تکام وایە کە من مردم، لەژێر دڕكێكى بم نێژن
لەخۆڵی خاکی پیرۆزم، بەسەر گلکۆمی دابێژن
هەتا ئەو دڕكه هەر ساتێک، لەناخی جەرگی من ڕاچێ
وبیرم بێتەوه هەرگیز، وڵاتی خۆم لەبیر ناچێ ( عه‌زیز شارۆخ )
دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى (3) سێ ڕۆژ تیپى مۆسیقا و شانۆى شۆڕش، له‌ئۆردوگاى ( سه‌راوگه‌رم ) له‌سه‌رپێڵى زه‌هاوى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان به به‌رهه‌مه ناوازه‌كانیان دڵى ئه‌و خه‌ڵكه ئاواره‌یان خۆش كرد و ئارامیی و ووزه‌و تینێكى زۆریان به‌و خه‌ڵكه به‌خشیی ، تیپى مۆسیقاى شۆڕش وه‌ك یه‌كه‌م تیپى مۆسیقا‌و شانۆ ئه‌و كاره‌یان له‌ته‌واوى ئۆردوگاكانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئه‌نجامدا، به‌و كاره‌یان ڕێگایان خۆش كرد بۆ هونه‌رمه‌ندانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان و فارسه‌كان .
قوتابى پۆلى شه‌شه‌مى سه‌ره‌تایی بووم له ناو خێمه وانه‌مان ده‌خوێند ، (سه‌راو گه‌رم ) له‌ڕووى كه‌ش و هه‌واوه‌و ناوچه‌یه‌كى گه‌رم بوو ، ئه‌م لاولاى خێمه‌كان هه‌ڵدرابوونه‌وه له‌وانه‌ى چواره‌مدابووین ، ئه‌و شانۆیه‌ى تیپى شانۆ و مۆسیقاى شۆرش كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان تێدا ئه‌نجامدا ، له پۆله‌كه‌مانه‌وه دیاربوو كه‌وتبووه لاى ڕاستى قوتابخانه‌كه،جموجۆڵێكى زۆر و خه‌ڵكێكى زۆر له‌ده‌ورى شانۆكه خڕبوونه‌وه ، هه‌موو قوتابییه‌كان سه‌ره‌تاتكێیان بوو تالایان ڕۆشن بێت ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه چییه ؟ به‌هه‌رحاڵ وانه‌كه ته‌واو نه‌كراو مامۆستا به‌ڕێزه‌كه‌مان كۆتایی به‌وانه‌كه هێناو هه‌موو ڕامان كرده لاى شانۆكه، مقۆمقۆى ئه‌وه‌بوو كه له عه‌سرى ئه‌و ڕۆژه ئاهه‌نگى گۆرانى مۆسیقا ئه‌نجام ده‌ده‌رێت ، دوو هونه‌رمه‌ندى گۆرانیبێژ له‌شاره‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه هاتوون.
له‌ده‌مه‌و عه‌سر خۆم گه‌یانده به‌رده‌م شانۆكه و تاده‌هات ڕێژه‌ى خه‌ڵكه‌كه له‌زیاد بووندا بوو ،تیپى مۆسیقا هاتنه سه‌رشانۆ و بوو به‌چه‌پڵه ڕێزان له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه ، پێشكه‌شكارى پرۆگرامه‌كه هونه‌رمه‌ندى یه‌كه‌مى ناساند هونه‌رمه‌ند ( عه‌لاى باباشه‌هابى ) هونه‌رمه‌ندى شارى سنه ، هونه‌رمه‌ندێكى باڵابه‌رزى شیكپۆش، به‌قاتێكى مۆدێرنى سپى یه‌وه هاته سه‌رته‌خته‌ى شانۆكه ، موزیك ده‌ستپێكرد و گۆرانیبێژ ده‌نگى هه‌ڵبڕى ، ده‌نگێكى خۆش و زوڵاڵ ، بۆیه‌كه‌مجار گوێم له‌گۆرانى ( ڕۆژى ئه‌منیش یاران ، شادى میوانم بوو ) ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم سێ تا چوار گۆرانى خوێند ، دواتر پێشكه‌شكار هونه‌رمه‌ندى دووه‌مى ناساند كه له‌شارى مه‌هاباده‌وه هاتووه به‌نێوى ( عه‌زیز شارۆخ) به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆرى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له ئۆردوگاى سه‌راو گه‌رم ئاواره‌بوون ، زۆرینه‌یان هى ده‌ڤه‌رى ( بیتوێن و پشده‌ر) بوون ، هونه‌رمه‌ندیان ده‌ناسی و بوو به ڕۆژى حه‌شر هه‌موو جه‌ماوه هه‌ستانه سه‌رپێ و چه‌پڵه لێدان نه‌ده‌بڕایه‌وه ، هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ بۆیه‌كه‌م جار له‌و ئاهه‌نگه‌دا بینیم ، به جل و به‌رگێكى زۆر جوانى ناوچه‌ى موكریان و مشكیه‌كى ناوچه‌ى هه‌ورامانى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر جوان له‌سه‌ر نابوو ، دواى ئه‌وه‌ى به‌مه‌قامێك ده‌ستى پێكرد و به‌سته‌كه‌ى گۆرانى ( چارۆكێ ) بوو، ئاى له‌و ده‌نگه به‌رز و چریكه به‌سۆزه، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌ده‌نگه به‌سۆزه‌كانیان كه‌ش و هه‌وایه‌كى شادى به‌خش و خه‌مڕه‌وێنینان له‌ئاسمانى ئۆردوگاكه‌دا درووست كرد .
ئه‌وه‌بۆمن سه‌ره‌تایه‌ك بوو كه‌له‌نزیكه‌وه له‌سه‌ر شانۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عه‌لاى باباشه‌هابى و عه‌زیز شارۆخ ) ببینم و به‌ده‌نگه خۆشه‌كانیان شاد ببم ،هه‌ردواى ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌م خانمه هونه‌رمه‌ندى فارس ( عه‌هدیه ) هات و پرۆگرامى هونه‌ریی به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى پێشكه‌ش به‌و خه‌ڵكه ئاواره كرد.
له‌وساته‌وه زیاتر به‌ده‌نگ و هونه‌رى هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ ئاشنا بووم و گوێبیستى به‌رهه‌مه‌كانى بووم ، ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌كان تێپه‌ڕین و ته‌مه‌ن ڕوو له‌هه‌ڵكشانه و دواى ڕاپه‌ڕین هاتوچۆى هونه‌رمه‌ندانى ڕۆژهه‌ڵات بۆباشوور و وه به‌پێچه‌وانه‌وه و بوونى كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان له‌باشوور هۆكارێكى سه‌ره‌كى بوون تا هونه‌رمه‌ندانى ڕۆژهه‌ڵات بێنه باشوور و له‌ڕێی به‌رنامه هونه‌رییه‌كانه‌وه خزمه‌تیان بكرێت و له‌نزیكه‌وه ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان به‌بینه‌ران بگه‌یه‌نن.
ده‌مه‌و عه‌سرى رۆژى دووشه‌ممه 1/5/2000 ، به‌هۆى هونه‌رمه‌ند ( بورهان خۆشناو) به‌خزمه‌تى هونه‌رمه‌ند هونه‌رمه‌ندى مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ى موكریان و شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌ى مه‌هاباد ( عه‌زیز شارۆخ ) بگه‌م ، كه بانگهێشتكرابوو بۆ شارى سلێمانى ، له‌و ماوه كه‌مه‌دا به‌ده‌رفه‌تم زانى و پرسیارى كاسێتێكم لێ‌كرد كه پێكه‌وه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى له‌ماڵى خۆیان تۆماریان كردووه ، له‌وه‌ڵامدا فه‌رمووى : نا من و كاك ناسرى ڕه‌زازى پێكه‌وه گۆرانیمان نه‌خوێندووه ؟!
منیش وتم قوربان ئه‌و نه‌واره وه‌ك ئه‌رشیف لامه ، وتى باشه ئه‌گه‌ر لاى تۆیه پێم خۆشه گوێم لێبێت ، به‌هه‌رحاڵ بۆ به‌یانى ( 2/5/2000) له‌شوێنى پشوودانى ( میوانخانه‌ى سه‌رچنار ) چوومه‌وه خزمه‌تى و پێكه‌وه گوێمان له‌نه‌واره‌كه به‌خێرایی گرت ، له‌ناكاو هونه‌رمه‌ند كه‌مێك وه‌ستاو وتى بیگه‌ڕێنه‌ره‌وه ، منیش كاسێته‌كه‌م كه‌مێك گه‌ڕانده‌وه و (پله‌ییم ) كرده‌وه ، له‌وێدا هونه‌رمه‌ند مه‌قامێك ده‌خوێنێ ، له‌گه‌ڵ بیستنى مه‌قامه‌كه‌و هۆنراوه‌كه ڕاماو كه‌وته‌وه دنیاى خه‌یاڵ و گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕۆژانى ڕابردوو، فه‌رمووى ڕایگره ده‌كرێت ئه‌و نه‌واره‌م پێبده‌ى ، منیش وتم قوربان به‌دیارى بۆم هێناویت تا له‌ئه‌رشیفى هونه‌ریتاندا بیپارێزن ، دووباره فه‌رمووى باپێكه‌وه بچینه ده‌ره‌وه قه‌ده‌مێك لێده‌ین ( پیاسه‌یه‌ك ) بكه‌ین ، به‌ناو ژینگه جوان و پاكه‌كه‌ى سه‌رچناردا پیاسه‌مان ده‌كرد و شنه‌ى با داره‌كانى به‌له‌نجه‌ولار خستبوو ، جریوه‌ى چۆله‌كه و مه‌له‌كانیش سۆزێكى خۆشتریان به‌و ژینگه‌یه به‌خشیبوو ، هونه‌رمه‌ند وتى كاكه جه‌مال ، زۆر له‌مێژه ئاواتم بوو كه بێم و له‌نزیكه‌وه شارى سلێمانى ببینم ، سوپاس بۆ خودا ئه‌وه هاتم و ئاواته‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆمدا نه‌برده ژێر خاكه‌وه ، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم تۆ دووجار خۆشحاڵترت كردم ، یه‌كه‌م هاتنم بۆ سلێمانى و دووه‌م ئه‌و نه‌واره‌ت پێ به‌خشیم ، كه‌بیره‌وه‌رى بیست ساڵ زیاترى پێشت بۆ من زیندووكرده‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رنجت دابێ له‌و نه‌واره‌دا مه‌قامێكم خوێندووه ، ئه‌و ماوه دوور و درێژه ئه‌و تێكسته‌م لێ وون ببوو له‌هیچ شوێنكى دیكه نه‌مخوێندۆته‌وه ، ئه‌وه له‌سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تى براده‌رێكى ئه‌زیز پێى دام و هۆنراوه‌كه گه‌لێك به‌رزو خۆش‌بوو به‌مه‌قام خوێندم ، كاتێكێش خۆم ته‌حوێل دایه‌وه ئه‌و هۆنراوه‌یه‌م لێ بزربوو ، دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه تۆ ئه‌وه‌ت بۆ زیندووكردمه‌وه.
دواى تێپه‌ڕبوونى (19) ساڵ جارێكى دى به‌خزمه‌تى هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ گه‌یشتمه‌وه له‌ئێواره‌یه‌كى مانگى ڕێبه‌ندان ، ئه‌م جاره‌یان له هه‌ولێرى پایته‌خت له‌ڕێكه‌وتى (30/1/2019) له‌مه‌راسیمێكى شایسته كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بانگهێشت كرابوو ، له‌سه‌ر ئه‌ركى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕ‌ۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ولێر ئه‌و مه‌راسمه سازكرابوو ، كه خه‌ڵاتى ڕێزلێنان ببه‌خشرێته هونه‌رمه‌ند (عه‌زیز شارۆخ ) به‌ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌رێكى زۆرى هونه‌رمه‌ند و هونه‌ردۆست و ڕۆشنبیر ، له‌پاى ئه‌رك و ماندووبوون و تێكۆشانى هونه‌رى و ئه‌و خزمه‌ته زۆره‌ى به‌ده‌نگى سیحراویی و چریكه‌ى به‌رزو به‌سۆزى كه خزمه‌تى به‌هونه‌رى مه‌قام و لاوك و به‌سته‌ى كوردى كردووه ماڵى دڵى هه‌موو گوێ‌گران و هه‌وادارانى ده‌نگه‌كه‌ى ئاوپرژێن كردووه،لای هەمووان ئاشكرایە كە هونەرمەند عەزیز شارۆخ كێیەو چ خزمەتێكی بەهونەرو موزیك و گۆرانی كوردی كردووە ، هەمیشە بەدەنگە پرچێژو خۆشەكەی ئارامیی بەڕووح و جەستەمان بەخشیوە ، و هونەرمەند بەیەكێك لەڕیزی هونەرمەندە بەرز و پڕ ئەزموونەكانی نەتەوەكەمان دەژمێردرێت ،لەومەراسیمەدا بەرلەوەی هونەرمەند مەقام و بەستەیەك پێشكەش بكات ، مەقامەكە لەهۆنراوەی مامۆستا ( ئەحمەدهەردی ) شاعیر و گۆرانی ( كیژۆڵەی چاوڕه‌ش) ، هونەرمەند خوێندنەوەیەكی كورتی بۆ ئەو گۆرانیەكرد ، لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە ، كەوتمە خەیاڵی ئەو دونیا جوانەی شیعر و هۆنراوە بەرزو وێنەى گوڵ ناسكەكانی شاعیرانی نەتەوەكەم ، ئەو شیعرەناسكانە لەڕێی گەرووی خۆشیی هونەرمەندانەوە بەمیلۆدییەكی پڕ چێژ و لێوڕێژ لە هەستەوە خوێندراوە و لەلای بیسەر و گوێگر یادەوەری جوانی نەخشاندووە ،هەمیشە بیرم لەوەكردۆتەوە لەپاشخانی ئەو گۆرانیانەو هۆنراوانەوە چیرۆكێك خۆی حه‌شارداوه و شاراوەیەو بیسەرو گوێگر لەو چیرۆكە پڕ خۆشەویستی و خۆشیی و تراژیدیایە بێ بەشن ، هەرچەندە هەموو كات وێڵم و پێم خۆشە بگەڕێین بەدوای ئەو چیرۆكانەدا و بیان خەینە ڕوو بۆئەوەی دەهێندەی تر ئەو هۆنراوە و گۆرانییانە خۆشەویستر بكەین ، بەرلەوەی بچمە سەر چیرۆكی ( كیژۆلەی چاوڕه‌ش ) پێم خۆشە چەند نموونەیەك لەو هۆنراوەو گۆرانیانە كە پاشخانەكەیان لیپاولیپن لەجوانی و لە هەستی بەرزی شاعیر و ڕووداوەكە ئەوەندە كاریگەربووە بۆتە هەوێنی بەدنیاهاتنی هۆنراوەكە وەهەروەها میلۆدی و گۆرانیەكە ، وەك ( جوانی بێناوی .... مامۆستا گۆران ، خوێندنى هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ) ( ناڵەی جودایی ... مامۆستا هێمن موكریانی ، خوێندنى هونه‌رمه‌ندان حه‌مه جه‌زا و ناسرى ڕه‌زازى ) ، ( تریفەی مانگەشەو ....هونەرمەند و شاعیر حەمە ساڵەح دیلان ، خوێندنى هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى ) ( زەمانە ... دكتۆرمه‌وله‌وى شیرازی ، خوێندنى محه‌مه‌دى ماملێ ) ، ( تاسەباری ... حەسەنی شافعی ، خوێندنى هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى ) ( پەرێشانی ..مامۆستا هێدی ) ( لەدەرگای پەنجەرەكەم بە ... شاعیر و نووسەر هیواقادر، خوێندنى هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم ) ( غەریبی ، شاعیر ڕەزا حەمە ، خوێندنى هونه‌رمه‌ند كاوه حه‌مه ساڵه‌ح ) وە زۆری تر ...
ئەوانە بۆخۆیان هەریەكەیان چیرۆكێك لەپشتی هۆنراوەكەوە بوونی هەیە ، هەروەها لەنێو زۆر لەگۆرانبیژە دەنگخۆشەكانی گەلەكەمان ئەوانیش لەوهەستە بەرزەیان و كاریگەری هەندێك ڕووداو خامەیان خستۆتە سەرتیانووس و دەردەدڵی خۆیان هەڵڕشتووە و پاشان لەڕێی دەنگە بەسۆزەكەیان بەشێوەی مەقام بووبێ یان بەستەیەك بەمیلۆدییەكی خۆش پێشكەشیی نەتەوەكەیان كردووە ،
بابگەرێمەوە سەر باسەكەم و وتە شیرینەكانی هونەرمەند عەزیز شارۆخ سەبارەت بە هۆنراوەی ( كیژۆڵەی چاوڕه‌ش) ی چۆن دەستكەوتووەو بەگەرووه خۆشەكەی خوێندوویەتی و ئەو گۆرانییە بووە گۆرانیەكی جوان و هەست و ناخ بزوێن ، دەبێت ئەوەش بڵیم خاتوونی شۆخ و شەنگ ( غەزەڵ مستەفا) لەڕێی بەرنامەی كورد ئایدڵەوە لەژێركاریگەری دەنگە خۆشەكەی هونەرمەند عەزیز شارۆخ زۆر بەجوانی ئەدای كردوو خوێندی ئەوەندەی تر گۆرانییەكە كەوتە بەردڵان ،
هونەرمەند عەزیز شارۆخ لەدەستپێكی خوێندنەوەی بۆ هۆنراوەی كیژۆڵەی چاومەست وتی ( شایەت 14 یان 15ساڵی پێش ڕۆژێك لەدوكانی نەوار فرۆشیەكەم بووم ، بەڕێزێك و خاتوونێكی شۆخ و شەنگ هاتن بۆلام و كوڕەكە خۆی ناساند و وتی من ناوم ( دارا مەحمود) ەوخه‌ڵكى قه‌ڵادزێ م، لەوڵاتی ( نەرویج) دەژیم هۆنراوەیەكم هەیەو میلۆدیشم لەسەر داناوە، هاتووم تا ئەو هۆنراوەو ئاوازە بدەم بەبەڕێزتان بەدەنگی خۆتان بیخوێنن .
هونەرمەند عەزیز شارۆخ وتی : كاتێك گوێم لەهۆنراوەكە گرت و هەروەها ئاوازەكە زۆر خۆش و كاریگەری لەسەردانام و لەدڵەوە سپاسم كردوو پێم گووت هۆنراوەكە زۆر پڕ هەستە و دەبێت ئەو چیرۆكە چیی بێت كە بۆتە هۆكار كە ئەوهۆنراوەیەی خولقاندووە ، كاكە دارا لەوەڵامدا وتی ( من لەوڵاتی نەروێج دەژیم رۆژێك لەشوێنێك دانیشتبووم كیژێكی زۆر شۆخ و شەنگ بەلەنجەولارەوە بەبەردەممدا تێپەڕبوو، تەلیسمی جوانی و شۆخ و شەنگییەكەی كاریگەری لەسەرم دانا‌و منی بردە نێو دنیای خەیال و بیركردنەوە و پەلكێشی لای كیژە چاومەست و خومارەكانی كوردستانی كردمەوە و هه‌ست و نه‌ستى داگیر كردم ، شه‌و چوومه‌وه ماڵه‌وه پێنووسم گرته ده‌ست و هۆنراوه‌كه‌م نووسیی و ئاوازیشم له‌سه‌ر دانا ، دواى چه‌ند ڕۆژێك به‌ڕێكه‌وت هه‌مان خاتوون هاته به‌رانبه‌رم ، سیماى جوانى هانى دام و چوومه به‌رده‌مى به‌زمانى شیرینى كوردى سڵاوم لێ‌كرد ، ئه‌ویش زۆر به‌هه‌ستێكى جوان و نه‌رم و نیانییه‌وه به‌كوردى وه‌ڵامى دامه‌وه و بوینه ئاشناى یه‌كتر ، هەرئەوهەستەبوو بووە هەوێنی خولقاندنی ئەو هۆنراوەیەو ئەو خاتوونە نازدارە ئێستا هاوسەرمەو ئەوەتا لەبەردەمتدا و پێكەوە دەژین و لەبنەڕەتدا خەڵكی شاری مەهابادەو ناوی ( چیمەن كەریم ) ە.
لەكۆتا قسەكانیدا هونەرمەند عەزیز شارۆخ، وتی ئەوهەستە جوانە و ئەو هۆنراوە و میلۆدییە خۆشەبوو كەزیاتر منی تەشویق كرد كەبەوشێوەیە ئەو گۆرانیە ( كیژۆلەی چاوڕه‌ش) بخوێنم و لەنێو خەڵكیدا جێبگرێت .
له‌ومه‌راسیمى ڕێزلێنانه دا هونه‌رمه‌ند به‌هاوكارى تیپى مۆسیقا ، به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى گۆرانى ( كیژۆڵه‌ى چاوڕه‌ش ) پێشكه‌شى ئاماده‌بووانى هۆڵه‌كه كرد.
(كیژۆلەی چاوەڕش و جوان چەندە نەرم و نیانی
بەچاوی رەشتا دیارە كەخەڵكی كوردستانی
خەڵكی كام شار‌و گوند ی مالتان لەكوێ یە ؟
بۆنی باران و بۆنی نێرگزت پێیە
پەیكی شیرینی كوردی بەدەست نازدارێكەوە
خشپەی گەڵای پایزە بەسروە دەشنێتەوە
چەند دڵڕفێنە چەندە ئەفسوناوییە
كانگای عەشقێكی قوڵ و بێ كۆتاییە
چاو و پرچی ڕەش ، گەردن تابلێی دڵڕفێن
نیشانەی كوردی كوێستان و یا گەرمێنن
ئەی شۆخی بۆنخۆش و گەش و فێنكایی دڵی
وەك دڵۆپە ئاونگی سەرپەڕەی گوڵی
بەكورد و بەكوردستان من دڵم دەكرێتەوە
سەهۆڵ بەندانی خەمم سەرتاپا دەكرێمەوە
ئەو دووناوە چەندە شیرینە خودایە
هەزاران سەمفۆنیا و ئاوازیان تیایە)
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ كێیه؟
له‌مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ى موكریان ، له‌شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌ى مه‌هاباد له‌ڕێكه‌وتى (8/8/1938) له باوكێكى پشده‌ریى باشوورى كوردستان و دایكێكى شه‌مزینانى باكورى كوردستان ، له‌گه‌ڕه‌كى ( قه‌بران ) كه ئێستا بۆته شه‌قامى ( وه‌فایی) به‌دنیاهاتووه.
له‌ساڵى (1945) خراوه‌ته به‌رخوێندن ، خوێندنى سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندى له‌شارى مه‌هاباد ته‌واو كردووه ، له‌ساڵى (1961) خوێندنى له‌په‌یمانگاى مامۆستایان له‌شارى ورمێ ته‌واو كردووه و دواتر له‌شارى مه‌هاباد بۆته مامۆستا.
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ له ساڵى (1963) له‌لایه‌ن ( ساواك ) ه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ى (3) ساڵى ده‌خرێته زیندان ، له‌به‌رئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ندێك بووه‌و هاوسۆزبووه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یی و خاوه‌نى هه‌ستێكى به‌رزى كوردایه‌تى و تاوانه‌كه‌ى ته‌نها كوردبوون بووه ، له‌ساڵى (1966) له‌زیندان ئازاد ده‌كرێت و له‌كارى مامۆستایه‌تیه‌كه‌ى دوور ده‌خرێته‌وه.كاتێك له‌زیندان ئازدا ده‌كرێت هونه‌رمه‌ند ڕووبه‌ڕووى ژیانێكى ناهه‌موار و پڕ ده‌ردو خه‌فه‌ت ده‌بێت ئه‌ویش له‌وكاته‌ى له‌زیندادابووه باوك و براگه‌وره‌كه‌ى كۆچى دوایی ده‌كه‌ن . هونه‌رمه‌ند ئیلهام و هاندانى بۆ گۆرانى خوێندن له‌لایه‌ن ئه‌و براگه‌وره‌یه‌وه بووه و زانیویه‌تى عه‌زیز ده‌نگى خۆشه‌وه هه‌میشه ڕێنوێنى كردووه‌و به‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ندان ئاشناى كردووه ، به‌ڵام باوكى ڕێگربووه له‌به‌رده‌میدا و پێى ناخۆش بووه كه كوڕه‌كه‌ى گۆرانى بخوێنێ له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌نێو خه‌ڵكیدا به ( چاوه‌ش ) ناوده‌برێت.
له‌ساڵى (1945) باوكى گرامافۆنى بۆ ده‌كڕێت ، له‌و كاته‌دا له ڕێی ئه‌و گرامافۆنه‌وه به‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ندان ( سه‌یدعه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى ، مه‌لاكه‌ریمى مه‌هابادى و كاوێس ئاغا ) گوێچكه‌و هه‌ستى به‌و ده‌نگه نه‌مرانه ئاشنا ده‌بێت ، براگه‌وره‌كه‌شیی كه زۆر هۆگرى ڕادیۆ به‌غدا بووه و رۆژانه گوێی له‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ندان بووه له‌ڕێی ڕادیۆى كوردى به‌غداوه په‌خش ده‌كران ، عه‌زیزى براى بانگ كردووه وه‌ره گوێ له‌و ده‌نگه به‌سۆزانه بگره ، هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخى نایشارێته‌وه و به‌ڕاشكاوى ده‌ڵێت ( من ئیلهامم له‌و ده‌نگانه وه‌ك سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى ، مه‌لاكه‌ریمى مه‌هابادى ، كاوێس ئاغا ، تایه‌ر تۆفیق ، شاعیرى پایه‌به‌رزى كورد حه‌مه ساڵه‌ح دیلان ومامۆستایه‌كى گه‌وره‌ى بادینان به‌ناوى حه‌سه‌ن جزیرى ، من ئیلهامم له‌و هونه‌رمه‌ندانه وه‌رگرتووه) (*1)
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ له‌ساڵى (1966) ژیانى هاوسه‌رى پێكدێنێ و خاوه‌نى (5) كچه .
هونه‌رمه‌ند عه‌زیزشارۆخ ، ڕووده‌كاته سه‌داو سیماى شارى مه‌هاباد به‌مه‌به‌ستى دامه‌زراندن ، دواى تاقیكردنه‌وه‌و هێنانى باشترین نمره ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ساواك ڕێگرده‌بێـت له‌به‌رده‌میدا و ناهێڵن دامه‌زرێت ، به‌ڵام ( ئاغاى ته‌حسیلى ) نیگه‌ران ده‌بێـت و پێشنیار ده‌كات بۆ هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵیاندا كاربكات له‌بوارێكى دیكه‌دا ، ماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌و ناوه‌و ناوه به‌رهه‌مێك تۆمارده‌كات ، له‌ساڵى (1969) بۆیه‌كه‌مجار ده‌ست به‌كارى هونه‌رى ده‌كات و ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى ده‌گات به‌جه‌ماوه‌ر ، دواتر له‌ساڵى (1970) له‌ده‌نگ و ڕه‌نگى (ورمێ) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و بێژه‌ر و پێشكه‌شكار( سه‌ید ڕه‌حیمى قوڕه‌یشى ) به‌شدارى به‌رنامه‌ى ( شیعر و مۆسیقا ) ده‌كات و له‌وبه‌رنامه‌یه‌دا مه‌قامێكى ( هۆمایۆن) ده‌خوێنێ . هه‌رچه‌نده ئه‌وه بۆته نه‌ریت بۆ هونه‌رمه‌ندان به‌گشتى ، به‌هونه‌ر نه‌ژیاون و نه‌بۆته سه‌رچاوه‌ى بژێوى ژیانیان ، بۆهونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخیش به‌هه‌مان شێوه بۆ دابینكردنى بژێوى ژیانى ، ماوه‌ى (36) ساڵ زیاتره كه تۆمارگایه‌كى داناوه به‌ناو ( استریۆ شاهرۆخ ) ژیانى ڕۆژانه‌ى له‌وتۆمارگایه به‌سه‌ر ده‌بات .
عه‌زیز شارۆخ به‌یه‌كێك له‌ده‌نگه ڕه‌سه‌ن و زوڵاڵ و چریكه‌ى به‌رزى مۆسیقا‌و گۆرانى ده‌ژمێردرێت ، خاوه‌نى شێوازێكى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى له چرینى لاوك و مه‌قام و به‌یت و گۆرانیدا ، كۆى به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانى زیاتر له (40) كاسێته له‌گه‌ڵ تیپ و گروپى مۆسیقاى جیاوازدا تۆمارى كردوون ، زۆر حه‌زى به‌لاوك و حه‌یرانه ، له‌وبواره‌شدا ئه‌سپى هونه‌رى خۆى تاوداوه و به‌یتى ( پیره هه‌ڵۆى ) داناوه‌و له‌گه‌ڵ شمشاڵژه‌نى گه‌وره‌ى گه‌له‌كه‌مان ( قاله مه‌ڕه ) تۆمارى كردووه ، زۆربه‌ى ئه‌و به‌یتانه له‌باوكییه‌وه فێربووه ، وه‌هه‌روه‌ها توانایه‌كى به‌رزى هه‌یه له چڕینى به‌یته‌كانى ( ئازیزه ، پایزه ) و لاوكى ( گه‌نج خه‌لیل) و ( ئه‌ڵڵاوه‌یسى و شیرین به‌هاره) ،
له‌بوارى هۆنراوه‌شدا خاوه‌نى به‌رهه‌مێكه به‌ناوى ( ئه‌شعار) و كتێبێك كه‌له‌ساڵى (2000) له‌ده‌زگاى ئاراس چاپكراوه به‌ناوى ( چیرۆكى به‌یتى كوردى ) له‌كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنى هونه‌رمه‌نده.
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ خاوه‌نى خه‌ڵاتى ( ماملێ ) یه كه‌له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندى هونه‌رى ماملێ وه له‌ساڵى (2012) پێی به‌خشراوه . له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا جیا له‌وانه‌ى فۆلكلۆرن ، به‌ڵام زۆر له‌هۆنراوه‌ى شاعیرانى له‌چوارچێوه‌ى ده‌نگه خۆشه‌كه‌یدا میلۆدى له‌سه‌ر داناون و خوێندوونى وه‌ك ( وه‌فایی ، گۆران ، حه‌مه ساڵه‌ح دیلان ، سواره‌ى ئیلخانیزاده‌و شه‌ریف حسێن په‌ناهى و ....تاد )
ئه‌وه‌ش هه‌ندێك له گۆرانییه‌كانى هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ :
( گوڵ نیشان ، زه‌مانه ، ده‌ردى هیجران ، ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم ، لاده لاده ، مه‌هاباد ، په‌پوله‌ى خه‌یاڵ ، كچۆڵه‌ى نازدار ، كه‌ویار ، بابچینه سه‌روه‌یس ، هه‌ربه‌سه ، هه‌ى نایه نایه ، تۆده‌ریامى ، ئه‌ژده‌هاك ، به‌هرى ڕووزه‌رد ، سرووه‌ى به‌یان ، بۆچى ناپرسى حاڵم ، بریندارم ،ده‌تپه‌رستم خۆشه‌ویستم ، تۆ په‌رى كام به‌هه‌شتى ، غه‌مگین و دڵ په‌شێوم ،منم ژیانى پڕ له‌ناسۆرى ، دڵدار و كابوكێ یان كاڤوكێ ... تاد )
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1970) به‌شدارى فیستڤاڵى هونه‌رى شیراز ده‌كات و له‌وێ گۆرانى (كاڤوكێى ) هونه‌رمه‌ندى گه‌وره ( حه‌سه‌ن جزیرى ) به‌شێوازى خۆى له‌و فیستڤاڵه‌دا ده‌خوێنێ ، هونه‌رمه‌ند زانیارى له‌سه‌ر به‌شداربووانى ئه‌و فیستڤاڵه به‌وشێوه‌یه ده‌دات (گۆرانی کابووکێ ،
چوارەمین خولی جەژنی هونەری شیراز ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی
بانگهێشتکراین لەلایەن دوکتور شاهین فەرهەت سەرۆکی بەشی مۆسیقای زانکۆی تاران، بۆ شرۆڤەی عەزەمەت و گەورەیی ئه‌و جەژنە هەر ئەوەندە بەس کە بزانن لەو ساڵە دا گروپی شانۆی یێرژی گرۆتۆڤسکی، باڵەی نەتەوەیی سێنێگال، گروپی مۆسیقایی کوارتێتی زانکۆی جولیاردی نیۆیۆرک و هەروەها مەزن هونەرمەند «راوی شانکار» ژەنیاری مەزنی یٔامێری سیـتاری هێندوستان حزوریان هەبووە)(*2)
به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌ك بارى ته‌ندروستى هونه‌رمه‌ند ناجێگیربووه ، به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌دواى ساڵى (2018) به‌گوڕو تینێكى به‌رزو ته‌ندروستییه‌كى باشه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه نێو گۆڕه‌پانى هونه‌رى ، هونه‌رمه‌ند عه‌زیزى شارۆخ ئه‌و گه‌وهه‌ر و گه‌نجینه لێوان لێوه له هونه‌رى مۆسیقا و لاوك و مه‌قام وبه‌یت و به‌سته‌ى كوردى له‌ژیاندایه‌وه له‌شاره ئازیزه‌كه‌ى مه‌هاباد ده‌ژى ، ئه‌ركى هه‌موومانه تاله‌ژیاندایه ڕێزى بگرین و به‌حورمه‌ته‌وه كاره هونه‌رییه‌كانى بۆ هه‌میشه به به‌رزى و پیرۆزى لێى بڕوانین ، به‌هیواى ته‌مه‌ندرێژى و ژیانێكى ئارام پڕ ته‌ندروست بۆ هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ .
جه‌مالى ده‌لاك 1/5/2021
سه‌رچاوه : (*1) وتوێژى پێگه‌ى هاژه ده‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌زیز شارۆخ (6/5/2020)
(*2) په‌یجى هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ ، تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.