Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 10:22

فەرماندەی تازەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو

کوردستان TV
100%

ڕۆژی 29ی ئاداری 2023، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی، فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، كۆڵۆنێڵ مارك دیمیشێل، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كرد و لەلایەن فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لێ كرا.
لە دیدارێكدا كە عەمید ڕوكن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەكان و ڕاوێژكارانی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، كۆڵۆنێڵ مارك، كۆتاییهاتنی ئەركەكەی بە سەرۆكی ئەركان ڕاگەیاند و كۆڵۆنێڵ تۆماس نیكۆلای، وەكوو فەرماندەی نوێی هێزەكانی ئەڵمانیا ناساند.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی ئەركان سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بە كۆڵۆنێڵ مارك گەیاند و بەخێرهاتنی كۆڵۆنێڵ تۆماس نیكۆلای كرد و ئامادەییی وەزارەتی نیشان دا بۆ هاوكاری و كاری هاوبەش، هاوكات هەوڵ و هەنگاوەكانی ماوەی ڕابردووی كۆڵۆنێڵ ماركی بەرز نرخاند، كە هەوڵی بێوچانی دا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێشخستن و سەركەوتنی پڕۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە.


بۆ ئەمەش گوتی: وەكوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ دەكەین لە هەماهەنگیكردن و هاوكارییه ‌بەردەوامەكانیان لە ڕێگەی ڕاوێژكارانی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ پێشمەرگە و دووپاتیشی كردەوە لە بەرانبەر مەترسییەكانی ئێستای تیرۆر و تیرۆریستان پێویستە هاوكاری و یارمەتییەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە فراوانتر بكرێت.
دەوڵەتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە ماوەی ڕابردوو لە ڕێگەی ڕاوێژكارانی سەربازییەوە لە هەرێمی كوردستان كاری گرنگ و كاریگەریان بۆ بەرزكردنەوەی توانستی سەربازیی پێشمەرگە و گەشەسەندن و سەركەوتنی پڕۆسەی چاكسازی كردووە، هاوكات ئەو وڵاتە ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە پێشخستنی كەرتی تەندروستیی پێشمەرگەدا هەبووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.