Erbil 11°C چوارشەممە 06 تشرینی دووەم 02:07

جووتیارانی سنووری قەزای بەردەڕەش لە بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە دڵخۆشن

کوردستان TV
100%

ئەمساڵ لە سنووری قەزای بەردەڕەش بەرهەمی پەتاتە لەسەدا 200 زیادی كردووە و بەرهەمەكەی گەیشتووتە 160 هەزار تۆن و ئەوەش دڵخۆشی جووتیارانی لێكەوتووەتەوە.
لەوبارەیەوە سالم شەعبان كە جووتیارێكی سنوورەكەیە دەڵێت: ساڵانە 350 دۆنم لە پەتاتە لە سنووری دەشتی ناوكورێ لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەچێنت.
ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەمساڵ بەرعەمی پەتاتە زۆر باشە و رۆژانە نزیكەی 500 كرێكار لە زەوییەكانی كاری هەڵگرتنەوەی پەتاتە دەكەن و گوتی: وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاسانكارییان بۆ كردووە بۆ بەدەستهێنانی بنەتۆی پەتاتە، بەڵام ساغكردنەوەی تۆزێك زەحمەتە. 
ئاماژەوەی بەوەشداوە كە لە سنووری پارێزگای دهۆك هیچ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی چیپس نییە كە یارمەتیدەری ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیانە. 
سالم شەعبان داواشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە یارمەتیدەری ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بێت و گوتی: "بەرهەممان زۆرە و هەر ساڵ بەرهەمی پەتاتە بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەنێرین، زیاتر حەز دەكەین بەرهەمەكەمان لە ناوخۆی هەرێم ساغ بكەینەوە.
هەروەها تەحسین محەمەد، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی بەردەڕەش، دەڵێت: ساڵانە رووبەرێكی زۆر لە پەتاتە لە ناوچەكەمان دێتە چاندن، ئەمساڵ‌ نزیكەی 20 هەزار دۆنم لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە پەتاتە چێنڕاوە، سەرووی ١٦٠ هەزار تۆن بەرهەمی دەبێت، پار ساڵ 11 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێنرابوو، ئەمساڵ زیادی كردووە بۆ زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی، چاندنی پەتاتە لە سنوورەكەمان لەسەدا 200 زیادی كردووە".
تەحسین محەمەد لەبارەی هۆكاری زیادبوونی بەرهەمی ئامساڵی پەتاتە گوتی: ژمارەیەكی زۆر بیری ئاو لێدراوە، چونكە پەتاتە حەزی لە ئاوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر كۆگای ساركەرەوەمان هەیە كە دەگاتە 12 ساردكەرەوە كە پەتاتەی تێدا هەڵدەگیرێت و مەترسی لە ‌ناوچوونی لەسەر نییە، هەروەها پاڵنەرێكی تری چاندنی پەتاتە دروستكردنی پرۆژەی ستراتیجیی بەرهەمهێنانی پەتاتەی پیشەسازیی و خۆراكیی كارگەی جووتیارە كە دەكەوێتە ئەم سنوورە و بەم نزیكانە تەواو دەبێت و تەوابوونی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە مایەی زیاتر ساخكردنەوەی بەرهەمی پەتاتە، چونكە فێنگەری لێ بەرهەم دەهێنرێت.
جێگای ئاماژەیە پڕۆژەی كارگەی جووتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر و چیپس لە پەتاتەی پیشەسازی كە بە هاوبەشی لەنێوان وەبەرهێنەرانی كوردستان و وەبەرهێنەرانی هۆڵەندا و بە پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، رۆژی 17ی حوزەیرانی ساڵی 2021 بە گوژمەی نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار بەردی بناغەی دانرا.
حكوومەتی هەرێم رایگەیاندووە كە ئەو پڕۆژەیە لەماوەی 18 مانگدا تەواو دەكرێت، ساڵانە لەنێوان 50 بۆ 100 هەزار تۆن پەتاتە ساغ دەكاتەوە.
پێویستی ساڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ پەتاتە نزیكەی 100 هەزار تۆنە و‌ ئاستی بەرهەمهێنانیش نزیكەی 500 هەزار تۆنە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.