Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 12:34

هونەر و ژینگە

کوردستان TV
100%


ژینگە و سرووشت، كە تابلۆیەكی هەرە جوانی ئافرێندراوی دەستی پەروەردگارن، پڕن لە وردەكاری و زەرافەت. سروشت و ژینگە بەهەمەجۆریی ڕووەك و باڵندە و گیانەوەر و هەوا و ئاو و تاڤگە و سەوزایی، پڕە لە هونەری باڵا، پڕە لە هاژە و سروە و هاشە و چریكە و جریوە و شنە، پڕە لە فڕین و گەشە و وەرین و هەڵبەز و دابەز، ئەمانە ئەو تابلۆیەن، كە خوای پەروەردگار وەستاكارانە دروستی كردووە و مرۆڤی تیادا كردووە بە ئاوێنەنما و جێنشین لەو تابلۆ هەمەڕەنگە باڵایەدا، كە هیچ كەموكووڕییەكی نییە و ئەگەر وەك خۆی بپارێزرێت، ئەوا ئەو جێنیشینەی خودا لەسەریدا بە ئاسوودەیی و ئارامی ژیان دەگوزەرێنێ.
ژیان، كە دیوێكی دیكەی ئەو تابلۆ باڵایەی دەستی یەزدانە، چەندین هۆكار و ڕێچكە و ڕێبازی تێدا هەن، بۆ ئەوەی ببن بە وەڵامدەرەوەی ئەو ژینگە و سرووشتە جوانە، ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بكا و بیانگرێتەبەر، كە هەمووی بۆ گەشە و ئاسوودەیی خۆیەتی، بەڵام بەداخەوە، چاوچنۆكیی مرۆڤ و ڕك و كینە و منۆكیی مرۆڤ، وایان كردووە كە پاوانخوازی و یەكترسڕینەوە بگرێتە بەر و سەرەنجام سەری خۆی خواردووە و ئاسوودەیی و ئارامیی لە خۆی بڕیوە. جەنگەكان و داگیركارییەكان و كوشتار و كارەساتەكان و دروستكردنی چەكە كۆكوژ و لەناوبەرەكان، باشترین نموونەن بۆ ئەو كینە و منۆكییەی مرۆڤ و سڕینەوەی بەرامبەرەكانی، بۆ دەستەمۆكردن و پاوانخوازییەكان بۆ خۆی.
بەڵام وەك لە سەرەوە گوتمان، هێشتا ڕێچكە و ئامرازی دیكە هەن كە ئەگەر مرۆڤ پەنایان بۆ ببات، ئەوا دەتوانێت سوود لە جوانی و خۆشی و ئارامییەكانی ژینگە وەربگرێت و بە قازانجی خۆی و تەندروستی و ئاوەز و مانەوەی خۆی بێت. لەو ڕێ و هۆكارانە كە مایەی ئاسوودەیی مرۆڤن، گەڕانەوەیە بۆ سرووشتی مرۆڤ خۆی و سرووشتی ژینگەی دەورووبەری، هەروەها پەنابردن بۆ ئەو هۆكارە سەردەمییانەی مایەی ئاسوودەیی ڕۆحی مرۆڤن، لەوانە هونەرە جوانەكان بە تەواوی بەشەكانییەوە.
پەنابردنی مرۆڤ بۆ لەبەرگرتنەوەی وێنەكانی سرووشت و ژینگەی پاك، بەر لە هەر شتێك مایەی پاككردنەوەی دەروونی خۆیەتی. دەستبردن بۆ كاری هونەری لەناو ڕەنگ و دەنگەكانی سرووشتدا مایەی ئاسوودەیی مێشك و ڕۆحی مرۆڤ خۆیەتی، ژەنین و گوێگرتن بۆ موزیك و چریكە هاوشانی چریكەی مەل و باڵندەكان، مایەی ئاسوودەیی گیان و دەروونی مرۆڤ خۆیەتی.
تەنانەت لە ساتی تەنگانە و خەمۆكیدا مرۆڤ ئەگەر بچێتە سەیری دیمەنی گوڵێك كە پەپوولە بەدەوریدا دێت و دەچێت، ئەگەر سەیری باڵندەیەكی خۆشئاواز بكات لەسەر چڵەپۆپەی درەختێك و گوێ لە دەنگ و ئاواز و چریكە و سەدای بگرێت، ئەگەر گوێ بۆ نای بگرێت، ئەگەر وەك قالەمەڕە شمشاڵ بژەنێت، ئەگەر دەفێك بگرێتە دەست و وەك دەروێش عەبدوڵا دونیای دەورووبەری خۆی پڕ بكات لە سەدا، ئەگەر نەشتوانێ كەمان بژەنێ، بەڵكوو گوێ لە شاكارژەنینی ناوداران بگرێت، ئەگەر خۆیشی دەنگ و سەدایەكی وای نەبێت بۆ گوتن و چریكاندن، گوێ لە زیرەك و ماملێ و ئەسغەری و عەلی مەردان و محەمەد عارف و خاڵەسێوە بگرێت، ئەگەر تاوێ بەدەم تەماشاكردن لە تابلۆیەكی ڕەنگاڵە بوەستێ و بگەڕێتەوە بۆ ناو ناخی خۆی و یادەوەرییەكانی، ئەوا ئۆخژن و ئاسوودەییەك بە گیانیدا دەگەڕێن و ئارامییەك ئەڕژێتە دڵ و دەروونی، كە بارتەقای هەرچی خەم و خەفەتە.
هەموو ئەوەی باسم كرد، هونەرە جوانەكانن، كە دەڵێم جوانەكان، واتا مایەی ئاسوودەیی، كە تەواو دووربن لە شێواندن و توندوتیژی.
هونەرەكانی كورد هێندە گەورە و مەزنن، هێندە زۆر و دەوڵەمەندن، هیچ پێویستیان بە شێواندن و لاسایی بێگانەكان و پەنابردنە بەر هونەری دەرەكی و خۆبەكەمزانیی نییە، بەڵكو هونەرەجوانەكانی كورد، كە زادەی سرووشت و ژینگەی پاكی كوردستان و تێڕوانینی مرۆدۆستی و ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی و هونەردۆستیی مرۆڤی كوردن، هێندە بەرز و جوانن، ئەگەر خۆمان دەستبەرداریان نەبین، هەرگیز خەم و ئازار ڕوومان تێ ناكا، بەپێچەوانەوە، بەو هونەرانە و لەناو ئەو ژینگە سرووشتییە ڕەنگاوڕەنگ و جوانەدا، تەواو ئاسوودە و بەختەوەر دەبین.
ن/فەرهەنگ غەفوور

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.