Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 04:58

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: ژماره‌ی تووشبووانی ئه‌یدز له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌مه‌ و زۆربه‌شیان بیانین

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژی جیهانی ئه‌یدز ئاشكرای كرد كه تووشبووانی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌یه‌كی كه‌مه‌ و ئه‌وانه‌شی تووشبوون زۆربه‌یان بیانین.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ رۆژی جیهانی ئه‌یدز ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا چه‌ند داتا و ئامارێكی خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:-

ڕۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵەکانی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتییە بۆ تووشبووانی نەخۆشی ئەیدز لەسەر ئاستی جیهان .

لە جیهان نزیکەی 40 ملیۆن کەس هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگریی لەش HIV هەیە و ساڵانە نزیکە 650 هەزار کەس دەمرێت لە جیهان و نزیکەی 1،5 ملیۆن کەسی تریش وەک توشبووی نوێ تۆمار دەکرێت.

هەرچەندە تا ئێستا ئەیدز چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەنەخۆشی ئەیدزی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن کە ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان تووشبووی ئەیدزی ڕزگار کرد بە جۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی 56 ٪ کەمکردۆتەوە هەروها هۆکاری کەمبوونەوەی لە 40% تووشبووی نوێیە، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئەیدز .

لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 ژمارەیەکی سنووردار لە حاڵەتی نوێی نەخۆشییەکە لەنێو هاووڵاتییانی هەرێم کە زۆربەیان بیانی بوونە تۆمارکراوە کە بۆ هەموویان کاری پێویست ئەنجامدراوە و لەژێر چاودێری پزیشکی خۆپارێزین لە هۆبەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە هەرێمی کوردستان وە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیارییان پێ دەدرێت.

تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 538 هەزار پشکنینی ڤایرۆسی HIV ئەیدز لە هەرێم ئەنجامدراوە کە بۆ هەموو بیانییەکان کە دێنە هەرێم و هەموو بوتڵێکی خوێن دەپشکندرێت، هه‌روه‌ها ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێکدێنن و کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و کەسانی ناو خانەی چاکسازییەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدەدرێت و هەموویان پشکنیان بۆ دەکرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە هەرێم کە جگە لەم پشکنیانە چاڵاکی هۆشیاری و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پشکنین لەخۆ دەگرێت.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەرنامەی درێژخایەنی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئەنجامدانی ئەو ڕێكارانەی ڕێگە دەگرن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە و توانراوە دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ سنووردارکردن و بەدواداچوونی حالەتەکان و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا لە ڕێگەی پشكنینی پێشوەختە و كاركردنی بە بەرنامە بۆ کەسانی گرووپی مەترسیدار و ئەو شوێنانەی كە مەترسی و ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەی لێ دەكرێت لە ڕێگەی تیمەكانەوە بەردەوامە لە چاودێریكردنیان.

لەم ڕۆژەدا، پەیاممان بۆ هاووڵاتییان ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیان لە نەخۆشییەکە، هەروها دوورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکانی وەک کاری سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری و دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان.

هۆشیاری و ناسینی ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بە ڕێگاکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەیە.

دەستخۆشی و ڕێز و ستایشی سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی تیمەكانی تەندروستی و تیمی پشكنین و گەڕان بەدوای حاڵەتەکان و تاقیگە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گواستراوەکان دەکەین، هیوای لەشساغی و سەلامەتی بۆ هەموو لایەک دەخوازین.

کوردستان تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.