Erbil 19°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 01:22

مەڕوە محەمەد بۆ كوردستان تیڤی: نواندن لەسەر تەختەی شانۆ چێژی تایبەتی خۆی هەیە

کوردستان TV
100%

هونەرمەند "مەروە محەمەد" لە ساڵی 1983 لە شاری هەڵەبجە لە دایك بووە ،لە ئێستادا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە لە یەكێك لە قوتابخانەكاندا پەروەردەی هونەری دەڵێتەوە، خاتوو مەڕوە محەمەد یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە توانیویەتی توانستی خۆی لە بواری  نواندن بسەلمێنێت ،بەتایبەتی لە دراما تەلەفزیۆنەكان داو بەشداری چەندین درامای كردووە وەكو: (رەیحان ،وەسیت نامە ، گەردەلوول ،نامەكانی ئەشرف،سایە ،ساتەكانی ژیان ...هتد) بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارو چالاكییەكانی وەكو ماڵپەری كوردستان تیڤی ئەم هەڤپەیڤینەمان لە گەڵدا ساز كردووە. 
هەڤپەیڤین: كامەران حاجی ئەلیاس 
*ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرانمان باس لەژیانی هونەری خۆت بكەیت.
-سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەو بەسەركردنەوەیەتان،ئەوەی راستی بێت من هەر لەسەرەتای چوونم بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی لە بەشی شانۆ ،دەستم كرد بەكاری هونەری نواندن ،بە بەردەوامی لەهەموو قۆناغەكانی پەیمانگا، بەسەركەوتوویی بەشدار بووم لە چەندین كاری شانۆیی كرد لەهەمان كاتدا و بەشدارییم لە چەند درامایەك كرد وەكو (گەردەلول -وەسیەت نامە-نامەكانی ئەشرف-ڕێحان-سایە-ساتەكانی ژیان-خانەكەی حاجی ئاغا-فیلمی سینەمای دانیشتوانی علی ئاوا -كورتە فیلمی كراسی سوور و باوكەكانم-شانۆی ئاوازیكی خەمناك.....).
* وەكو زانراوە شانۆ لە بە باوكی هونەر ناوزەند كراوە لە هەمان كاتدا بەرێزتان دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانن بەرێزتان چۆن دەڕوانە هونەری شانۆ؟
- بێگومان شانۆ بەباوكی هونەر ناوزەند ئەكرێ چونكە بە رۆح و جەستە راستەوخۆ لەگەڵ بینەران ئاویزانی یەكتر ئەبێت لەهەمان كات دا چەندین هونەری تر وەكو موزیك و شێوەكاری لە خۆدەگرێت ،نواندن لەسەر تەختەی شانۆ چێژێ تایبەتی خۆی هەیە كاتێك ئەكتەر بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بینەران دەدوێت ، بینەریش زیاتر چێژ لەو هونەرەوە وەردەگرێت، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت نواندن لەسەرتەختەی شانۆ زۆر زەحمەتر لەنواندن لەبەرامبەر كامیرادا. 
*زۆر ێك لەرەخنەگران دەڵێن،لە ئێستادا بینەری دراما تەلەفزیۆنەكان، جەماوەریان زۆر زیاترە  لە  بینەری شانۆ و سینەما خوێندنەوەی بەرێزتان لەسەر ئەم بۆچوونە چییە؟
- راستە لەبەر ئەوەی دراما بێ ویست جەماوەر ئەچێت ماڵی هەموو كەسێك بەڵام شانۆو سینەما دەبێ كاتی بۆ تەرخان بكرێت. بۆیە زیاتر ئەو كەسانە بینەریانن كە لەبوارەكە كار دەكەن نابێ ئەوەشمان لە یاد بیچێت نمایشی ئاست نزم كاریگەری نەرێنی دەبێت،ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بینەری كەم بێت و بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا شانۆی باشیش هەبووە كە بینەرێكی یەكجار زۆری هەبووە.
*ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆیی لە شارەكانی كوردستان ساز دەكرێت، چۆن دەڕوانیتە ئەم فیستیڤاڵانانە؟
- من دەست خۆشی لەو هونەرمەندو لایەنانە ئەكەم كە ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆ ئەنجام دەدەن ، كارێكی زۆر باشە كە هونەرمەندان ئەزموونی یەكتری ببین ئاڵگۆڕی بیروراییەكان بكەن، لەهەمان كاتدا توانستی هونەرمەندان نیشان دەدرێن بۆیە من سازكردنی فیستیڤاڵەكان بەكارێكی زۆر باش دەزانم. 
*تاچەند شانۆ دەتوانێت گوزارشت لە ناسۆرییەكانی جەماوەر بكات، پێتان وایە لە كوردستان شانۆی كوردی ئەو رۆڵەی خۆی بینیوە؟
- لەرێگەی شانۆوە تا رادەیەكی زۆر ئەتوانیت گوزارشت لە ناسۆریەكانی جەماوەر بكات و هەرچەندە هەندێ كاری شانۆیی لێرەو لەوێ نمایش كراون بۆتە هۆی ئەوەی بینەر لە هۆڵەكانی شانۆ دوور بكەونەوە هیوادارم كارە شانۆییەكانمان رۆڵێكی گەورە یان هەبێت و ئەوەی تا ئێستا نەكراون هەوڵبدری رۆڵی خۆی بگێرێت. 
*ئێمە لە سەدەی بیست و یەك داین كەچی تائێستا، هەندێ لەتیپە شانۆییەكانی كوردستان گرفتی نەبوونی ئەكتەری كچیان هەیە پێتان وایە هۆكارەكەی بۆچی دەگەرێنیتەوە، لەوكاتەی ساڵانە چەندین ئەكتەری كچ لە پەیمانگا و كۆلیژەكان تەواو دەكەن؟
- چەند هونەرمەندێكی ئافرەتمان هەیە كە جێگەی دەستیان دیارە ساڵانە بەرهەمی شانۆیان هەیە لێرەوە دەستخۆشیان لێ دەكەم، راستە ساڵانە فێرخوازیكی زۆر لەو بوارە خوێندن تەواو ئەكەن ئەو ڕێژە زۆرە بەڵام بەشێك لەودەرچووانە تەنها بۆ بەدەست هێنانی بروانامەكەیانە نەك بۆ بەردەوام بونیان لە كاری هونەری و رێگری خێزانیش دەوری خۆی هەیە قبووڵی نییە كچی دەركەوێت.
*لە ئێستادا بەرێزتان مامۆستای وانەی پەروەردەی هونەرین لە قوتابخانە چۆن دەڕوانیتە ئەم وانەیە تا چەند گرنگی پێدەردێت لەلایەن بەرێوەربەری قوتابخانە و وەزارەتی پەروەردە؟
- بەداخەوە تا ئێستا ،وەك پێویست بایەخ بە وانەی هونەر نادرێت و كێشەی گەورەی ئێمە كاتێك بەشی شانۆمان تەواو كردوە لەخشتەی وانەكانی قوتابخانە وانەی شانۆ بوونی نییە، لەلایەكی تر تائێستا میتۆدێك بۆ وانەی پەروەردەی هونەری نییە،خاڵێكی تر لە زۆر بەی قوتابخانەكان ژووری تایبەت بە وانەی هونەر (نیگارگا) نییە هیوادارم لە داهاتوودا وەزەراتی پەروەردە بایەخی زیاتر بەو وانەیە بدات.
*دوا پرسیارمان ماوەیەكە هیچ چالاكی هونەریت نییە هیچ پرۆژەیەكی نوێ هونەریتان هەیە؟ 
- بەداخەوە هیچ پرۆژەیەكی نوێم نیە و ماوەیەكی زۆرە بەشداری هیچ كاریكی هونەریم نەكردوە وەكو دراما،دووبارە سوپاس بۆ بەسەركردنەوەم رێزو حورمەتم هەیە .

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.