Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 06:20

هونه‌رمه‌ند قادر زیره‌ک وچۆنییه‌تى ده‌ربازبوونى له‌لاسایکردنه‌وه‌ و گۆرانى ئه‌مان ساقى وه‌ک نموونه‌...!

 ( 1954 بێركۆت  _ 17/7/1981)
کوردستان TV
100%

كورد خاوه‌نى چه‌ندين هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ و به‌توانايه‌ له‌بوارى موزيك و گۆرانيدا، كه‌ خۆڕسك و زاده‌ى سرووشته‌ جوانه‌كه‌ى كوردستانن و به‌بێ هيچ مامۆستا و فێرگه‌و ئه‌كاديميايه‌كى هونه‌رى مۆسيقا بوونه‌ته‌ پێشه‌نگ و ده‌يان شاكارو به‌رهه‌مى ناوازه‌يان تۆماركردووه‌ و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ئه‌رشيف و به‌ڵام هه‌ميشه‌ له‌ ياده‌وه‌رييه‌كانمادا به‌زيندوێتى ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ركات گوێبيستيان ده‌بين به‌هه‌مان شێوه‌ى يه‌كه‌مجارچێژ ده‌به‌خشێته‌وه‌ به‌ڕوح و ناخمان ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ده‌نگى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ پێشه‌نگانه‌ى بوارى موزيك و گۆرانى كه‌به‌رهه‌مه‌كانيان ڕه‌سه‌نن له‌بوارى ميلۆدى و ده‌نگى خۆشي خۆيان وتێكسته‌كانيانه‌وه‌، فۆلكلۆرن يان هۆنراوه‌ى شاعيرانى كلاسيكى نه‌ته‌وه‌كه‌مانن كاريگه‌ريي زۆريان له‌سه‌ر گوێگر داناوه‌ و هه‌ندێك ده‌نگبێژ و ده‌نگخۆش به‌ڕێچكه‌ى ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ هه‌نگاويان هه‌ڵگرتووه‌ بۆ دنياى موزيك و گۆرانى، هه‌رچه‌نده‌  لاساييكردنه‌وه‌ كارێكى ئاسايي و سرووشتييه‌،  تا ئه‌و ده‌نگخۆشه‌ ڕێچكه‌و شێوازێكى تايبه‌ت به‌خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌، و به‌شێوازێكى تايبه‌ت به‌خۆى درێژه‌ به‌كارى هونه‌رى ده‌دات ، به‌ڵام ئه‌و فرياد ڕه‌س و ڕێنوێن و ڕێگا نيشانده‌رانه‌ كێن،  كه‌ ده‌ستى خه‌مخۆرى و هاوكارى درێژده‌كه‌ن بۆ هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش كه‌به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر لاسايكردنه‌وه‌ى گۆرانى گۆرانيبێژانى گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌مێژووى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى بده‌ينه‌وه‌، زۆرن له‌و كه‌سايه‌تى و مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌بنه‌ فريادڕه‌س و ده‌نگخۆش ده‌خه‌نه‌ سه‌رڕێچكه‌ى خۆيي و ڕێگاى دنياى پيرۆزى هونه‌رى موزيك و گۆرانى بۆ رۆشن ده‌كه‌نه‌وه‌، لێره‌دا پێم باشه‌ ڕێنوێنيه‌كى مامۆستا هێمن ى شاعير  بۆ ( محه‌مه‌د سه‌عيد نه‌جاڕ) ناسراو به‌ ( ئاسۆ) شاعيرى ناوچه‌ى موكريان،  (ئاسۆ) له‌ ديمانه‌يه‌كدا وه‌ك بيره‌وه‌ريى ده‌يگێريته‌وه‌ و ده‌ڵێت (  بۆ شێعری فارسی مامۆستا هێمن لە زەوقی دام ،،،،،   لە ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاوی (1984ى زاينى) شەوە شێعرێک بە بۆنەی جێژنی لەدایک بوونی پێغەمبەر (د.س) لە بۆکان بەڕێوە دەچوو و مامۆستا هێمنیش تەشریفی لەوێ بەشدار بوو و من بۆ یه‌که‌م جار بە خزمەتی دەگەیشتم.

من لەوێ غەزەلێکی کوردی و شێعرێکی فارسیم خوێندەوە کە دوای تەواو بوونی خوێندنەوەکەم، مامۆستا وەک باوکێکی دڵسۆز فەرمووی: (ئەتۆ بۆچی شيعری فارسی دەڵێی، ئەوان سەعدی و حافزیان هەیە، شيعری تۆیان بۆچییە)، بەڕاستی ئەو قسەیە زۆر مەنتقی وەبەر دڵم کەوت و ئەوجار ئیهتمامێکی زۆرترم بە شيعرە کوردییەکانم دا) (*1)

بۆيه‌ ئه‌و نموونه‌يه‌م خسته‌ به‌ردييه‌تان ، مه‌به‌ستمه‌ باسێك له‌هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگخۆشى نه‌ته‌وه‌كه‌مان و چۆنيه‌تى درووست بوونى ئاوازێك كه‌به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى چڕيويه‌تى ، كه‌بۆهه‌ميشه‌ ئه‌و ده‌نگ و گۆرانييه‌  به‌نه‌مرى ده‌مێنێته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك  ( 1954 بێركۆت  _ 17/7/1981)3

هه‌ركات كه‌ گوێبيستى ناوى هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك ده‌بين به‌بێ هه‌ستكردن له‌ناخ و ده‌روون و بيره‌وه‌رييه‌كانماندا گۆرانى  ( دوورم له‌ياران و دوگمه‌ى سينه‌و  له‌بنه‌وار و بازى كوێستانان و  ئه‌مان ساقى ) خۆيان به‌بوون دێنن، له‌به‌ر ده‌نگه‌ خۆش و پاراواكه‌ى هونه‌رمه‌ند و ئه‌و تێكست و ميلۆدييه‌ پڕچێژانه‌، ڕاسته‌وخۆ په‌لكێشمان ده‌كات و كۆپله‌ به‌كۆپله‌ى تێكسته‌كه‌ له‌گه‌ڵ ميلۆدييه‌كه‌ ده‌چڕين ، ئه‌وه‌ش كاريگه‌رى و هۆكارى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ هونه‌رييانه‌ ڕه‌سه‌نن و له‌نێو بيره‌وه‌رييه‌كانماندا جێيان گرتووه‌ .

هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك له‌ته‌مه‌نى لاوێتييه‌وه‌ هه‌ستى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ تواناى گۆرانى چرينى هه‌يه‌و ده‌نگى خۆشه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ژێر كاريگه‌رى  قوتابخانه‌ گه‌وره‌و مه‌زنه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند وبليمه‌تى نه‌مر ( حه‌سه‌ن زيره‌ك ) دا بووه‌، به‌ڕاده‌يه‌ك ده‌نگ و هونه‌رى زيره‌كى نه‌مر كاريگه‌رى له‌سه‌ر قادرى ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند داناوه‌، كه‌ زوڵمى له‌ناوى باوك و باپيرى كردووه‌، به‌ نازناوى ( زيره‌ك) ناوى ئه‌وانى شاردۆته‌وه‌ و ئه‌و نازناوه‌ى كردۆته‌  ناسنامه‌يه‌ك بۆ خۆى، واته‌ بۆته‌

 ( قادر زيره‌ك )له‌سه‌ره‌تاى ساڵانى حه‌فتاكان خۆى گه‌ياندۆته‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا و وه‌ك گه‌نجێكى به‌توانا و خاوه‌ن ده‌نگێكى خۆش و له‌ژێر كاريگه‌رى هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زيره‌ك) چه‌ند گۆرانييه‌كى تۆماركردووه‌ وه‌ك (  شه‌و،  كيژێ مه‌رۆ جوانى و ئه‌ى به‌ناز) .

هونه‌رمه‌ند جيا له‌به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى،  كه‌سێكى كوردپه‌روه‌ر و دلسۆز بۆ خاك و نيشتمانه‌كه‌ى و به‌كرده‌وه‌ش خه‌باتى بۆكردووه‌و به‌رگى پيرۆزى ( پێشمه‌رگه‌ ) شى پۆشيوه‌ و له‌شۆرشى ئه‌يلول دا وه‌ك پێشمه‌رگه‌يه‌ك خه‌باتى كردووه‌ له‌پێناو ئازادى و سه‌ربه‌خۆيي گه‌له‌كه‌يي و وڵاته‌كه‌ى،  قادر زيره‌ك له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ ئێران له‌ساڵى 1976 له‌به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى كشتوكاڵى هه‌ولێر ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ر،  به‌ڵام ئه‌وخوليا زۆره‌ى له‌سينه‌و مێشكيدا بۆ  هونه‌ر،  به‌رده‌وام هانى ده‌دات كه‌ له‌وڕێگا هونه‌رييه‌دا ڕێبوارێكى به‌ئه‌مه‌كى هونه‌ر و هونه‌رى زيره‌كى نه‌مر بێت ، قادر زيره‌ك  ده‌بێته‌ ئه‌ندامێكى كاراى تيپى هونه‌ره‌ ميلليه‌كانى شارى هه‌ولێر و به‌شدارى چالاكييه‌ هونه‌رييه‌كانى ئه‌و تيپه‌ ده‌كات و زياتر له‌سه‌ر لاساييكردنه‌وه‌ى  به‌رهه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك  به‌رده‌وام ده‌بێت . 

له‌ڕێكه‌وتى (22/12/2020)  له‌خزمه‌ت نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبير وسه‌رنووسه‌رى گۆڤارى ( ڕامان ) كاك ( ئازاد عه‌بدولواحيد) دابووم، دواى ده‌مو دوويه‌كى هونه‌رى  و ئه‌ده‌بى  باسه‌كه‌مان هاته‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند ( قادر زيره‌ك)و كه‌سايه‌تى و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رييه‌كانى له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا كه‌ بووه‌ته‌ پێشه‌نگ و كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر گوێگردانا و له‌نێوه‌ندى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كورديدا جێي خۆى بكاته‌وه‌، بۆبه‌رچاو ڕوونى و زانيارى ووردتر له‌سه‌ر هۆنراوه‌يه‌ك كه‌ به‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ند خوێندراوه‌ و پرسيارم له‌ كاك ئازاد عه‌بدولواحيد كرد.

4

كاك ئازاد له‌و ديداره‌دا لوتفى كرد زانيارى له‌سه‌ر ( گۆرانى ئه‌مان ساقى ) و چۆنيه‌تى ديدارى خۆيي و قادرزيره‌كى پێدام، سه‌ره‌تا زۆر به‌جوانى و به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ باسى له‌كه‌سايه‌تى و دڵسۆزيي و كوردپه‌وه‌رى قادر زيره‌ك كرد، وه‌هه‌روه‌ها ئاستى  ده‌نگخۆشيي وتواناى هونه‌رى خسته‌ ڕوو،

له‌به‌شێكى ديداره‌كه‌دا كاك ئازاد وتى ( له‌دواى نسكى 1975 بارودۆخێكى زۆر دژوارله‌كوردستان سه‌ريهه‌ڵدا ، به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ هونه‌رمه‌ندان و تيپه‌ مۆسيقييه‌كان به‌گوڕو تينێكى زۆر و به‌هيوا و ئامانجێكى ڕۆشنه‌وه‌ به‌رپه‌رچى ئه‌و نائومێدي يه‌يان دايه‌وه‌ و زۆر زوو كه‌وتنه‌ چالاكى هونه‌رى،  ئه‌و كاته‌ش هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ جه‌زا) له‌هه‌ولێر بوو، به‌رده‌وام چالاكى هونه‌رى موزيك و گۆرانى  له‌ياريگاى هه‌ولێر ( مه‌لعه‌به‌كه‌)ئه‌نجام ده‌درا،  زۆر جارده‌بووه‌ جێى ڕامان و سه‌رنج ئه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌ چۆن كۆده‌بووه‌ و به‌شه‌وق و دڵگه‌شييه‌كه‌وه‌به‌شدارده‌بوون له‌وئاهه‌نگانه‌، هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك يش به‌شدارده‌بوو،  به‌ڵام به‌رده‌وام ( ته‌قليدى حه‌سه‌ن زيره‌كى ده‌كرده‌وه‌و گۆرانييه‌كانى زيره‌كى ده‌خوێند ته‌نانه‌ت نازناوى زيره‌كى بۆخۆى دانابوو)، ئه‌وكاته‌ قادر زيره‌ك له‌ دايره‌ى كشتوكاڵ بوو،  منيش كارمه‌ندبووم له‌ شاره‌وانى و گه‌شت وگوزار، ئه‌و ده‌هاته‌ دايره‌كه‌ى ئێمه‌و له‌وێوه‌ يه‌كترمان ناسى ،  جارێك پێم وت : كاك قايه‌ر كاتى نه‌هاتووه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ت هه‌يه‌، واز له‌لاسايكردنه‌وه‌ بهێنى چونكه‌ ئه‌وه‌ هيچ ئيزافه‌يه‌ك بۆ تۆناكات، هه‌تا ئێواره‌ تۆ ئه‌و گۆرانييانه‌ به‌ (ئيبداع) يشه‌وه‌ بڵێي هه‌رئه‌ڵێن ته‌قليدى حه‌سه‌ن زيره‌ك ده‌كات،  وتى ئه‌ى چى بكه‌م :

وتم باشترين چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌يه‌ تۆ شيعرى گۆرانى په‌يدابكه‌ى و بچيته‌ لاى ئاوازدانه‌رێك ئاهه‌نگى له‌سه‌ر دابنێن، وتى گرفته‌كه‌م ئه‌وه‌يه‌ شيعرم بۆ په‌يدانابێت...!

وتم ئه‌وه‌يان له‌سه‌ر من، شيعرت بۆ په‌يدا ده‌كه‌م.

4ساڵى 1976 من كتێبى ( ئه‌خته‌ر ....شاعيرى جوانى و دڵدارى ) يم چاپكردبوو، كاك ( جيهان به‌خش كۆيي) له‌شه‌قامى مزه‌فه‌رييه‌ له‌پێشه‌وه‌، تۆمارگاى هه‌بوو به‌ناوى ( تۆمارگاى خه‌يام ) براده‌رمان بوو  زۆرجار سه‌ردانمان ده‌كردو و كاسێت و به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌ندانمان لێده‌كڕى،  منيش به‌ڵينم به‌ هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك دابوو تا هۆنراوه‌ى بۆ په‌يدا بكه‌م، دانه‌يه‌ك له‌و كتێبه‌ى  ئه‌خته‌رى شاعير خستمه‌ زه‌رفێكه‌وه‌ له‌لاى كاك جيهانبه‌خش بۆم دانا و ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ش ( ئه‌مان ساقى ) بۆدياريكردبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ زۆر شياوه‌ بۆ گۆرانى،  چونكه‌ ئه‌خته‌ر جيا له‌ شاعيرى، ئاواز دانه‌ريش بووه‌، چونكه‌ ديوه‌خانه‌كه‌ى له‌كۆيه‌ هه‌ميشه‌ پر بووه‌ له‌ شاعير و ده‌نگخۆش وگۆرانيبێژ و ئه‌ديب ، قه‌تارچييه‌كان له‌موكريانه‌وه‌ ڕوويانكردۆته‌ كۆيه‌ سه‌ردانى ديوه‌خانه‌كه‌ى ئه‌خته‌رييان كردووه‌،وه‌هيچ ئاوازێك له‌وێ ده‌رنه‌چووه‌ له‌ژێر نيگاى ره‌خنه‌يى ئه‌خته‌ر تێنه‌په‌ڕيبێت، بۆيه‌ ئه‌و هۆنراوه‌يه‌م بۆ ده‌ستنيشانكرد له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌يدا هه‌ستم ده‌كرد مۆسيقايه‌كى تيايه‌،  دواى ئه‌وه‌ى كاك قايه‌ر ( قادر زيره‌ك) كتێبه‌كه‌ى له‌كاك جيهانبه‌خش كۆيي وه‌رگرتبوو هۆنراوه‌كانى خوێندبۆوه‌و، زياترئه‌و هۆنراوه‌يه‌ى بۆم ده‌ست نيشانكردبوو، دواى چه‌ند ڕۆژێك يه‌كترمان بينييه‌وه‌، وتى باشه‌ من چى له‌و هۆنراوه‌يه‌ بكه‌م و بيده‌م به‌كێ ،

منيش وتم كاكه ‌له‌شارى هه‌ولێر  دوو پياوى جوان و دوو هونه‌رمه‌ندى به‌توانا و به‌رچاو و سه‌ركه‌وتوومان هه‌يه‌ ئه‌ويش هونه‌رمه‌ندان  ( ڕزگار خۆشناو  و وريا ئه‌حمه‌د) كه‌ هه‌ردووكيان ژه‌نيارى ( عود) ن و ئاوازدانه‌ريشن،

دواى پێشنياره‌كه‌م كاك قايه‌رهۆنراوه‌كه‌ى بردبوو بۆ لاى هونه‌رمه‌ند ( ڕزگار خۆشناو)، كاك رزگاريش به‌په‌رۆش و دڵسۆزييه‌وه‌‌ هاوكارى كردبوو ئه‌و ئاوازه‌ خۆشه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ ( ئه‌مان ساقى) دانابوو ، دواتريش هونه‌رمه‌ند ( وريا ئه‌حمه‌د) ئاوازى له‌سه‌ر هۆنراوه‌يه‌كى (نالى) به‌ناوى ( دوگمه‌ى سينه‌)بۆدانابوو.(*2)

له‌ساڵى 1978 ( تيپى مۆسيقاى سلێمانى  و تيپى هونه‌رى هه‌ولێر ) بۆئه‌نجامدانى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌ هونه‌رييه‌كانيان له‌ته‌له‌فزيۆنى ( به‌غداد) كاره‌ هونه‌رييه‌كان بۆيه‌كه‌م جار به‌شێوه‌ى ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ( ملون) تۆمارده‌كرێت، هه‌ردوو تيپه‌ جوان و سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ى كوردستان ( تيپى مۆسيقاى سلێمانى  و تيپى هونه‌رى هه‌ولێر )  چه‌ندين به‌رهه‌مى جوان و ناوازه‌يان تۆماركردبوو، له‌به‌رهه‌مه‌كانى تيپى هونه‌رى هه‌ولێر، كه‌ گۆرانيان بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك له‌و ساڵه‌دا له‌ته‌له‌فزيۆنى به‌غداد تۆماركردووه‌  وه‌ك ( حه‌مه‌ جه‌زا ، سه‌لاح محه‌مه‌د، قادر كابان ،عاره‌ب عوسمان ،سامان محه‌مه‌د ، كاوه‌ ژاژڵه‌يي ، ئيبراهيم سابير و قادر زيره‌ك )

  دواى تۆماركردنى ئه‌و گۆرانيانه‌ و بڵابوونه‌وه‌ى ده‌نگ و ڕه‌نگى هونه‌رمه‌ندان له‌ته‌له‌فزيۆن وهه‌روه‌ها به‌شێوه‌ى كاسێت له‌تۆمارگاكان،زۆر به‌زوويي ده‌نگى خۆشى هونه‌رمه‌ندان و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى تيپى هونه‌رى هه‌ولێر بووه‌ جێى ستايش و خۆشحاڵى بينه‌ران و گوێگران ،

كاك ئازاد عه‌بدولواحيد ئاماژه‌ى به‌دوا سه‌رنجى خۆى ‌دا  ،،،،، دواى بڵاو بوونه‌وه‌ى ئه‌و گۆرانييانه‌ى هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك ( دوگمه‌ى سينه‌ و ئه‌مان ساقى) وتى : كاك قايه‌ر هات بۆلام و   وتى حه‌تمه‌ن گۆرانيه‌كانت بينيوه‌و و گوێبيستى بوويت،  ئێستا چيم پێ ده‌ڵێيت : منيش پێم ووت ئێستا پێت ده‌ڵێم ده‌ستخۆش و ڕێگاى هونه‌رى خۆتت دۆزييه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌يه‌ به‌رده‌وام بيت كه‌سايه‌تى خۆت ده‌دۆزيته‌وه‌ و ده‌بيته‌ هونه‌رمه‌ندێك به‌ستايل و شێوازى ده‌نگى خۆت،  هه‌روه‌ها پێشم وت  كاشكى كه‌ئه‌و شيعره‌ى (نالى ) تان تۆماركرد ، يه‌كێكى شاره‌زا له‌ئه‌ده‌بياتى كلاسيك به‌تێكسته‌كه‌دا بچووايه‌ته‌وه‌ و فێرى بكرديتايه‌، چونكه‌ له‌گۆرانييه‌كه‌ دا وشه‌يه‌ك به‌هه‌ڵه‌ ده‌ڵێيت ( شه‌رابى له‌على ڕۆمانى ‌)  ئه‌وه‌ ڕۆمانى نييه‌ به‌ڵكو(ڕوومانى) يه‌ ، وتى ئاخ له‌كيسم چوو مه‌گه‌ر جارێكى تر تۆمارى بكه‌مه‌وه‌ ، وتم كاكه‌ هه‌ركات بيرت له‌وه‌ كرده‌وه‌ تۆمارى بكه‌يته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌يه‌ چاكبكه‌ره‌وه‌) (*3)

1

 ده‌نگى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو (قادر زيره‌ك) ده‌نگێى خۆشى كوردييه‌، كاريگه‌ر له‌سه‌ر گوێگرو بيسه‌ر داده‌نێت و به‌شێوه‌يه‌كى جوان ئه‌داى تێكست ده‌كات، ده‌نگى هاوته‌ريبه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى موزيكژه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌هونه‌رييه‌ كارى مامۆستايانى هونه‌رمه‌ندى مۆسيقايه‌.

 ده‌بێت ڕۆڵ و تواناى به‌رزى هونه‌رمه‌ندانى ژه‌نيار كه‌ هاوكارو پشتيوانى هونه‌رمه‌ندان به‌گشتى و هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك بوون به‌رز بنرخێنين و سوپاسگوزاريان بين ، ‌به‌تايبه‌ت هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار ( وريا ئه‌حمه‌د و ڕزگار خۆشناو )سه‌باره‌ت به‌و دووميلۆدييه‌ خۆش و پڕچێژه‌ى بۆ هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو قادر زيره‌كيان داناوه‌ .

 تێكستى هۆنراوه‌ى گۆرانى  ( ئه‌مان ساقى)

هۆنراوه‌ى  ( ئه‌خته‌ر) ئه‌مین ئاغای كوڕی به‌كر ئاغای كوڕی محه‌مه‌د ئاغای حه‌وێزییه ، ساڵی 1839 له گه‌ڕه‌كی به‌فری قه‌ندی له كۆیه له دایكبووه، له ساڵی 1888 له كۆیه كۆچی دوایی كردووه)

ئاوازى : ڕزگار خۆشناو        

ئه‌مان ساقى دڵى شه‌يدا ، له‌جه‌ورى ديده‌ غه‌مگينه‌

له‌نه‌شئه‌ى چاوه‌كه‌ى مه‌ستت پياڵه‌ پڕكه‌ بۆم بينه‌

فيداى چاوى سياهت بوو ، كه‌ هۆشم بووئه‌ويشم چوو

به‌تاراجى نيگاهت چوو ، ئه‌گه‌ر عه‌قڵه‌ و ئه‌گه‌ر دينه‌

له‌هيجرى قامه‌تى سه‌روت وه‌كو قومرى به‌ڕۆژ و شه‌و 

له‌باغى زينده‌گى پيشه‌م هه‌ميشه‌ ئاهوو ناڵينه‌

ئه‌گه‌ر مه‌قصوده‌كه‌ت مه‌رگى منه‌ ، فه‌رمانده‌ تا بمرم

له‌تۆم ڕوح چاو نى يه‌ ڕۆحم ، له‌به‌رچى ئه‌م ڕق و كينه‌

به‌داغى عه‌شقى ڕوخسارت وه‌ها له‌ت له‌ت بووه‌ جه‌رگم

وه‌كو لاله‌ هه‌موو ئه‌عزام به‌خوێنى ديده‌ ڕه‌نگينه‌

له‌گوێ ، قه‌ولى ڕه‌قيبان چاكه‌ نه‌گرى تاكو ڕوح ماوه‌

له‌سينه‌م خارى هيجرانت به‌ده‌ستى وه‌صڵت ده‌ربێنه‌

گوڵم سووچم چ بوو چاوه‌كه‌ت بێ ڕه‌حم و مروه‌ت بوون

ده‌خيلت بم عينايه‌ت كه‌ كه‌ _ئه‌خته‌ر _ زار و مسكينه‌

سه‌رنج /  هۆنراوه‌كه‌  (7) كۆپله‌يه‌  ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند  (6) كۆپله‌ى خوێندووه‌ دوا كۆپله‌ى نه‌خوێندووه‌ ،

هونه‌رمه‌ند قادر زيره‌ك   ده‌ڵيت (وه‌كو لاله‌ هه‌موو گيانم به‌خوێنى ديده‌ ڕه‌نگينه‌) واته‌ وشه‌ى (ئه‌عزام ) گۆريوه‌  به‌ ( گيانم )

سه‌رچاوه‌  (*1) ديدار ( هاژه‌ له‌گه‌ڵ  ئاسۆ _ محه‌مه‌د سه‌عيد نه‌جاڕ) له‌تێليگرامى  ئاسۆى شاعير

(*2 و *3) ديدار له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس  به‌ڕيز ئازاد عه‌بدولواحيد  له‌  22/12/2020

جه‌مالى ده‌لاك 

 

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.