Erbil 27°C شەممە 27 تەمووز 06:15

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیان: شۆڕشی گوڵان ئومێد و متمانە و باوەڕی  بۆ گەلی كوردستان گەڕاندەوە

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان پەیامێكی له (46)مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی ...
په یامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان  
له (46)مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا

بەم بۆنە گرینگ و مێژویی و پڕ سەروری وپڕشنگدارەوە  سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی سەرۆكی نەتەوەییمان ھەڵۆی بەرزەفڕ و بیر پاك و بیر تیژ و نیشتمان پەروەری دووربینی كوردستان مستەفا بارزانی و كاكە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی كورد و كوردستان و شەھیدانی ئەنفال  دادەنوێنین.

ھەر لەم یادە بەرزوو پیرۆزەدا جوانترین  پیرۆزبایی ئاراستەی  خەڵكی دڵسۆزو سەربەرزی كوردستان و گشت پێشمەرگە سەربەرزەكان دەكەین وبەتایبەت  ھەموو  ئەو بەرپرس و كادر و پێشمەرگە قارەمانانەی كە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول بە ماویەكی زۆر كەم لە دۆخێكی زۆر سەخت و دژواردا گیان لەسەر دەست و بەشەوق و بە دڵێكی پڕ لە ھیوا و، باوەڕ بە خواو بە خۆ و، بە گەل و بەڕەوایەتی پرسی گەلی كوردستان و، بە سەركەوتن ، بەرو پێش دەچوون  و  بەرەو  ڕووی مەرگ  و توندوتیژییەكانی ڕژیمی دیكتاتۆری بەعسی بەغدا و  پیلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و بەرامبەر بە كارە دڕندانەكانیان بە سەربەرزی و نەترسی و مەردانە و بێ سڵكردن لە مەرگ، بە باوەڕی تەواوو پشت ئەستوور بە ھێزی گەل سەربەرزانە وەكو لوتكەی چیا بەرزەكانی كوردستان چەقین وەستان و،  شۆڕشی گوڵانی پڕ له شكۆیان  بۆ ڕزگاركردنی گەل و خاكی كوردستان لە ستەم و دیكتاتۆریەت و بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی كوردستان  له كوردستانی باشوور بەرپا كرد و، ووتیان «كوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە» و بۆ ئەو مەبەستە شۆڕشی گوڵانی بەرپا كرد و ئومێد و متمانه و باوەڕی  بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێكراوی كورد و كوردستان - گەڕاندەوە و بۆ كوردستانییان و گشت عێراق و  دەوڵەتەكانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند كه هیچ كات ئیرادەی  گەلی كوردستان ناشكێت  و له خەبات و تێكۆشان كۆڵنادەن تاكو تەواوی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بە دەست دێنن.
شۆڕشی گولان ھەستانەوەی  نەتەوەیەك بوو دژی داگیركەرانی گەل و خاكی كوردستان و شكستھێنان بوو بە پەیماننامەو پیلانەكانی  داگیركەرانی گەلی كورد و كوردستان وەكو ڕێككەوتننامەكانی گامبڵ و سایكس پیكۆ و  سەعد ئاباد و  ڕێككەوتننامەی شوومی  جەزائر و لە ھەمان كاتیشدا ھاوڕدانەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕێككەوتننامەی سیڤەر - یش بوو. لەو كاتە تاریك و سامناكەی كە ڕژێمەداگیركەرەكانی خاكی كوردستان دەستیان دابوو بە یەك بۆ كۆیلە كردن و لەناوبردنی  گەلی كوردستان ، كە چی ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەلەكەمان كە زۆر بە نھێنی و دڵسۆزی و ئارامی كاریان دەكرد لە پڕ بریسكەیەكی زۆر بەھێز و ڕووناك و بەدەنگ لە سۆران و بادینان و ناو جەرگەی  كوردستانی باشوور  دەنگی دایەوە .
بە فەرمانی  ڕێزدار سەرۆكی گەلی كوردستان بارزانیی نەمر و، ڕێنمایی ھەردوو ڕێزدار كاكە ئیدریس بارزانیی ھەمیشەزیندوو  و سەرۆك كاك مسعود بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی كاتی كە ھەم كادر و ھەم پێشمەرگەی  گیان لەسەر دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان  ئامادەی مەرگ بوون بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەوا وداگیر كراوەكانی گەلەكەمان لە ھەندەرانەوە گەڕانەوە بۆ سەر خاكی كوردستانی داگیركراو بۆ زیاتر بەھێزكردنی باوەڕی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی مافەكانیان، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بوو. ھەرچەندە ئەو سەردەمە كوردستان لە ناو  تەمومژ و تاریكیی سامناكدا  بوو، ڕۆڵە گیان لەسەر دەستانی پارتیمان  ھیچ سڵێكیان  لە دڕندایەتیی دیكتاتۆرەكان و بیرە شۆڤینییەكانیان و دامودزگا داپڵۆسێنەركانیان نەدەكرد و ئاسۆی ڕووناكیان دەبینی. دەستیان بە ڕێكخستنەوەی  ڕیزەكانی پارتیمان كرد و سنووری كاری سیاسی و چالاكیی سەربازی لە ناو كوردستانی باشوور كرایە دوو ھەرێم، ( ھەرێمی یەك و ھەرێمی دوو ) بۆ گونجاندنی كاری سەربازی و سیاسی لەگەڵ بارودۆخی دژوار و لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیكتاتۆری ئەو سەردەمە ھەرێمی (1) یەك  ناوچەی بادینان - (دھۆك و موصل). بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا و سەرەتا ژمارەیەك مەفرەزەی چەكداریان  ڕێكخست و لەناو شارەكانیش ڕێكخستنی نھێنییان دامەزراند و لە سنووری ھەولێریش بۆیان ھەبوو كار بكەن.
ھەرێمی (2) دوو  ، ناوچەی سۆران (ھەولێر و كەركووك و سلێمانی)  بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ  داندرا. لە  ھەرێمی دوو  ژمارەیەك مەفرەزەی چەكدار ڕێكخران  و ڕێكخستنی نھێنیش لە ناو شارەكان و زانكۆكان دامەزرێندران و، شۆڕشی گولان، ئەو شۆڕشە گرینگەیە كە بەو شێوەیە  ھەڵگیرساندرا و دەستی پێكرد.
ھەر لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا تواندرا ئێزگەی دەنگی كوردستان بگەیەندرێتە چیاكانی ئازادكراوی كوردستانی باشور و دەس بكا بە پەخشەكانی و ببێتە دەنگی زلالی پێشمەرگەو شۆڕش .
ئەو ڕێزدارانەی كە لەبەر نسكۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن  چووبوونە  ھەندەران بەتایبەت (ئەوروپا و ئەمریكا) ژمارەیەكیان كاری سیاسی و دیپلۆماسییان دەكرد و ھەوڵی ڕێكخستنەوەی ڕۆڵە دڵسۆزەكانی كوردستانیان دەدا  كە ئاوارەی ھەندەران بووبوون ڕێكیان دەخستنەوەو.
ژمارەیەكیش  چووبوونە سوریا و لەوێ خۆیان ڕێكخستبوو ئامادە بوون  بۆ گەڕانەوە و بەردەوامیدان بە خەباتی چەكداری  و سیاسی لە یەكێك لەو دوو ھەرێمەكان و ژمارەیەكیانیش بۆ كاری سیاسی چوونە ھەندەران .
لێرەدا زۆر گرینگە بووترێت  گەلی سەربەرزی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان ھاوكار و پاڵپشتی زۆر گرینگ بوون بۆ پشتوانی شۆڕشی گوڵان .
بێ پایان سوپاسگوزاری  ھەوڵ و ماندوبوونی ڕۆڵەكانی نەتەوكەمانین لە باكور و، ڕۆژھەلات و، ڕۆژئاوای كوردستان و، لبنان و گشت ئاوارە سەربەرزەكانی ھەندەران لە ئێران و توركیا و سوریا و ئەوروپا و گشت شوێنێكی جیھان.
لەم یادە پڕشكۆیەدا  جارێكی دیكە سڵاو  لە گیانی پاكی سەركردەی سەبەرزی  گەلی كوردستان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.
سڵاو بۆ شەھیدانی  سەركردایەتیی كاتی (قیادەی مۆقەتە) و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالكراوی كورد و كوردستان و بەتایبەت شەھیدانی شۆڕشی گولان . 
سڵاو بۆ گشت پێشمەرگە و كادر و بەرپرسانی  شۆڕشی گوڵان و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
 

کوردستان هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.