لەڕۆژگارێکدا كوردستان لەژێر زه‌بر و سته‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی داگیرکەردا دەیناڵاند بەتایبەت له شارى کەرکوک ، لەو هەل و مەرجە دژوار و پڕ كێشه‌و چەوسانەوەیەدا، هونەرمەندێکى دەنگخۆش و گەروو پاراوى ڕه‌سه‌نی کوردى وهەڵگرى بۆن بەرامەى فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری گەرمیان لەشارى کەرکوکەوە چرۆ و گه‌شه‌ی كرد ، هاوشانى هونەرمەندانى ئەوشارە چریکاندى و دەنگە خۆشەکەى دا بەگوێی بیسه‌ران و بینەران دا .
لەو سەردەمەدا كه حیزبی به‌عسی فاشیست ده‌سه‌ڵاتدار بوو، هەموو شتێک یاساغ و بڤه بوو ، تەنانەت ناونانى منداڵ و جگەرگۆشەکان كه به‌ناوی كوردی یه‌وه ناوبنرێن ، ده‌بوو هه‌موو شتێك به‌دڵ و ئاره‌زووی خۆیان و ڕژێمه‌كه‌یان بێت ، بەڵام ئەو هونەرمەندە كه لێیان پرسیوه ناوی سیانیت چی ؟ ئه‌ویش بوێرانە و دلێرانه ناوە پیرۆزەکەى ( کوردستان ) ى کردۆته پاشگرى ناو و نازناوى هونەرى خۆیی و ، به‌ده‌نگێكی بڵند و بوێرانه به (سابیرکوردستانى ) خۆی ناساندووه .
سابیرکوردستانى هونەرمەندێکى ( نابینا ) بەڵام تەنیا لەچاوى دڵه ڕوون و گەشاوەكه‌یه‌وە لە جوانییەکانى ژیان و بەرزى و پیرۆزى هونه‌ر و خۆشه‌ویستی نیشتمانی ڕووانیوە .
لەدەستپێکى کارى هونەرییەوە لەژێر کاریگەرى دەنگى خۆش و هونەرى جوانى گەورە هونەرمەندان ( مامۆستا عەلى مەردان و محەمەدى ماملێ و تایەرتۆفیق ) دا بووه، هەروەها کاریگەرى مەقامە ڕەسەنەکانى شارى کەرکوک و گەرمیان دا بووه و ، زیاتر هۆگر و عاشق بەهونەرى مه‌قام و گۆرانی نەتەوەکەى بووە .
سابیر کوردستانى بەهرەمەند و هونه‌رمه‌ند تواناى چڕینى ئاواز‌و بەستەو مەقامى کوردى هەبووە ، وەنابێ ڕۆڵ و هاوکارى و پشتیوانى مامۆستاى بەستە و مەقام ( عەلى مەردان ) فەرامۆش بکەین لەهونەرى سابیرکوردستانى دا ، هونه‌رمه‌ندیش قوتابییه‌كی به‌ئه‌مه‌ك و دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی مامۆستا( عه‌لی مه‌ردان ) بووه.
سابیر کوردستانى بەو عەشقە پاک و بێگەردەى هەیبووە بۆهونەرى موزیک و مەقام و گۆرانى کوردى هەنگاوى بۆئەو دونیا جوانەى هونەر هەڵگرتووە ، بەهەستێکى نابینایانەوە تێکستى بۆ زۆرێک لە گۆرانییەکانى خۆى داناوە ، کە هەرهەموویان هەڵقوڵاوى ناخ و برک و كۆژانەکانى خۆیی و کۆمەڵ و نەتەوەکەى بووە .
دەتوانم بڵێم سابیرکوردستانى ( بەستە بێژ ، ئاوازدانەر ، شاعیر و مەقامبێژ و مەقامزان و مه‌قام ناس بووە ) ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌ته هونه‌رییانه له‌هه‌ست و نه‌ستی هونه‌رمه‌ندێكدا ا كۆبوونه‌ته‌وه و لەبەرهەمەکانیدا جیا له‌هۆنراوه‌كانی خۆی، هۆنراوەى شاعیرانى نەتەوەکەمان ڕەنگى داوەتەوەو ئاوازى لەسەرداناوون و بەدەنگە بەخۆشەکەى چڕیوونى .
ئەگەر بە وردى خوێندنەوە بۆ هۆنراوە و گۆرانییەکانى سابیر کوردستانى هونه‌رمه‌ند بکرێت ، باس لەئێش و ئازار و ئاواتەکانى خۆی دەکات ، لەچاوى دڵەوە درکى بە نابەرابەریی و چەوساندنەو ئەو زوڵمەى کە کۆمەڵی كورده‌واری لەکچ و ئافره‌ت و ژنی کردووە ، کوردستانى ئەو نایەکسانییەى لە گۆرانییەکانیدا بەرجەستە کردووە، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه تاڵ و مه‌رگه‌ساته‌ی كچێكی كورده پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ و هونه‌رمه‌ند وه‌ك په‌یامێك ده‌یدا به‌كۆمه‌ڵ و ئه‌و باوك و دایك و برایانه هوشیار ده‌كاته‌وه كه چیتر زوڵم و سته‌م له كچه‌كانیان نه‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ند به‌ده‌نگه ناسك و خۆشكه‌ی ده‌ڵێت:
( کچ دەڵێ منیان دابەشوو ، هەرچەندە بەدڵیشم نەبوو
خوایه شوكرم به‌كاری تۆ ، قیسمه‌ت و نسیبم وابوو )
یان ئەوەندە بەحه‌سرەتەوە ڕوودەکاتە پەروەردگارى مەزن کە چاوێکى پێ ببەخشیباو جوانى ژیان و مەعشووقەکەى پێ ببینیایە ، هەربەو حەسرەت و ئاواتەوە کوردستانى دەچریکێنێ ...
( خۆزگە لەم دنیایەدا گەرچاوێکم هەبووایە
وەسفى جوانى ئەو کچەم بەدڵى خۆم بکردایە
شه‌وێ تاكو به‌یانی شیعرم بۆی هه‌ڵبه‌ستایه
ئه‌وسا مردنم هه‌ق بوو ، ناهه‌ق نه‌بوو خودایه )
لەماوەى نیوسەدە بەردەوامى لەچڕینى ئاواز‌و گۆرانى کوردى ، هونەرمەند سابیرکوردستانى بەبێ دەنگى و بەهێمنى کارە هونەرییەکانى ئەنجامداوە و چاوەڕێی پاداشت نەبووە ، دەپرسم کێ هەیە ڕۆژێک لەڕۆژان ئەم هونەرمەندە هێمن و دەنگخۆش و پڕ بەرهەمە گلەیی و گازاندە و داخوازى زیاتر لەژیانى سادەیی خۆیی ، لەکوردستانى یەوە بیستبێت .
سابیر کوردستانى هونەرمەندێکى دڵپاک و سادەو خۆنەویست و نەفس بەرز و زمان شیرین و میهره‌بان و عاشق به‌خاك و نیشتمانه‌كه‌ی ، هەروەک چۆن بەهێمنى درێژەى بەهونەرە جوان و ڕەسەنه‌کەى خۆی دا ، هەربەوشێوەیەش بەهێمنى و بەبێ دەنگى ژیانئاوایی لەهونەر و هەموان کرد .
هه‌ڵدانه‌وه لاپه‌ڕه جوانه‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ..!
هونه‌رمه‌ند ( سابیر محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د) ناسراو به ( سابیر كوردستانی) له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار و نه‌دار و كه‌مده‌رامه‌تی هۆزی ( بڵباس ) له‌شاری كه‌ركوك له (1/7/1955) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه ، سه‌باره‌ت به مێژووی ساڵی به‌دنیاهاتنی هونه‌رمه‌ند دیاره گومانی له‌و مێژووه هه‌یه‌و پێمان ده‌ڵێت ( ئێمه ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بین هیچ كه‌س به‌بیری نایه‌ت كه‌ی هاتۆته دنیاوه ، به‌ڵام به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆم و قسه‌ی كه‌س و كارم له‌كۆتایی ساڵی (1956) یان سه‌ره‌تای ساڵی (1957) هاتوومه‌ته دنیاوه ، به‌ڵام به‌پێی ناسنامه له‌ساڵی (1955) له‌ناوچه‌ی كه‌ركوك له‌دایك بوومه و هه‌رئه‌مه‌ش حیسابی بۆ ده‌كرێ و له‌وێش گه‌وره بووم ) (1)
ژیانی منداڵی و لاوی له‌گه‌ڕه‌كی ( ئه‌حمه‌دئاغا) ی شاری كه‌ركوك به‌سه‌ر بردووه ، له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا هه‌ست به‌ده‌نگخۆشیی و سۆزێكی شیرین له‌ده‌نگیدا به‌دی كراوه‌و له‌نێو هاوڕێیان و خزم و كه‌س و كاردا و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن هاوسێ ماڵه‌كه‌شیانه‌وه داوای گۆرانی‌یان لێكردووه و گۆرانی‌یان پێ خوێندووه، له‌و ته‌مه‌نه‌دا سه‌رنجی گوێگرانی بۆ ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ڕاكێشاوه‌و پێی سه‌رمه‌ت و سه‌رسام بوون.
جێی داخه هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا نه‌خراوه‌ته به‌رخوێندن، به‌ڵام حه‌زو خولیای بۆ خوێندن و نوسین هه‌بووه، خۆی بێ ئومێد نه‌كردووه ، له‌ڕێی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی یه‌وه چۆته تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ و بڕوانامه‌ی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی به‌ده‌ستهێناوه.
ئایا هونه‌رمه‌ند له‌زگماكه‌وه كه‌م بینا بووه، یان له‌دواتر دا بینایی له‌ده‌ست داوه ؟!
بۆئه‌وه‌ی زیاتر بگه‌ینه ئه‌و زانیارییه‌ی كه ئایا هونه‌رمه‌ند چۆن كه‌م بینا بووه، له‌یه‌كێك له‌دیداره‌كانیدا هونه‌رمه‌ند خۆی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌دركێنێ و ده‌ڵێت ( زۆر كه‌س واده‌زانن كه من له‌سه‌ره‌تادا زگماك نابینابووم، به‌ڵام وانییه ، وه‌ك بۆم باس ده‌كه‌ن، چاوێكی شینی جوانم پێوه بووه..! نابینا نه‌بووم پێشتر ، وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی دووچاری چاو ئێشه بووم ، به‌هۆی داب و نه‌ریتی كورده‌واری و نه‌بوونی پزیشك ، هه‌ندێك ده‌رمانی یان بۆ به‌كارهێناوم گوایه بۆ چاوئێشه كه‌م به‌سووده، ئیتر تووشی ئه‌و حاڵه‌ته‌بووم و ئه‌و ده‌رمانه كورده‌وارییه تووشی نابینایی كردم ، ناتوانم بڵێم من نابینام ، من (كه‌م بینام) شت ده‌بینم ، به‌ڵام زۆر ناتوانم ته‌ركیز بكه‌م ، به‌ڵام هه‌ست به‌ڕووناكی و تاریكی ده‌كه‌م ، بۆ زانیاری زیاتر به‌و كه‌م بینایشه‌وه زۆر پاسكیلم له‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆمان لێخوڕیوه ) (2)
ده‌ركه‌وتن و ناساندنی هونه‌ره‌كه‌ی به جه‌ماوه‌ر ..؟!
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی به‌سته‌و مه‌قام له‌هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی به‌دی ده‌كرێت و خۆشیی خولیا‌و حه‌زێكی بێ وێنه‌ی هه‌بووه، له‌دوای به‌یانی (11 ی ئاداری ساڵی 1970) كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارام بۆ وڵات دێته ئاراوه و جه‌ماوه‌ر له‌گوند و شارۆچكه‌و شاره‌كان به‌ئاهه‌نگ و خۆشیی و شادی و كه‌یف و سه‌فا به‌سه‌رده‌به‌ن، به‌وبۆنه‌یه‌وه ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ری له‌شاری كه‌ركوك سازده‌كرێت و سابیر كوردستانی ته‌مه‌ن (15) ساڵ وه‌ك لاوێكی جوان و ده‌نگخۆش له‌و ئاهه‌نگه‌دا بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت و به‌گۆرانی و مه‌قام به‌شدار ده‌بێت،به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ( تیپی مۆسیقای سۆلاڤ) به‌مه‌قامی ( برا مه‌پرسه بۆ وا ماتم ،،كاكه ده‌ركراوی خاكی وڵاتم) بۆیه‌كه‌مجار له‌سه‌ر شانۆ خۆی به‌جه‌ماوه‌ر ده‌ناسێنێ و ئه‌وه‌نده ده‌نگ و به‌سته‌و مه‌قامه‌كانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر داده‌نێت ، چه‌ندین جار داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده موزیكژه‌نه‌كانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ و جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌ستخۆشیی لێده‌كه‌ن و هانی ده‌ده‌ن كه‌به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر گۆرانی گوتن و هونه‌رمه‌ندیش به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێده‌دا كه‌واز له‌گۆرانی خوێندن نه‌هێنێ و به‌رده‌وام بێت .
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1971) له‌ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆزبه‌شدار ده‌بێت ، دواتر به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌و ئاهه‌نگه جه‌ماوه‌رییه‌دا به‌گوڕو تینێكی زۆری هونه‌رییه‌وه به‌شدار ده‌بێت ، پاشان له‌ساڵی (1972) به‌بۆنه‌ی یادی به‌یانی 11ی ئادار ئاهه‌نگێك سازده‌كرێت، له‌و ئاهه‌نگه‌دا چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی كورد‌و عه‌ره‌ب له‌به‌غداوه ئاماده‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌بن وه‌ك هونه‌رمه‌ند و مامۆستای مه‌قام ( عه‌لی مه‌ردان ) هونه‌رمه‌ند ( حسێن عه‌لی ) له‌و ئاهه‌نگه‌دا له‌نزیكه‌وه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ده‌ناسێ ، له‌دیدارێكمدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی سه‌باره‌ت به‌و ئاهه‌نگه لێم پرسی ، كه له‌كاتێكی دره‌نگی شه‌ودا نۆره‌ی هاتووه كه گۆرانی و مه‌قام بخوێنێ ، هونه‌رمه‌ندباس له‌و كاته ده‌كات كه چۆن مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ( عه‌لی مه‌ردان ) ی ناسیوه‌و چی پێووتووه ؟! ( به‌بۆنه‌ی یادی 11ی ئازاره‌وه به‌شداریم له‌و ئاهه‌نگه‌دا كرد، له‌و ئاهه‌نگه‌دا له‌نزیكه‌وه خوالێخۆشبووان مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و حسێن عه‌لی یم ناسی یادیان به‌خێر ، له‌و ئاهه‌نگه‌دا جگه له هه‌ندێك گۆرانیبێژی عه‌ره‌ب ، گۆرانیبێژێك هه‌بوو ناوی ( ڕزگار سه‌عید) ئه‌وكاته چه‌ند گۆرانییه‌كی له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا هه‌بووئه‌ویش به‌شداربوو، له‌شاری كه‌ركوكیش هونه‌رمه‌ندانی خوالێخۆشبوو( عه‌لی عه‌زیز و قادر مه‌ردان) به‌شداربوون، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان پێی وتم ( ئه‌رێ كوڕم بیستوومه ده‌ڵین تۆ مه‌قامیش ده‌زانی؟ وتم مامۆستا ئه‌وه‌ی ئه‌یزانم ئێستا گوێتان لێ ده‌بێ و ئه‌و كاته ڕای خۆتان له‌سه‌ر من ده‌ربڕن و بزانن چۆنه؟ له‌و ئاهه‌نگه‌دا كاتژمێر (2) ی شه‌و نۆره‌ی من هات ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان زانی كه‌سه‌ره‌ی من دره‌نگ كه‌وتووه و شه‌و دره‌نگه، پێی وتم وه‌ڵڵا ناڕۆم تا گوێم له‌ده‌نگ و گۆرانی و مه‌قامه‌كانت نه‌بێ، له‌و كاته دره‌نگه‌ی شه‌ودا كاتژمێر دووه چوومه سه‌رشانۆ و گۆرانی و مه‌قامه‌كانم خوێند، كه‌ته‌واو بووم مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و هونه‌رمه‌ند حسێن عه‌لی یادیان به‌خێر هاتنه لام و زۆر ده‌ستخۆشیان لێكردم و زۆر هانیان دام ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان وتی : كوڕم من له‌به‌غدام هه‌ركاتێك هاتی و پێویستت به‌هه‌رجۆره یارمه‌تیه‌ك بوو ئه‌وه من ئاماده‌م ، ئه‌وه له‌و كاته‌دا هانده‌رێكی گه‌وره بوو بۆ من )(3)
ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌بێته ڕێخۆشكه‌ر بۆ هونه‌رمه‌ند كه زیاتر هه‌نگاو هه‌ڵگرێ بۆ نێو دنیا پیرۆزه‌كه‌ی به‌سته‌و مه‌قام ، هونه‌رمه‌ند به‌رله‌وه‌ی ڕوو بكاته ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا ، به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری شاری كه‌ركووك ، سروود و گۆرانییه‌ك له‌ته‌له‌فزیۆنی ڕه‌ش و سپی شاری كه‌ركوك تۆمارده‌كات ، سروودی ( كورد و عه‌ره‌ب ) و گۆرانیه‌كی فۆلكلۆر به‌ناوی ( به‌هه‌رمێ و هه‌نار ) ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاته ئه‌و ستۆدیۆیه تایبه‌ت نه‌بووه به‌تۆماركردنی گۆرانی و ته‌نها بۆ ستۆدیۆیه‌كی بچوك بووه بۆ هه‌واڵ ، كوالێتی ئه‌و دووبه‌رهه‌مه زۆرباش نه‌بووه‌و ته‌نها چه‌ند جارێك په‌خش كراوون .
هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی له‌به‌هاری ساڵی (1973) ڕێی به‌غدا ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌چێته ئیزگه و به‌خزمه‌ت مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌گات، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان به‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن هونه‌رمه‌ند ده‌ناسێنێت و به‌گۆرانی ( میوانم هاتووم بۆ لای تۆ)
( میوانم هاتم بۆ لای تۆ ،، كه‌سێ شك نابه‌م له‌هیچ كوێ
لێم زی‌زی نازه‌نین بۆ ؟ ،،ئه‌ڵێی یارت نیم بڕۆ )
كه‌له‌ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی بووه ، ده‌نگ و توانای خوێندنی بۆ گۆرانی تاقی ده‌كه‌نه‌وه و په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن و رۆژی تۆماركردنی بۆ دیاری ده‌كه‌ن ، له‌واده‌و ڕۆژی دیاریكراودا هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی له‌ستۆدیۆ ئاماده ده‌بێت و گۆرانییه‌كه تۆمارده‌كات ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌ندامانی هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه ، په‌ڵپ و بیانووی پێ ده‌گرن وپێی ده‌ڵێن ئه‌وه ئه‌و ئاوازه نییه كه له‌تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا خوێندووته و بڕۆ لای ئاوازدانه‌رێك با ئاوازله‌سه‌ر هۆنراوه‌كه‌ت دابنێ ؟!
مامۆستا عه‌لی مه‌ردان وه‌ڵامی لیژنه‌كه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت ( نه‌خێر هه‌مان ئاوازه كه‌له‌تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا ووتی و هیچ گۆڕانكارییه‌كی تێدا نه‌كردووه، باشه بۆ له‌سه‌ره‌تا ڕه‌زامه‌ندیتان له‌سه‌ردا ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان نیگه‌ران بوو قۆڵی گرتم و بردمی بۆ ژووری كۆنترۆل و پێی وتم كوڕم نیگه‌ران مه‌به ئه‌وانه له‌وه ده‌ڕوانن كه ته‌مه‌نت هێشتا منداڵه‌و توانای دانانی شیعر و ئاوازت هه‌یه ئه‌وه‌یان پێ ناخۆشه و ئه‌و به‌هره و توانایه‌ی تۆیان ناوێت..! ئه‌وان مه‌به‌ستیانه به‌خواستی ئه‌وان بێت و ئه‌وان ئاوازت بۆ دابنێن و مۆسیقاكه‌ش ئاماده‌بكه‌ن تا سوود مه‌ندبن و پاره وه‌ربگرن، دواتر مامۆستا عه‌لی وتی كوڕم ئاواز‌و شیعره‌كه‌ت زۆر خۆشه‌و زۆر به‌دڵمه ، به‌ڵام داوات لێده‌كه‌م بیده‌یته یه‌كێك تا ئاوازێكی له‌سه‌ر دابنێ، منیش وتم مامۆستا مادام وایه ئه‌وه هۆنراوه‌كه ، هۆنراوه‌كه‌م بۆ خوێنده‌وه و خۆی نوسیی و وتم خۆتان ئاوازێكی بۆ دابنێ، دوای چه‌ند ڕۆژێكی تر مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئاوازی له‌سه‌ر هۆنراوه‌كه دانا‌و تۆمارمان كرد ، واته ئه‌و گۆرانییه‌ی گوێ‌گران و بیسه‌ران گوێیان لێبووه ، هۆنراوه‌ی خۆم و ئاوازی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه، له به‌رهه‌مه‌كانم دوو گۆرانی ئاوازی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه ، یه‌كه‌م / میوانم هاتم بۆ لای تۆ ، دووه‌م/ بۆچی گۆڕاوی له‌سه‌ر چی ) ( 4)
له‌دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئیزگه‌ی كوردی به‌غداوه ، هونه‌رمه‌ند له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێـت كه خۆی فێری ئامێری مۆسیقا بكات ، له‌گه‌ڵ كۆششه به‌رده‌وامیه‌كانی هونه‌رمه‌ند فێری ژه‌نینی ئامێره‌كانی ( عود ، نه‌ی و ئیقاع ) ده‌كات، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاكان به‌دواوه ، هونه‌رمه‌ند ده‌چێته ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك (6بۆ 7) گۆرانی تۆمارده‌كات ، له‌كۆتایی ساڵی حه‌فتاكان له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك داده‌مه‌زرێت تا كۆتایی (1983) ، له‌و ساڵانه‌دا هونه‌رمه‌ند چالاكییه‌كی هونه‌ری زۆری ده‌بێت و به‌شداری ئاهه‌نگه‌كان ده‌كات و له‌پاڵ گۆرانییه ئه‌وینداری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گۆرانی و مه‌قامی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌خوێنێ، تا حیزبی به‌عس بۆ چه‌ندجارێك ده‌یگرێت و زیندانی ده‌كات، تا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ڕژێمی به‌عس ( ته‌رحیل) له‌زێده‌كه‌ی خۆی ده‌ری ده‌كات وبه‌ره‌و شاری هه‌ولێر ، سابیر كوردستانی ده‌ڵێت ( له‌ژیانی خۆمدا (3) جار گیراووم له‌لایه‌ن حیزبی به‌عسه‌وه ، جاری یه‌كه‌م له‌كۆتایی حه‌فتاكان بوو، جاری دووه‌م له هه‌شتاكان و جاری سێیه‌م له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان بوو، هۆكاری گرتنه‌كه‌شم ئه‌وه‌بوو كه‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه داویان لێده‌كردم و ئاگاداریان ده‌كردمه‌وه كه دوور بكه‌ومه‌وه له گۆرانی سیاسی و نیشتمانی ، به‌ڵام هه‌ركاتێك گیراوم و ئازاریان ده‌دام ، من زیاتر ڕه‌ق ئه‌ستوور و هه‌ست و سۆزم بۆ ئه‌و گۆرانیانه زیاتر ده‌بوو به‌رده‌وام ده‌بووم و ده‌مگوتن) (5)
هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئازار‌و چه‌وسانه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌شاری كه‌ركوك به‌رامبه‌ر كوردی ڕه‌سه‌نی ئه‌وشاره په‌یڕه‌وی ده‌یكرد، هونه‌رمه‌ند هانای بۆ هۆنراوه جوانه‌كه‌ی ( ڕازی ) شاعیر بردووه و ئه‌و ئاوازه خۆشه‌ی له‌سه‌ر داناوه‌و ده‌ڵێت :
( ڕۆژێ بولبولێ ئه‌لاڵایه‌وه،، خاوه‌ن به‌زه‌یی بۆی ئه‌توایه‌وه
ئه‌یگوت چه‌ند خۆشه ژینی سه‌ربه‌ستی ،،نه‌قه‌فه‌زی زێڕ دیلی و ژێر ده‌ستی
چه‌ند خۆشه نه‌غمه‌ی شادی بخوێنم ، له‌ناوباخاندا گوڵم بدوێنم
ژینی ژێرده‌ستی نه‌بێ چاتره ، به‌هه‌شتی وێنه‌ی دۆزه‌خ ئاگره )
هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌وه‌ی له‌شاره ئازیزه‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه و له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بێت ، بێگومان له‌وشاره به‌هه‌مان گوڕ‌و تینی جارانه‌وه تێهه‌ڵده‌چێته‌وه‌و ده‌نگ و چریكه‌ی له‌جاران زیاتر و به تێكست و میلۆدییه خۆشه به‌جۆشه‌كانی به‌گڕو تینێكی ئه‌ویندارانه‌و نیشتمانپه‌روه‌رانه هه‌ست و هۆشی لاوان ده‌بزوێنێ و زیاتر هانیان ده‌دات كه نیشتمان و خاكه‌كه‌ی خۆیان خۆشتربوێت ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) باسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت (دوای هونه‌رمه‌ندانی نه‌مر تایه‌ر تۆفیق و حه‌مه‌جه‌زا ، به‌ڕاستی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی بوو له‌هه‌ولێر، ئافه‌رین تۆ بوێری له‌وسه‌رده‌مه ، سه‌رده‌می زه‌برو زه‌نگی حیزبی به‌عس كه‌ده‌ستیان له‌كه‌س نه‌ده‌پاراست ، كه‌چی تۆ ئه‌وه‌نده بوێربیت ئه‌و هۆنراوه نیشتمان په‌روه‌رییانه بڵێی) (6)
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ..!
هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری جیا له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له ئیزگه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماری كردوون، چه‌ندین ئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆش و به‌توانای گه‌له‌كه‌مان له‌دانیشتنی ماڵان تۆماركردووه ، زۆر ئاسووده‌بووه له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ئاهه‌نگه‌كان به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندی باڵه‌بانژه‌نی به‌توانا ( ئه‌حمه‌د داوده) ، له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه پێكه‌وه گۆرانی تۆماركردووه وه‌ك ( جه‌لال سه‌عید ساڵی 1977) ، ( سه‌لاح داوده ساڵی 1978) ، ( شكور خه‌یات ساڵی 1978 له‌چه‌مچه‌ماڵ) ، ( كه‌ریم خه‌مزه‌یی و كه‌ریم بنگردی ) ،هونه‌رمه‌ند ڕاسته خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌یه ، ئه‌م به‌رهه‌مانه زیاتر بوونه‌ته ناسنامه‌ی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی :
1/ ( بۆكچێكی كاڵ ، له‌دووره‌وه ناوت بیستووم ، هۆنراوه‌ی ، عه‌بدوڵڵا په‌شێو ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند و ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) .
2/ ( په‌رێشانم ،، هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند)
3/ ( چاویلكه ،، هۆنراوه‌ی (هێمن) ئاوازی هونه‌رمه‌ند،
4/ ( من غه‌ریبم ،، هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند،ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند سه‌باحی سه‌نتوور)
5/ ( شنه‌ی عه‌شق ،، هۆنراوه‌ی ( ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) ئاوازی هونه‌رمه‌ند)
6/ ( ناڵه‌ی بولبول،، هۆنراوه‌ی ( ڕازی) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند، ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند ( مسته‌فا ڕه‌نجه‌ڕۆ)
وه چه‌ندینی تر وه‌ك ( به‌ڵین بێ ئیتر ، ئه‌میره ، شلێر گیان ، مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ و كچ به‌نابه‌دڵ درا به‌شوو).ئه‌و گۆرانیانه‌ی هونه‌رمه‌ند خوێندونی له‌هۆنراوه‌و ئاوازی خۆی ،هه‌ریه‌كه‌یان چیرۆكێكی ژیانی خۆیی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی له‌پشته‌وه‌یه.
دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ ده‌بێت ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و هه‌ست ناسك و نیشتمان په‌روه‌رله‌هه‌موو بۆنه‌كاندا ئاماده‌یی هه‌بووه و ، له‌هه‌موو كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی كوردستان له‌به‌رنامه‌كانیاندا هونه‌رمه‌ند به‌شداربووه‌و گۆرانی تۆماركردووه.به‌ڵام هیچ كاتێك و به‌بێ مه‌به‌ستێك گۆرانی نه‌خوێندووه، به‌رده‌وام وابیری كردۆته‌وه و ده‌ڵێت ( هه‌میشه وا بیرم كردۆته‌وه كه گۆرانی به‌بێ هۆ نه‌ڵێم ، ڕاسته ده‌نگخۆشیی به‌هره‌ی خوداییه ، ئه‌گه‌ر گۆرانی بۆ خۆشه‌ویستی بڵێم پێویسته باس له‌خۆشه‌ویستی و عه‌شق بكه‌م ، كه عه‌شق پیرۆزه‌و مرۆڤ به‌عه‌شقه‌و بژی زۆر خۆشه ، ئه‌گه‌ر گۆرانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵێم پێویسته یه‌كێك له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كورده‌واری له‌به‌رهه‌مه‌كه‌مدا بخه‌مه‌ڕوو، له‌هه‌مانكاتیشدا گۆرانی و سروودی نه‌ته‌وایه‌تی بڵێم ، ده‌بێت باس له‌خۆشه‌ویستی نیشتمان و پیرۆزی خاك بۆ گه‌نج و لاوی وڵاته‌كه‌م بخه‌مه ڕوو، دیاره سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریم به‌وشێوه‌یه ده‌ستپێكردوو و به‌رده‌وامیش بووم ) (7)
هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ، له‌ته‌مه‌نی ( 42) ساڵیدا ، ساڵی (1997) له‌گه‌ڵ خاتوونێكی میهره‌بان به‌ناوی
( مه‌هاباد) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێت و ده‌بنه خاوه‌نی (4) منداڵ ، سێ كچ و كوڕێك به‌ناوه‌كانی ( هانا ، هاوژین،هاوڕێ و هه‌نار ) .
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته سه‌ركه‌وتووه‌كانی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ئه‌وه‌یه كه شاره‌زای مه‌قام وتوانای چرینی مه‌قامی هه‌بووه ، پێویسته بۆ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ كه مه‌قام بناسێت و شاره‌زابێت له خوێندنی مه‌قامه‌كاندا ، هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ده‌ڵێت( من له‌سه‌ره‌تاوه به‌مه‌قام ده‌ستم پێكرد، پێموایه هه‌رگۆرانیبێژێك شاره‌زای مه‌قام نه‌بێت، كه‌م و كورتییه‌كی زۆری ده‌بێت له‌بواری گۆرانی گوتندا، فێربوونه‌كه‌ی ده‌توانم بڵێم ئیلهامێكی خوداییه، من زۆر گوێم له‌مه‌قام ده‌گرت و زۆر له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان دانیشتووم و زۆر باسی مه‌قاماتمان ده‌كرد، خۆشحاڵم به‌وه‌ی كه من مه‌قام ده‌ڵێم و شاره‌زاییه‌كی باشم له‌مه‌قام دا هه‌یه)(8)
هه‌رسه‌باره‌ت به شاره‌زایی هونه‌رمه‌ند له مه‌قامه‌كاندا و چۆنیه‌تی خوێندنی مه‌قام، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( چالاك سدیق) له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت( هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ، ده‌نگخۆشێكی دیار ، ده‌نگێكی ڕه‌سه‌ن و ده‌نگێكی كورده‌وای، ئاوازدانه‌رێكی باش جگه له‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆی ، بۆ هونه‌رمه‌ندانی تر میلۆدی و ئاوازی بۆ دروستكردوون، واته ده‌نگخۆشێكی ئاواز و هۆنراوه دانه‌ر، مه‌قام خوێن و مه‌قام ناس، به‌ڕاستی ئه‌و مه‌قامانه‌ی كاك سابیر ئه‌یووت، بۆ نموونه ئێمه له‌به‌رنامه‌ی مه‌قاماتدا ،هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی مه‌قامی ( پێنج گاه) ی زۆر به جوانی ئه‌خوێند ، ره‌نگه كه‌م كه‌س هه‌بێت له‌كورده‌واری وه‌كو ئه‌و ،له‌دوای مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئه‌و مه‌قامه‌ی جوان خوێندبێ)(9)
دوای په‌نجا ساڵ كۆشش و خه‌بات و تێكۆشانی هونه‌ری،به‌ڵام هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن و چێژبه‌خش و كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوێگر ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده هێمن و ده‌نگخۆشه ، به‌ڵا وه‌یشومه‌كه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رۆكی هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ده‌گرێت و ماوه‌ی (18) رۆژ هونه‌رمه‌ند له‌نه‌خۆشخانه ململانێی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڤایرۆسه نه‌گریسه‌دا كرد، به‌ڵام خودی هونه‌رمه‌ند له‌مێژه ئه‌و هه‌سته خه‌مناكه له ناخی بێئومێدییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه و پێمانی ده‌ڵێت :
( هه‌تا دنیا دنیایه من خێر له‌خۆم نابینم
غه‌م و میحنه‌ت و خه‌فه‌ت چۆن بۆته هاوبه‌شی ژینم
به‌هیچ ده‌واو ده‌رمانێك سارێژنابێ برینم
كاتی لاویم به‌سه‌ر چوو پیری به‌ره‌و پیرم هات
هیچ خۆشیم له‌ژیان نه‌دیت به‌ده‌قیقه‌و به‌سه‌عات
ئه‌وه‌نده‌م له‌خودا ده‌وێت بمكوژێ بمدا نه‌جات
ژیانم كوله مه‌رگیه نازانم خۆشی چییه؟
ئه‌چمه لای هه‌رپزیشكێك پێم ده‌ڵێ عیلاجت نییه..؟!
به‌داخه‌وه له‌ڕێكه‌وتی (10/8/2020) خۆری پرشنگداری دنیای مه‌قام و به‌سته‌ی به‌سۆز و ده‌نگخۆش كاكه سابیر كوردستانی له‌شاری سلێمانی ئاواده‌بێت و به‌هیواو ئومێدی زۆری به‌دی نه‌هاتووه چاوه‌كانی بۆ هه‌میشه لێك ده‌نێ وبه‌هه‌واڵی مه‌رگی هه‌موو كوردستان و شاره ئازیزه‌كه‌ی كه‌ركوكی خه‌مباركرد، له‌مه‌راسمێكدا به‌ئاماده‌بوونی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و دۆست و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی تەرمەكەی ده‌برێته‌وه بۆ زێده‌كه‌ی خۆی،ئه‌وشاره‌ی كه خودی هونه‌رمه‌ند ده‌یوت ( كه‌ركوك هیواو ئاوات و ئامانجی پیرۆزی من و هه‌موو كوردێكه، چونكه لێی له‌دایكبووم و لێی گه‌وره بووم و زۆربه‌ی ژیانم تێیدا به‌سه‌ربردووه‌و ئه‌وشاره مه‌ڵبه‌ندی مه‌قاماتی كوردییه) ته‌رمی سابیر كوردستانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی بۆ هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قامات و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ژیا لە گۆڕستانی ڕەحیماوا بە خاكی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
سابیر کوردستانى هونەرمەند بۆهەمیشە ناو و نازناوى هەربەنەمرى دەمێنێتەوه ، یاد و یادەوەرییە شیرینەکانى هەمووکات بەرزو پڕشکۆ بێت، گلكۆكه‌ت هه‌میشه چراخان و لێوریژبێت له ( ئای ئای و خورشیدی و قه‌تار و خاوكه‌ر).
جه‌مالی ده‌لاك 17/8/2021 هه‌ولێر
سه‌رچاوه : (1 و 8) گۆڤاری ڕامان ،، سابیر كوردستانی ( كورد مه‌قامی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه ) ئاماده‌كردنی ( جیهانبه‌خش كۆیی) ژماره ( 61) 5/7/2001 لاپه‌ڕه ( 263)
(2) به‌رنامه‌ی شه‌قام ،، سابیر كوردستانی ،، ئاماده‌كردنی ( ده‌روون گێژه‌ن) كه‌ناڵی ئاسمانی ( NRT 2) (28/8/2016)
(3 و4 و 7) به‌رنامه‌ی له‌فۆلكلۆره‌وه بۆ سه‌رده‌م ، میوانداری هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ،، پێشكه‌شكردنی ( جه‌مالی ده‌لاك ) كه‌ناڵی ئاسمانی (زاگرۆس ) ساڵی 2012
(5) به‌رنامه‌ی چراكان ،،هونه‌رمه‌ند سابیر كوردستانی ، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی ( ئه‌میر عومه‌ر ) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ساڵی 2006
( 6 و 9) كه‌ناڵی لۆكاڵی دیمه‌ن ، ئاماده‌كردنی ،،بارزان سنجاوی ، له (22/9/2020)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.