Erbil 13°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 17:42

فیلمی "نانی پیرۆز" خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی فێستیڤاڵی مۆسكۆی به‌ده‌ستهێنا

کوردستان TV
100%


فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز له‌ ده‌رهێنانی ره‌وانشاد ره‌حیم زه‌بیحی و له‌ به‌رهه‌مهێنانی تووره‌ج ئه‌سڵانی خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی به‌شی پێشبڕكێی دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ له‌ وڵاتی ڕووسیای به‌ده‌ستهێنا.

فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز نان مقدس Holy Bread دوایین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری كۆچكردووی كورد ره‌حیم زه‌بیحی، له‌ به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماكاری كورد تووره‌ج ئه‌سڵانی و به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی ماد موڤی MAAD
Movie؛ دوای به‌شداریی له‌ فێستیڤاڵه‌ گرینگه‌ جیهانییه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌نرخ، له‌ نوێترین و یازده‌یه‌مین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا، له‌ به‌شی پێشبڕكێی به‌ڵگه‌فیلمه‌ بڵینده‌كان له‌ دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ MKFF له‌ هۆڵی ناوه‌ندی سینه‌مایی ئۆكتیابر Oktyabr و هه‌روه‌ها له‌ سینه‌ما KARO 11 Ohta له‌ شاری سه‌ن پتێرزبورگ له‌ وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا نمایش كرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانی ئاماده‌بوو له‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌ پێشوازیی لێكرا و توانی خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی بڵندی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ده‌ست بێنێت.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی "به‌ڵگه‌فیلمه‌ بڵینده‌كان-ی دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ بریتیبوون له‌: ئیبراهیم سه‌عیدی دیكۆمێنت ساز، مۆنتێر و ده‌رهێنه‌ری به‌رهه‌مه‌ بڵینده‌ سینه‌ماییه‌كان ـ سه‌رۆكی لێژنه‌ی دادوه‌ران له‌ شاری مه‌هاباد، ئه‌كڕه‌م هه‌یدۆ Ekrem Heydo ده‌رهێنه‌ری ڕۆژئاوای كوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌ڵمانیا و دكتۆر ییلماز ئۆزدیل Yılmaz Özdil ره‌خنه‌گری كورد و ده‌رهێنه‌ری سینه‌ما له‌ وڵاتی توركیا.

بڵاوكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دیكۆمێنتارییه‌، له‌ ئه‌ستۆی كۆمپانیای تسویر گستر الهه‌ پارسی (ئێلی ئیمه‌یج) Eli Image به‌ به‌رپرسیارییه‌تی خاتوو ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت-ه‌.

نانی پیرۆز له‌ یه‌كه‌مین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له‌ به‌شی پێشبڕكێی فیلمه‌ نیوه‌ بڵینده‌كان" Mid-Length له‌ سی و سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌مستڕدام ـ ئیدفا IDFA له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا و له‌ درێژه‌ی به‌شدارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆیدا له‌ له‌ به‌شی پێشبڕكێی فیلمه‌ نیوه‌ بڵینده‌كان" له‌ هه‌ژده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی دیكۆمێنتاری بیگ ئسكای Big Sky له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا به‌ ناونیشانی یه‌كێك له‌ رووداوه‌ گرینگه‌كانی سینه‌مای به‌ڵگه‌فیلمی جیهان، له‌ به‌شی پێشبڕكێی ڤیترینی جیهان World Showcase له‌ بیست و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی هات داكس Hot Docs له‌ شاری تۆڕێنتۆ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا فێستیڤاڵی جێگای متمانه‌ی ئاكادیمیای ئۆسكار، له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی شه‌ست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ترێنتۆ" Trento له‌ وڵاتی ئیتاڵیا و هه‌روه‌ها له‌ به‌شی فه‌رمی "پێشبڕكێی ئاسیا" له‌ سێزده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڵگه‌فیلمی دیمز DMZ وه‌كو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیكۆمێنتاریی ئاسیا له‌ وڵاتی كۆریای باشوور نمایش كراوه‌.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دیكۆمێنتارییه‌، تا ئێستا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی "ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ گرینگیان هه‌یه‌" The Movies That Matter Award له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی حه‌ڤه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی "زاگڕێب داكس" ZagrebDox له‌ وڵاتی كڕواسیا، خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلم له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی بیست و چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دینی ئه‌مڕۆ" Religion Today له‌ شاری تڕێنتۆ له‌ وڵاتی ئیتاڵیا، خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی قوتابیان له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی "ئۆلجۆ" Ulju له‌ وڵاتی كۆریای باشوور، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی دوازده‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی له‌نده‌ن به‌ ناونیشانی سینه‌ماكاری كورد مێهمێت ئاكسوێ Mehmet Aksoy یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی وڵاتی به‌ریتانیا و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلم له‌ به‌شی پێشبڕكێی به‌ڵگه‌فیلمه‌كانی سینه‌مای كوردی له‌ هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" Duhok له‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌ده‌ستهێناوه‌.

دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "مۆسكۆ" Moscow به‌ به‌رپرسیاریی خاتوو گولیزه‌ر گه‌رده‌ن زه‌ری Gulizer Gerdenzeri، به‌ مه‌به‌ستی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و مێژووی كورده‌كان و هه‌روه‌ها ژیانی مۆدێڕنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ چاودێری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینه‌مایی، به‌ڵگه‌فیلم و كورته‌ فیلم له‌ سینه‌ماكارانی 8 وڵاتی جیهان و هه‌روه‌ها به‌ پشتیوانی "كارۆ ئاڕت" له‌ هۆڵه‌كانی ناوه‌ندی سینه‌مایی ئۆكتیابر و له‌ شاری مۆسكۆ و له‌ سینه‌ما KARO 11 Ohta له‌ شاری سه‌ن پتێرزبوورگ له‌ وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا به‌ڕێوه‌چوو.

مه‌نسوور جیهانی ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.