Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 06:27

دەقی گوتەکانی سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت

کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ناودار غەسان شربل، سەرنووسەری ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، باس لە ڕۆژانی ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن و هەڵەی ئەمریكا لەمبارەیەوە دەكات و ئەو ترسەش ئاشكرا دەكات كە لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن، لای ئێرانی و سوورییەكان درووست ببوو.

ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ـە لەگەڵ سەرۆک بارزانی:-

شەرقولئەوسەت: كەی ئاگاداركرانەوە كە ئەمریكا ئامادەكاری بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن دەكات؟

سەرۆک بارزانی: لە نیسانی 2002 شاندێك لە واشنتۆن هات، بانگهێشتێكی فەرمییان بۆ من و كۆچكردوو مام جەلال هێنابوو، تاوەكوو سەردانی واشنتۆن بكەین. ئاگاداریان كردینەوە كە پێشكەوتنێكی زۆر گەورە لە سیاسەتی ئەمریكا بەدیهاتووە، لە داهاتوودا شتی زۆر مەترسیدار ڕوو دەدەن، بەڵام ڕاستییەكەی وردەكارییان پێ نەگوتین.

سەردانەكەمان كرد، بەڵام سەردانێكی ڕانەگەیەندراو بوو، 3 تاوەکوو 4 ڕۆژ ماینەوە، بە فەرمی ئاگاداریان كردینەوە كە بڕیارەكە دراوە و ڕژێم لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە دەگۆڕدرێت.

شەرقولئەوسەت: كێ لە كۆبوونەوەكە ئامادە بوو؟

سەرۆک بارزانی: نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەوەی كە پێیان گوتین، جێگری بەڕێوەبەری CIA و پێموایە پێنتاگۆنیش، شاندێكی تێكەڵ بوو، پێیان گوتین كە بڕیارەكە دراوە و دەمانەوێ ڕای ئێوە وەربگرین. گوتمان ئەگەر ئێوە جددین لە ڕووخاندنی ڕژێم، بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە كە پاش ڕووخاندنی ڕژێم چی؟ گوتیان بۆ ئەم بابەتە ئێمە پێویستیمان بە یارمەتیی ئێوەیە، چ ئامۆژگارییەكمان دەكەن؟ لە ڕاستیدا ڕاوێژمان بەیەكتر كرد، من و كۆچكردوو مام جەلال و ئەو شاندەی لەگەڵماندا بوون، تێبینیی ئەوەمان كرد كە ئەوان ڕژێم دەڕووخێنن، جا ئەگەر ئێمە ڕازی بین یان ڕازی نەبین، ئەگەر بەشداریمان بكردایە یان نا.

گوتیان ئێمە پێویستیمان بە چەترێكی سیاسی هەیە كە دروست دەبێت لە میانی بەستنی كۆنگرەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە هەموو گرووپەكانیەوە و بەبێ جیاکردنەوە، لەو كۆنگرەیەدا دەبێ بڕیار لەوە بدەین كە چ دەكەین لەپاش ڕووخاندنی ڕژێم؟ گوتیان ئەمە بیرۆكەیەكی باشە و لەگەڵ هێزەكانی دیكەش كارمان كردووە. لە مانگی 12ـی ساڵی 2002 لەگەڵ گرووپەكانی دیكە ڕاوێژمان بە یەكتر كرد، زۆرینەیان پشتیوان بوون، بەشێكیش ناڕازی بوون.

شەرقولئەوسەت: پاش ئەوەی لە ئەمریكا گەڕانەوە، لە هێزە هەرێمییەكان كێتان ئاگادار كردەوە لە ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیەتان؟

سەرۆک بارزانی: پێموایە لە ڕێگەی گەڕانەوەم، سەردانی دیمەشقم كرد و چاوم بە سەرۆک بەشار ئەسەد كەوت، پێم گوت كە بڕیارەكە دراوە و رژێم دەڕووخێنرێت، ئەو گومانی هەبوو و باوەڕی نەدەكرد. ئەسەد ناڕازی نەبوو، بەڵام گوتی ئێوە بەرژەوەندیی خۆتان باشتر دەزانن.

شەرقولئەوسەت: ئایا ئێران ڕازی بوو بەوەی ئەمریكییەكان ڕژێمی سەددام بڕووخێنن؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ، ئەوان هێز و لایەنەكانی نزیک لە خۆیان هان دا.

شەرقولئەوسەت: كێت بینی لە تاران؟

سەرۆک بارزانی: چاوم بە شەهید محەمەد باقر ئەلحەكیم كەوت، داوام لێی كرد كە ئامۆژگاریی شاندی ئەنجوومەنی باڵا بكات، تاوەكوو زیاتر واقیعی بن. چاوم بە ڕەفسنجانی كەوت كە ئەوكات سەرك كۆمار بوو. چاوم بە قاسم سولەیمانی كەوت، قسە لەسەر بابەتەكە نەبوو، ئەوكاتە كەسایەتییەكی دیار نەبوو وەك دواتر، دۆسیەی عێراقی بەدەستەوە بوو.

شەرقولئەوسەت: قاسم سولەیمانی پشتیوانی ئەوەبوو كە ئەمریكا بێتە عێراق؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ، تەنانەت ڕەفسنجانی گوتی كە ئێمە ناتوانین بە ئاشكرا پشتیوانی ئەمە بكەن، بەڵام ڕووخاندنی سەدام بۆ ئێمە شتێكی گەورە و سەركەوتنێكی گەورەیە.

شەرقولئەوسەت: ئەی توركیا؟

سەرۆک بارزانی: توركیا پشتیوان بوو بەو مەرجەی ڕێگەی پێ بدرێت دوو فرقەی سوپای توركیا بێتە ناوەوە، فرقەیەكیان بچێتە مووسڵ و فرقەیەكی دیكەش بچێتە كەركووک.

شەرقولئەوسەت: لە كۆنگرەی لەندەن ڕێككەوتن لەسەر سیستەمی فیدراڵی؟

سەرۆک بارزانی: ڕێككەوتین لەسەر ناسنامەی عێراق وەک دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراسی فرەیی.

شەرقولئەوسەت: هەستت بە چی كرد ئەو ڕۆژەی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووخێنرا و سەرۆكەكەی لادرا؟

سەرۆک بارزانی: وەڵڵا ئایەتێكم بیر كەوتەوە كە دەفەرموێ ( اللَّهُمَّ مَالِكَ الْمُلْكِ تُؤْتِي الْمُلْكَ مَن تَشَاءُ وَتَنزِعُ الْمُلْكَ مِمَّن تَشَاءُ وَتُعِزُّ مَن تَشَاءُ وَتُذِلُّ مَن تَشَاءُ - ال عمران - الاية 26) بەبیرم هاتەوە كە ئەوكاتەی بچووک بووم، كاتێک كە شۆڕشی تەمموز ڕووی دا لە ساڵی 1958، چووینە كۆشكی (الرحاب) سەركەوتین بۆ سەربانی كۆشكەكە، دەستەواژەیەكم خوێندەوە كە لەسەر تانكیی ئاو نووسرابوو، كەسێک لەسەری نووسیبوو: كوفر بەردەوام دەبێت، زوڵم بەردەوام نابێت، تاوەكوو ئێستاش ئەو ڕستەیەم بیرماوە.

شەرقولئەوسەت: لە ساڵی 1958 چوویتە كۆشكی (الرحاب)؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ پاش شۆڕش.

شەرقولئەوسەت: پاش ئەو كوشتارگەیەی ڕووی دا؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ پاش كوشتارگەكە.

شەرقولئەوسەت: لەگەڵ ئەمریكییەكان لەسەر چی ڕێككەوتن لەپێناو ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕژێم؟

سەرۆک بارزانی: كۆنگرەی لەندەن بە ڕێككەوتن بوو، هاتنی حاكمی مەدەنی (گارنەر) بۆ یارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆن بوو بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی، بەڵام پاشان برێمەر بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە هات، ژمارەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشم لەبیر نییە، بەڵام لە ئازادكردنەوە گۆڕدرا بۆ داگیركردن، ئەمەش ئەمەش هەموو شتەكانی گۆڕی.

شەرقولئەوسەت: دیارترین هەڵەی ئەمریكییەكان چی بوو لە بابەتی هاتنیان بۆ عێراق؟

سەرۆک بارزانی: گەورەترین هەڵەیان خۆگۆڕینیان بوو بۆ داگیركەر.

شەرقولئەوسەت: پاش دوو دەیە، ئایا هیچ تەفسیرێكت بۆ بڕیارەكەی پۆل برێمەر هەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق؟

سەرۆک بارزانی: وەک بڕیاری لەسێدارەدان بوو بۆ كەسێكی مردوو، سوپا بە كردەیی هەڵوەشابووەوە، سوپا نەمابوو، پاش هەڵوەشانەوەی ڕژێم لە ڕۆژی نۆی نیسان، سوپا داڕما، نە سەربازگە و نە سەركردایەتی و نە پلەبەندی نەمان، هەموو پێكهاتەكانی داڕمان، سوپا بە تەواوی لەبەریەك هەڵوەشایەوە، بۆیە بڕیارەكە وەك ئەوە بوو تۆ بڕیاری لەسێدارەدان بۆ كەسێكی مردوو دەربكەیت.

شەرقولئەوسەت: كێ بوونی سەربازیی ئەمریكی تووشی داهێزران كرد؟ بەرەی مقاوەمە، ئێران یان سووریا؟

سەرۆک بارزانی: هەموویان بەشدارییان كرد لە داهێزرانی سوپای ئەمریكا، ئێران و سووریا و تیرۆر و مقاوەمەش جا هەر شتێكی ناو لێ دەنێیت، هەموویان بەشدار بوون.

شەرقولئەوسەت: ڕژێمی سووریا دەترسا لەوەی ئامانجی دواتر بێت؟

سەرۆک بارزانی: ڕاستەوخۆ پاش ڕووخانی ڕژێم، ئێرانییەكان و سوورییەكان تا ئەوپەڕی دەترسان، لەوەیان دەپێچایەوە كە كامیان لە پلەی یەكەمدا ئامانجە پاش ڕژێمی بەعس، ئایا ئێران ژمارە یەكە یان سووریا؟

شەرقولئەوسەت: كەی دوایین جار بوو چاوت بە سەدام حوسێن كەوت؟

سەرۆک بارزانی: رەنگە لە 1996.

شەرقولئەوسەت: چاوپێكەوتنەكە چۆن بوو؟

سەرۆک بارزانی: چاوپێكەوتنێكی باش بوو.

شەرقولئەوسەت: ئەوكات عێراق گەمارۆ درابوو؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ.

شەرقولئەوسەت: ئەو كاتەی هێرشتان كردە سەر هەولێر و داوای یارمەتیتان لە سەدام كرد، چ ساڵێك بوو؟

سەرۆك بارزانی: لە 1996 بوو.

شەرقولئەوسەت: پاش ئەوەی داوای یارمەتیتان لێی كرد، سەردانت كرد؟ یارمەتی پێشكەش كردن؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ. یارمەتیی پێشكەش كردین. هەڵبەت یارمەتییەكانی پاش دەستێوەردانی ئێران هات، سەرەتا ئێرانییەكان هاتنە ناوەوە، ئەوەش وەڵامێك بوو بۆ دەستێوەردانی ئێران.

شەرقولئەوسەت: ئایا سەدامت لە بەندیخانە نەبینی؟ هەوڵت نەدا چاوت پێی بكەوێت؟

سەرۆک بارزانی: نەمبینی و هەوڵیشم نەدا، نەمویست لە بەندیخانە بیبینم.

شەرقولئەوسەت: دڵخۆش نەبووی بەو دۆخەی سەدام كە دوژمنێكی كۆن بوو؟

سەرۆک بارزانی: دڵخۆشبوونی بەم جۆرە لە سیفەتی پیاواندا نییە هەرگیز، نە ئێمە دەستگیرمان كرد و نە ئێمەش ڕووخاندمان، ئەمریكییەكان هاتن و ڕووخاندییان، دڵخۆشبوونی لەم جۆرە سیفەتێكی پاک نییە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.