Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 14:34

پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک: په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ی زیاتری پێده‌ده‌ین

کوردستان TV
100%


پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک و پارتی دیموکراتی کوردستان گەشە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن.

 لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسی مەکتەب و دێسکی ئەوروپای پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەخێرھاتنی لارس ئەسلان ڕاسمۆسێن، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی سۆسیال دیموکراتی فەرمانڕەوای دانیمارک و سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی دانیمارک لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دا لە ستراسبۆرگ کرد.

لارس ڕاسمۆسین، بۆ یەکەمین جارە لەسەر ناوی فراکسیۆنی پارتی سۆسیال دیموکراتی فەرمانڕەوای دانیمارک سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک ئامانجی سەردانەکەی بۆ ھەولێری پایتەخت خستەڕوو کە ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە ھەموو ئاستەکان دا لە نێوان وڵاتی شاھانەی دانیمارک و ھەرێمی کوردستان دا و ھەروا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دوو پارتی دۆست و حوکمڕان.

ھوشیار سیوەیلی لە دیدارەکەدا رایگەیاند بە سوپاس و گەشبینییەوە دەڕواننە پشتگیری و ھاوکارییەکانی حکوومەت و گەلی دانیمارک لە حکوومەتی ھەریمی کوردستان و دامەزراوەکانی و پشتگیری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی شەڕی داعش و مەشق و ڕاھێنان و ھاوکارییەکانی سەربازی وڵاتی دانیمارک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی بنبڕکردنی تیرۆریستانی داعش لە کوردستان و ناوچەکە دا، ھەروەھا سوپاس و ستاییشی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری و ھاوکارییەکانی  بەردەوامی حکوومەت و گەلی دانیمارکی لە  ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی ھەرێمی کوردستان ئاراستە کرد. لە دیدارەکەدا بە فراوانی باسی میکانیزمی فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی دانیماک و ھەردوو پارتی دۆست کرد لە ھەموو بوارەکانی جێی بایەخی نێوان ھەردوولادا کرا. 

لە لایەکی تریشەوە بە فراوانی باسی دۆخی سیاسی و ئاساییش و پێشکەوتن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا وڵاتانی ناوچەکە و جیھان و دۆخی مرۆیی ئاوارەکانی کریستیان و کوردانی ئێزیدی و لە ھەموو ئایین و نەتەوەکانی تر لەسەردەمی شەڕی داعش و دۆخی ئێستای پێکھاتەکانی ئایینی و ئیتنی و کولتووری و بەرزی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی ئایینی پێکھاتەکان و ڕۆڵ و بەشدارییان لە پەرلەمان و لەسەرجەم جومگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی ئیداری لە ھەرێم وەک بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگای ھەرێمی کوردستان و گرنگیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مافەکانی پێکھاتەکان لەسەر ئاستی ئۆڕگانەکانی پارتی و لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە عێراقی فیدڕال لەسەر بنەمای چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووردا و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی وڵات دا.

ھاوکات کێشەی کوردانی ئێزیدی لە شنگال و کریستیانەکان لە موسڵ و دەشتی نەینەوا و دۆخی ناوچەکانی سەر سنوور کە بە ھۆی مەترسی ئەمنی و دەستێوردانی چەکدارانی پەکەکە و پەلامارەکانی سەربازی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سەر سنوورەکان سەدان گوندی سەرسنوور چۆڵکراون و خەڵکی سڤیل بە ھۆیەوە ئاوارە بوون و پەیتا پەیتاش کوردانی ئێزیدی لە دەڤەری شنگال و کریستیانەکانی دەڤەری موسڵ بەھۆی نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و بەردەوامبوونی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و میلیشیا چەکدارەکان بۆسەر خەڵکی سڤیل، بەوھۆیەوە ئەو ئاوارانەی پێشتر گەڕابوونەوە بۆ سەر گوندو و ناوچەکانی پێشوویان دووبارە بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچدەکەنەوە کە تاکە شوێنە لە ھەموو عێراق دا کە ڕێز لە ماف و کەرامەت و ئازادی ئیتنی و ئایینیان دەگیرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە خێرخوازییەکانی حکوومی و ناحکوومی ھەرێم و بیانی و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری و ھاوکاری دەکرێن.

ھەروەھا لە دیدارەکە دا دۆخی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ڕۆڵ و پێگەی کورد و پێکھاتەکان کرا لەسەر ئاستی ھەرێم و بەغدا، ھاوکات باسی چاکسازی لە حکوومەتی ھەرێم و ھەڵبژاردنی داھاتوو پێشبنیەکان بۆ ئێستا و ئایندەی ھەرێمی کوردستان شیکردنەوەیان بۆ کرا. ھەروەھا داوا لە پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک کرا کە ئالۆگۆڕی شاندی حکوومی و حیزبی لە نێوان دانیمارک و ھەرێمی کوردستان و ھەردوو پارتی دۆست دا بەردەوام بن و فراکسیۆنی پارتی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک پێشنیار بڕیارێک ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بکات بۆ بەفەرمی ناساندنی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعس بەرامبەر بە  بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی و بایۆلۆژی لە ھەڵەبجە و شوێنەکانی تری کوردستان لەگەڵ ئەنفال و قڕکردنی گەلی کورد لە ڕابردوو داو بە قڕکردنی کوردانی ئێزیدی و کریستیانەکان و پێکھاتەکانی تری ئیتنی و ئایینی لە سەردەمی ھێرش و پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

ھەروەھا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی دانیماک بکرێت کە حوکمڕانی دانیمارک بەدەست پارتی سۆسیال دیموکرات و ھاوپەیمانەکانیەوەیەتی ھەوڵ بدرێت ئۆفیسی باڵیۆزخانە یان کۆنسوڵگەری گشتی وڵاتی شاھانەی دانیمارک لە ھەولێری پایتەخت بکرێتەوە بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، بازرگانی، کولتووری و زانستی لە نێوان دانیمارک و ھەرێمی کوردستان دا.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکی پێشکەشکرد بۆ سەرکەوتنی پرۆگرامی سەردانی ئەم پەرلەمانتارەی پارتی سۆسیال دیموکراتی فەرمانڕاوەی دانیماک لە ھەرێمی کوردستان.

کوردستان هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.