Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 04:12

پەیامی ئێران لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 11ـی 2022 ڕایگەیاند، بەغدا و هەولێر دەبێت بەرپرسیارییەتی خۆیان لە دەستبەرکردنی سەقامگیری ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان بگرنەئەستۆ.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر حزبەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: ویستی ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە بەرهەڵستکارەکان لە حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر نابینین.

ڕاشیگەیاند: هیوادارین عێراق نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان، هەروەها نابێت هەولێر ڕێگە بدات بەرهەڵستکاران چەک هەناردە بکەن، بۆ دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆی ئێران.

ئەم لێدوانەی کەنعانی سەبارەت بە هەناردەکردنی چەک لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: سەرلەبەری ئەم هەواڵە بێ بنەمایە ڕەت دەکەینەوە کە چەندین جارە دووبارە دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێک بدرێت و ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە.

لە درێژەی گوتەکانی ناسر کەنعانی باسی لەوەش کرد کە پێویستە بەغدا و هەولێر بەرپرسیارییەتی خۆیان لە دەستبەرکردنی سەقامگیری ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان بگرنەئەستۆ، لە چوارچێوەی دانوستان و پابەندییەکانیان لەگەڵ ئێران.

دەشڵێت، بەداخەوە نەیانتوانیوە بەڵێنە دووبارەبووەکانیان جێبەجێ بکەن، کە دەبێت پشتبەست بە مافە یاساییەکان، گەرەنتی ئاسایشی هاووڵاتییان و سنوور و زەوییەکانمان بکەن.

کەنعانی هەروەها گوتی: ئێران باوەڕی بە ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاکی عێراق هەیە، ئەم پرسەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام گرووپە بەرهەڵستکارەکان لە هەرێمی کوردستان سەروەری عێراق پێشێل دەکەن و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران و سنوورەکانی دروست دەکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران پێشوازی لە فراوانبوونی سەروەری و هەژموونی عێراق دەکات بەدرێژایی سنووری نێوان دوو هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە

شەوی ڕابردوو ئێران بە مووشەک و درۆن بەچڕی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی جێژنیکان لە ناحییەی بەحرکەی سنووری پارێزگای هەولێر، قەڵای دیموکرات و بنکەی تەندروستی ئازادی لە کۆیە و زرگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە بۆردومانەکە کەسێک شەهید بوو.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.