Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 10:25

هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتایەك دەدرێت

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی بەلێشاوی نەخۆشییەك لە سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا لە زاری دكتۆرێكی هەناویی بەناوی زانیار ئاغالە ئاماژە بەوە دەكات كە گومانیان هەیە ئەو نەخۆشییە پەتای وەرزی بێت و وای بۆدەچن كە ئەنفلۆنزا بێت.
‎ئەو پزیشكە دەڵێت :ئەوەتان لاڕوون بێت ئەمە پەتایە، واتە مشەخۆر دروستی دەكات و لەیەكترەوە تووش دەبین، بۆیە هەتا خۆپارێزی بكەین كەمە.
دكتۆر زانیار ئاغالە پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لەو راگەیەندراوەی بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانیدا دەڵێت :ئاستەمە ئەم پەتایە هەڵامەت بێت، چونكە هەڵامەت لە سلێمانی سەرەتای پاییز دێت، هەروەها هەڵامەت زۆربەی كات لووت تەڕی و پژمەی لەگەڵە و بەكەمی تای بەهێز دەگرین.
لەبەرامبەر ئەگەری ئەوەی كە ئایا ئەو پەتایە كۆرۆنایە كە بڵاو بۆتەوە، ئەو دكتۆرە پسپۆڕییە هەناوییە دەڵێت، ئەگەر هەیە كۆرۆنا بێت، لەئێستادا كۆرۆنا بەفەرمی هێشتا ماوە لە سلێمانی و بەپشكنینی تەواویش كە لێرە پێی دەڵێن پشكنین لووت دەركەوتووە كە كۆرۆنا هێشتا هەیە.
سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا، ئەو پزیشكە دەڵێت :ئەگەری هەرە زۆر ئەوەیە كە ئەنفلۆنزا بێت، چونكە لە سلێمانی باوە لە ناوەڕاستی پاییز ئیتر ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە و هۆكاری سەرەكیش كردنەوەی قوتابخانەكانە، بوونی منداڵ بەكۆمەڵ لەیەك پۆلدا باشترین مۆڵگەیە پەتا تێیاندا بڵاوبێتەوە و لەیەكترەوە بیگرن و ئەوانیش دەهێننەوە بۆ ماڵەوە و كەسوكاریان تووش دەكەن. ئینجا لە منداڵ زۆربەی كات ئاسانە، بەڵام ئەنفلۆنزا لە گەورەكاندا بەهێزە و بگرە جاری وایە دەبێتە مردنی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە.
لەبارەی چارەسەری ئەو نەخۆشییە كە ماوەیەكە بڵاو بۆتەوە، دكتۆر زانیار ئاغالە داوا دەكات كەسێك نەخۆش كەوت هەروەك ئەوەی كۆرۆنا خۆی قفڵ بكات لە ماڵەوە، پشوو بدات و نەچێتە ناو خەڵك و سەردانی پزیشك بكات كاتێك زانی لەرزوتا زیاد لە رۆژێكی خایاند.
‎هەروەها دكتۆر زانا ئاغالە ئاماژە بەوە دەكات كە منداڵ سەرچاوەكەیە بۆ نەخۆشییەكە زۆربەی كات، بۆیە هەركاتێك منداڵ نەخۆش كەوت نابێت بچێتەوە خوێندنگا و دەبێت لە ماڵەوە بەماسكەوە نزیكی ببیتەوە و نزیك نەبێتەوە لە كەسە بەتەمەنەكانی ناو خێزان.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.