموو جۆرەكانییەوە ڕوون نین و نیشانەی پرسیاریان لە سەرە".
  هەروەها "د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی"  دەڵێت"باشترین جۆرەكانی زەیت و ڕۆن بۆ چێشت لێنان بریتین لە:  
1- زەیتی ڕووەكی باشترە لە ڕووی زانستییەوە تا ئەم چركە ساتە بە گوێرەی ڕێنمییایی كۆمەڵەی نەخۆشیەكانی دڵ و پسپۆڕانی خۆراكی ئەمریكی بە مەرجێك تا بتوانرێت بڕی كەمی لێ‌ بەكار بێت.
-2 باشترین جۆری زەیتی ڕووەكی بریتین لە ئەو زەیتانەی كە بە ڕێگای پەستانی سارد بەرهەم هێنراون باشترن لەو جۆرانەی بە ڕێگای پەستانی گەرم بەرهەمهێنراون.
3- ئەو زەیتانەی پلەی ( smokingpoint ) بەرزە واتا لەو پلەی گەرمی بەرزدا نەبێت دووكەڵ ناكەن.
4- ئەو زەیتانەی كە پڕۆسەی هەدرجەكردنیان بۆ نەكراوە.
5- بەگوێرەی ئەو مەرجانەی سەرەوە زەیت باشترین جۆری زە‌یت بریتیە لە گوێزی هیندی زەیتی زەیتوونی ئەسڵی كە نەپالێوراوە، دوای ئەوە زەیتی گوێزی هیندی، زەیتی ئەڤۆگادۆ (نرخەكەی زۆر گرانە)، زەیتی كونجی، زەیتی كانۆلا، زەیتی بادام، زەیتی گوڵە بەڕۆژەی بەرهەم هێنراو بە ڕێگەی پەستانی ساردو هەدرجەنەكراو (باشترە كەمترین بڕی لێ بەكاربهێنرێت، چونكە ڕێژەی ئۆمێگا شەشی زۆر تێدایە).
6- پێویستە زەیتی كەتان و خورماو زەیتی گوێز بەكار نەهێنرێت.
7 كەرەی ڕووەكی و ڕۆنی ڕووەكی زیانی زۆرەو پێویستە بەكارنەهێنرێن.
8- كەرەی خۆماڵی و ڕۆنی ئاژەڵ زۆر باشە بە مەرجێك ئاژەڵەكە بە گژوگیاو ئالیكی سروشتی بەخێوكرابێت نەوەك بە عەلەفـی دروستكراوو هۆرمۆن و ئەنتی باێوتێك و پاشماوەی خۆراكی مرۆڤەكان و پێویستە تا بتوانرێت بڕی كەمی لـێ‌ بەكاربێت.
10 زەیتی گوڵە بەڕۆژە كەم جۆری هەیە باش بێت ئەوانەی یەك بۆ دوو جار دەپاڵیورێتەوەو زۆربەی خراپە، چونكە ڕێژەی (ئۆمێگا 6) بۆ (ئۆمێگا 3) زۆربەرز دەبێتەوەو چەوری موهەدریجی تێدایەو چەند جارێك ئەپاڵورێتەوە.
10- زەیتی كانولا؛ ئەسڵییەكەی زۆر باشە، بەڵام ترسی ئەوەی كە ڕووەكەكە دەستكاری جینەكانی كراوە هەمیشە گومانی ئەوەی لە داهاتوودا مەترسی دروست بكات بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، بەڵام نەسەلـمێنراوە بە بەڵگەوە هەندێك لێكۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەكەن گوایە هایدرۆجینی تێكەڵ دەكرێت و ڕێژەی (ئۆمێگا 6) بۆ (ئۆمێگا 3) زۆر بەرزەو چەند جارێك دەپاڵورێتەوە.
11- زەیتی سۆیا باشترە زۆر كەم بەكاربێت یان هەر بەكارنەهێنرێت، چونكە ڕێژەی (ئۆمێگا 6) بۆ (ئۆمێگا 3) بەرزەو چەند جارێك دەپاڵورێتەوە.
12- ڕۆنی ئاژەڵ پێویستە ئاژەڵەكە بە گژوگیاو ئالیكی سروشتی بەخێو كرا بێت، پێویستە بڕی بەكارهێنراو زۆر كەمتر بێت و لە (10%) زیاتر لە بڕی چەوری ڕۆژانە تێ نەپەڕێت، چونكە چەورییە چڕەكان لەناو گۆشتی سوورو پەلەوەردا هەیە، بۆیە بەكارهێنانی لە ئێستا تەنها لەكاتی ڕێجیمی كیتۆدا ڕێگە پێدراوە، نەوەك ڕۆژانە بەكاربهێنرێت.
لە كۆتاییدا د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی دەڵێت :دوا ڕێنمیایی ئەوەیە تا بتوانرێت بۆ چێشتلێنان بڕی كەم زەیت بەكاربێت و لەیەك جار زیاتر بۆ سووركردنەوە بەكارنەیەت و پێش بەكارهێنانی سەیری مێژووی بەسەر چوونی بكەین.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.