Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 11:12

پۆڵەندا 12 هەزار سەرباز لە سنووری نێوان وڵاتەکەیی و بێلاڕووسیا جێگیر دەکات

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی پۆڵەندا حكوومه‌تی بێلاڕووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەوڵ دەدات ڕووبەڕووبوونەوەی گەورە له‌نێوان سه‌ربازان و كۆچبه‌راندا ڕووبدات، بۆ ئه‌مه‌ش 12 هەزار سەرباز لە سنووری نێوان وڵاتەکەیی و بێلاڕووسیا جێگیر دەکات. 

ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو بووەتەوە، ئەو شەپۆڵە فراوانەی کۆچبەران نیشان دەدات لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا کە لە ڕێگەی بێلاڕووسیاوە دەیانەوێت بۆ ئەم وڵاتە بڕۆن، پاشان ڕوو له‌ وڵاتانی دیکەی ئەوڕوپا بكه‌ن، لەمباره‌وه‌ حکوومەتی پۆڵەندا ڕایگەیاند، سەرباز و پاسەوانی زیاتر لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکە بڵاوەیان پێکراوە، لەبەرامبەردا لیتوانیاش کە هاوسنوورە لەگەڵ بێلاڕووسیا و پۆڵەندا ڕایگەیاند، لەوانەیە باری نائاسایی لە سنووری خۆی و بێلاڕووسیای دراوسێی ڕابگەیەنێت.

هەروەها یەکێتی ئەوروپاش کە پۆڵەندا و لیتوانیا هەردووکیان ئەندامن تیایدا، بێلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە هانی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا دەدەن بۆ تێپەڕاندنیان بۆ ناو وڵاتانی ئەوروپا.

پۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دووشەممە کۆچبەران هەوڵیان داوە بە زۆرەملێ سنووری وڵاتەکەیان ببەزێنن، هەروەها ڤیدیۆیەکیش کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پۆڵەنداوە بڵاو کراوەتەوە، هەزاران کۆچبەر بە قەمسەڵە و جلی زستانەوە دەردەکەون، یەکێک لە کۆچبەرەکان لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە هەوڵ دەدات ئەو تەلبەندەی لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتدا دانراوە ببڕێت و بڕواتە سنووری پۆڵەنداوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش دۆخەکە بە ترسێنەر ناو دەبەن.

وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لەو لێشاوەی کۆچبەران 12 هەزار سەرباز لە سنوورەکە بڵاوەیان پێ کراوە.

هەروەها پۆڵەندا ئاماژە بەوە دەکات کە بێلاڕووسیا ئامانجییەتی ڕووداوێکی گەورە دروست بکات و دەیەوێت ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاری لەنێوان کۆچبەران و هێزەکانمان دروست بێت، هەروەها ئامانجییەتی قەیرانی پەنابەران لە ئەوروپا دروست بکات.  

لەبەرامبەردا ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی هۆکاری دروستکردنی قەیرانی پەنابەران بێت و ڕاشیگەیاند، حکوومەتی پۆڵەندا مامەڵەیەکی نامرۆڤانە بەرامبەر کۆچبەران جێبەجێ دەکات، "پێویستە ئەوەش بوەستێنرێت".

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن كه‌ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ بەهۆی سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنییان ڕەت ده‌کردەوە، لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا و بەریتانیا سزای بەسەر سەپێنرا، لەبەرامبەردا حکوومەتەکەی لوکاشینکۆ هەوڵ دەدات بە دروستکردنی قەیرانی پەنابەران فشار بخاتە سەر یەکێتی ئەوروپا.

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.