Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 16:32

له‌نمایشی دوا ڕۆژه‌كانی بابلۆ سیحری ڕاكێشانی بینه‌ر له‌كوێ دایه‌؟

کوردستان TV
100%


نمایشی چواره‌م ڕۆژی دوا ڕۆژه‌كانی بابلۆم له‌  هۆڵێكی پڕ له‌بینه‌ردا  له‌هه‌ولێر بینی، ویستم  به‌دیدێكی ڕه‌خنه‌یی دوور له‌و فشاره‌ میدیاییه‌ی هه‌بوو،  له‌هه‌قیقه‌تی نمایشه‌كه‌ بگه‌م و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بكه‌م، كه‌ تا ئێستا له‌ ڕووی  میدیاییه‌وه‌ ده‌نگۆیه‌كی گه‌وره‌ی ناوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت  دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 25هه‌زار بینه‌ر له‌سلێمانی شانۆگه‌ریه‌كه‌یان بینی.
ئه‌و پرسیاره‌ی به‌ر له‌هه‌موو شتێ  جێگه‌ی  سه‌رنجه‌ و دوای بینینی نمایشه‌كه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ سیحری ڕاكێشانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی بینه‌ر چیه‌ بۆ ئه‌ونمایشه‌؟ هۆكاره‌كانی چین؟
بێگومان كرۆكی نمایشه‌كه‌  خۆی  له‌سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی  نیشان ده‌دا.
هه‌ر یه‌ك له‌و ته‌وه‌رانه‌ كاریگه‌ری تایبه‌تی خۆیان  به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌وه‌ جێ دێڵن، 
یه‌كه‌میان: نمایشه‌كه‌ فۆرمێكیی كۆمێدی سووكی خێزانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌و فۆرمه‌ به‌هێمنی و هاوسه‌نگی دوور له‌ هه‌ڵچوون و زێده‌ ڕۆیی خۆی نیشان ده‌دات، بینه‌ر له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێ دیالۆگ و بزووتنه‌وه‌ی كۆمێدی  ده‌هێنێته‌ پێكه‌نینێكی هاوسه‌نگ و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی  چێژ وه‌رگرتن .
  له‌چوارچیوه‌ی نواندنێكی پڕ ئامانجی  دوور له‌هیچ  نیشانه‌و مۆركێكی ته‌هریجی.
ئه‌كته‌رێكی وه‌ك ڕێشان حه‌مۆش كه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی كۆمێدیاكه‌ ده‌بینێ،  توانایه‌كی  تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌  به‌هاوكاری دوو ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ، نمایشه‌كه‌ زیندوو ڕاده‌گرن و ڕێگه‌ ناده‌ن  ڕیتمی نمایشه‌كه‌ هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ست بدات.
 بۆیه‌ لایه‌نی ئه‌و فۆرمه‌ كۆمێدیه‌ وه‌ك لایه‌نێكی زاڵ به‌سه‌ر ڕووبه‌ری نمایشه‌كه‌وه‌ دیاره‌و نرخ و به‌هایه‌كی زۆریان به‌ سه‌نگی نمایشه‌كه‌ به‌خشیووه‌،
فۆرمی كۆمێدی له‌هه‌لوه‌رجێكی سه‌خت و ئڵۆزی وه‌ك ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگای كوردی، فۆرمێكی مه‌قبوله‌  ئه‌گه‌ر به‌و ئاست و ئامانجه‌ به‌رجه‌سته‌ بكرێت كه‌ له‌دواڕۆژه‌كانی بابلۆ به‌رجه‌سته‌كرا.
 گۆرانی و موزیك لایه‌نێكی زۆری پانتایی نمایشه‌كه‌ی داپۆشیووه‌،  كه‌ به‌هاوكاری گروپێكی موزیك ژه‌نی به‌توانا ، چه‌ندین گۆرانی به‌سۆزی كوردی به‌فۆرمێكی ڕاسته‌وخۆی زیندوو نمایش كرا.
ئه‌م ڕاسته‌وخۆییه‌ بۆ موزێك و گۆرانیه‌كان ، ته‌نانه‌ت بۆ موئه‌سراتی ده‌نگیش،  وای كردبوو  ڕیتمی  نمایشه‌كه‌ هه‌ر به‌زیندوویی بمێنێته‌وه‌،  جگه‌ له‌وه‌ی بینه‌ر له‌و ڕاسته‌وخۆێیه‌  چێژی زیاتری وه‌ڕ ده‌گرت، چونكه‌ ببوو به‌به‌شێك له‌ نمایشه‌كه‌.
خۆ ئه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌و موزیك وگۆرانیانه‌ به‌تۆمار كراوی بونایه‌، چێژو ڕیتمی نمایشه‌كه‌ وه‌ك ئێیستا نه‌ده‌بوو. 
هونه‌ری ده‌رهێنه‌ر له‌وه‌ دابوو كه‌ توانیبووی سوود له‌سیناریۆی تێكسته‌كه‌ وه‌ربگرێت كه‌ ده‌ڵێ بابلۆ ئاره‌زوو مه‌ندێكی گۆرانی و موزیك بوو دووچاری واهیمه‌یه‌ك ببوو وای ده‌زانی ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ بلیمه‌ته‌، كه‌سیش ئه‌و ڕاستیه‌ی پێ نه‌ده‌گوت كه‌ ئه‌و نه‌خۆشه‌و له‌ وه‌همدا ده‌ژیت چونكه‌ له‌هونه‌ردا كه‌سێكی فاشیله‌.
ده‌رهێنه‌ڕ زۆر زیره‌كانه‌ كۆمه‌ڵێ ئاوازو گۆرانی جوانی ده‌ست نیشان كردوه‌ كه‌ گوایه‌ بابلۆ به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات، له‌ كۆتایی گۆرانیه‌كان به‌نه‌شازی ده‌یانڵێته‌وه‌.
به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر له‌و كاته‌ی بابلۆ وه‌ك كه‌سێكی واهیمه‌دار لای بینه‌ر پێناسه‌ ده‌كات له‌كاتی ژه‌نینی جاس ده‌بێته‌ جاس ژه‌نێكی كارامه‌و لێهاتوو، به‌مه‌ش دووچاری دژایه‌تی بوونێك ده‌بێت له‌نیشاندانی كه‌سایه‌تی بابلۆ.
ده‌رهێنه‌ر له‌دیمه‌نی جاس لێدانه‌كه‌ كه‌ بۆته‌ به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌و كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی ته‌كنیكی و هونه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ، تووشی جیاوازی له‌ فۆرمی گۆرانی و موزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆرانیه‌كانی تر، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌كێشه‌ی به‌رز بوونه‌وه‌ی ڕیتم و تێكچوونی ئه‌تمۆسفیری نمایشه‌كه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌رهنه‌ر  ته‌نیا ده‌یه‌وێ به‌بینه‌ر بڵێ ڕیشان له‌ بواری جاس ژه‌نیندا لێهاتووه‌.
 ئه‌گه‌رچی ده‌رهێنه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ی نه‌پێكاو زۆر به‌گران له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌
3.لایه‌نی تراژیدی له‌و قۆناغه‌دا ده‌ست پێده‌كات كه‌ بابلۆ له‌ ئاكامدا ڕاستیه‌كانی بۆ ئاشكرا ده‌بێت و به‌ده‌م ئازاره‌كانیه‌وه‌ شێت ده‌بێت و دوا ڕۆژه‌ تاڵه‌كان به‌چاوی خۆی ده‌بینێ.
له‌و قۆناغه‌ تراژیدیه‌دا  هاوسه‌نگی نمایشه‌كه‌ له‌نگ ده‌بێت، به‌ هۆی دیالۆگی دوورو درێژی خیتابی، كه‌ ڕاسته‌وخۆ ڕووی له‌بینه‌ره‌.
به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌رده‌ سه‌ره‌تاییه‌كان جۆره‌ ساردییه‌ك هۆڵه‌كه‌ داگیر ده‌كات و بینه‌ر له‌ناو ئه‌و هه‌موو شه‌پۆله‌ پێكه‌نینه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو  ئه‌تمۆسفیرێكی تراژیدی دژ به‌ئه‌تۆسفیری كۆمێدی پێشوو.
بۆیه‌ بینه‌ر هه‌ست ده‌كات هه‌ردوو فۆرمه‌ كۆمێدی و تراژیدیه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر نابن.
بۆیه‌ بۆ ده‌رهێنه‌ر سه‌خت ده‌بێت هه‌ر سێ فۆرمی كۆمێدی وموزیك و سترانسازی و تراژبدی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببات.
به‌مه‌ ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگی له‌فۆرمه‌كاندا  له‌نگ كردووه‌ زێده‌ڕۆییه‌كی زۆرتر له‌پێویستی به‌تراژیدیا  كردووه‌،  ده‌بوا له‌ پانتایی تراژیدیاكه‌ كه‌م كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌خیتابه‌ دوورو درێژه‌كه‌ی دوا دیمه‌نی، كه‌ مه‌ترسیه‌كی زۆری خسته‌ سه‌ر نمایشه‌كه‌.
 له‌دیمه‌نه‌كانی دواییدا  ئه‌كته‌رێكی زۆر دێنێته‌ سه‌ر شانۆ، هه‌موو ڕوداوی نمایش و كاراكته‌ره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كۆ ده‌كاته‌وه‌.
ده‌رهێنه‌ر ویستی ئامانجێك له‌پرسی جانتاكه‌و فڕوفێڵ و خواز بینیه‌كان ده‌ر بخا، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێته‌ بینه‌رو بۆشاییه‌ك له‌و نێوانه‌دا دروست بوو ببێته‌ هۆی لاوازی فه‌لسفه‌ی نمایشه‌كه‌و ئامانجه‌كانی.
هه‌روا  كۆ كردنه‌وه‌ی  ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئه‌كته‌ر،  وای كرد بینه‌ر ده‌رفه‌تی ناسینی كاركته‌ره‌ لاوه‌كییه‌كانی  نه‌بێت جگه‌ له‌سێ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی نه‌بێت.
له‌ڕووی ڕیتمیشه‌وه‌ له‌و دیمه‌نه‌ی كه‌ خزمه‌تكار ڕاكێشی شێتخانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ڕاده‌كاو ده‌ڵێ من نیم و گه‌ڕانه‌وه‌ی زاوا به‌جانتای نیو ملیۆن دۆلاری  كه‌ پڕه‌ له‌ جلی ژنان و هاتنی تیمی شێتخانه‌و ڕاكردنی هه‌ر یه‌كه‌و به‌ئاراسته‌یه‌ك و ئه‌و ئاژاوه‌ تێك چرژاوه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگا  بێ سه‌رو به‌ره‌، باشترین ده‌رفه‌ت بوو  بۆ كۆتایی و به‌جێ هێشتنی ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ كه‌ ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌.
  به‌ڵام شێت كردنی بابلۆو خیتابه‌كانی كۆتایی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ ده‌ست داو له‌ ڕیتمێكی مردوودا نمایشه‌كه‌ كۆتایی هات .
حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.