Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 15:06

un: ئەگەر بەندەرەكانی ئۆكراینا نەكرێنەوە رەنگە برسێتی و كۆچی بەكۆمەڵ رووبدات

کوردستان TV
100%

بەرنامەی خۆراكی جیهانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (WFP) رایگەیاند كە داخرانی بەندەرەكانی ئۆكراینا بەڕووی هەناردەكردنی دانەوێڵە بۆ وڵاتانی جیهان "جەنگێكە لە دژی ئاسایشی خۆراكی جیهانی" و هۆشداری دا لەوەی رەنگە "برسێتی و كۆچی بەكۆمەڵ" ڕووبدات.
دەیڤید بیزلی، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراكی جیهانی، لە میانی كۆبوونەوەیەكدا كە لەسەر ئاستی وەزیران لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچوو، گوتی: "سەرۆك پوتین، بانگەوازتان لێدەكەم، ئەگەر دڵتان هەیە تكایە ئەم بەندەرانە بكەنەوە."
بیزلی ئەوەیشی خستەڕوو كە بێتوانایی لە هەناردەكردنی ئەو دانەوێڵانەی لە بەندەرەكانی ئۆكرانیا هەڵگیراون "جەنگێكە لە دژی ئاسایشی خۆراكی جیهانی" و هۆشداری دا لەوەی ئەگەر بەندەرەكان نەكرێنەوە، رەنگە "برسێتی و كۆچی بەكۆمەڵ" رووبدات.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند، ئاستی برسێتی جیهانی بەرەو ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ دەڕوات و ئەو كەسانەی رووبەڕووی نائاسایشی توندی خۆراك بوونەتەوە لە دوو ساڵی رابردوودا لە 135 ملیۆنەوە بۆ 276 ملیۆن كەس زیادیكردووە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ئاماژەی بەوە دا كە زیاتر لە 500 هەزار كەس لە بارودۆخی برسێتیدا دەژین و ئاشكراشی كرد كە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2016ەوە بەڕێژەی لەسەدا 500 زیادی كردووە.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە ئۆكراینا و رووسیا نزیكەی یەك لەسەر سێی پێداویستییەكانی جیهان لە گەنم و جۆ و نیوەی پێداویستییەكانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە دابین دەكەن و گوتی: "لە پەیوەندییەكی چڕدان لەگەڵ رووسیا، ئۆكراینا، توركیا، ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپا بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی دانەوێڵە لە بەندەرەكانی ئۆكراینا".
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.