Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 18:30

سه‌رۆکی ئیسرائیل گه‌یشته‌ ئیمارات 

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ و خانمی یەکەم، میشال هێرزۆگ لەسەر بانگهێشتی جێنیشی ئەبو زەبی، محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەردانی ئیماراتی کرد.

لە دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ بۆ یەکەم جار سەردانێکی فەرمی بۆ ئیمارات ئەنجام دا.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئیسحاق هێرزۆگ و خانمی یەکەم، میشال هێرزۆگ بەیانی ئەمڕۆ، لەسەر بانگهێشتی جێنیشی ئەبو زەبی، محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەردانی ئەبو زەبی کرد.

ئیسحاق هێرزۆگ سەردانەکەی بۆ ئیمارات بە ''گەشتێکی مێژوویی'' ناوزەند کرد و رایگەیاند ''لەسەر بانگهێشتی شەخسی جێنیشی ئەبو زەبی، محەمەد بن زاید دەچم بۆ ئیمارات و لەگەڵی کۆدەبمەوە. هیوای سەرکەوتن بۆ بن زاید دەخوازم؛ سوپاسگوزاریی سەرکردایەتییە ئازا و بوێرەکەیم کە لەگەڵ ئیسرائیلدا رێککەوتنی ئاشتیی واژوو کرد''.

لە دووەم راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئیسرائیلدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو فڕۆکەیەی هێرزۆگ-ی هەڵگرتووە کایەی ئاسمانیی سعوودیەی بەکارهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها لێدوانی فڕۆکەوانەکە بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت ''لەئێستادا لەسەر کایەی ئاسمانیی سعوودیەین. مێژوو تۆمار دەکەین. لە کاتێکی نزیکدا بەسەر ریازی پایتەختدا دەفڕین''.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لەسەر ئەو لێدوانە، ئیسحاق هێرزۆگ چووەتە ژووری فڕۆکەوانەکان و رایگەیاندووە ''بێگومان ئەمە ساتێکی زۆر کاریگەرە''.

سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ و هاوسەرەکەی میشال هێرزۆگ لە فڕۆکەخانەی ئەبو زەبی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهەیان-ەوە پێشوازیان لێکرا.

سەرۆکی ئیسرائیل بەرلە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند ''وەک سەرۆکی ئیسرائیل یەکەم سەردان بۆ ئیمارات ئەنجام دەدەم. زۆر دڵ خۆشین بەو پێشوازییە گەرمەی لە ئەبو زەبی لەلایەن وەزیری دەرەوە لێمانکرا و زۆر کاریگەری لێکردین''.

بەوەیش ئیسحاق هێرزۆگ بووە یەکەم سەرۆکی ئیسرائیل کە سەردانی ئیماراتی کردووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت لە 13ی کانوونی یەکەمی 2021دا، یەکەم سەردانی فەرمی بۆ ئەبو زەبی ئەنجام دا و لەگەڵ جێنیشی ئەبو زەبی، محەمەد بن زاید ئال نهەیان کۆبووەوە.

ئیسرائیل و ئیمارات لە 15ی ئەیلوولی 2020 دا لە کۆشکی سپی ئەمریکا رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان واژوو کرد.

روژهه‌لاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.