یانه‌ی مانچسته‌رسیتی پاڵه‌وانی دوو وه‌رزی ڕابردووی خولی ئینگلته‌را سه‌ركه‌وتنی له هه‌فته‌ی چواره‌می خوله‌كه به‌ده‌سهێناو به چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر به دوو گۆڵ له یانه‌ی كریستاڵ پالاسی میوانی برده‌وه.
دوای تێپه‌ڕبوونی چوار خولهك به‌سه‌ر فیكه‌ی ده‌ستپێكی یاری، جۆن ستۆنز به‌رگریكاری مانچسته‌رسیتی گۆڵێكی بۆ كریستاڵ پاڵاس به هه‌ڵه له گۆڵی تیپه‌كه‌ی خۆی تۆماركرد، پاشان یواكیم ئهندێرسێنی دانیماركی سوودی له لێدانێكی كۆرنه‌ر وه‌رگرت و گۆڵی دووه‌می میوانه‌كانی له خوله‌كی بیستویه‌ك به لێدانی سه‌ر به‌ده‌ستهێناو گێمی یه‌كه‌م به‌م دوو گۆڵه به سوودی كریستاڵ پاڵاس ته‌وابوو.
له گێمی دووه‌میش یاریزانانی مان سیتی ئه‌م دواكه‌وتنه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتن گۆڕی و له خوله‌كی په‌نجاوسێدا، بێرناردۆ سیلڤای پۆرتوگالی، گۆڵێكی بۆ مان سیتی تۆماركرد‌و جیاوازی گۆڵه‌كانی له نێوان هه‌ردوو تیپ كه‌مكرده‌وه، دواتر ئێرلینگ هالاندی نۆروێژی گۆڵی دووه‌م و به‌رامبه‌ری سیتیزێنزی له خوله‌كی شه‌ستودوو به لێدانی سه‌ر به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، له خوله‌كی حه‌فتاشدا، هالاند ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می خۆی و سێیه‌می تیپه‌كه‌ی تۆماركرد، دواتر ئه‌ستێره نۆروێژیه‌كه گۆڵی سێیه‌می خۆی و چواره‌می میوانداره‌كانی له خوله‌كی هه‌شتاویه‌ك به‌ده‌ستهێناو یه‌كه‌م هاتریكی به درێسی مانچسته‌رسیتی تۆماركرد.
به‌م بردنه‌وه‌ش مان سیتی كۆی خاڵه‌كانی له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان گه‌یانده ده خاڵ، كریستاڵ پاڵاسیش به چوار خاڵ له پله‌ی سێزده‌می ڕیزبه‌ند دێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.